Smiley face
Smiley face
Smiley face

ڕاگەیەندراوێک لە یەکێتییەوە

2018-04-15 20:29:38



ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان

 

دوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە شاری هەولێر، ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوەو تێیدا باسیان لە خەباتی ڕابردوو، و ئێستای حزبەکەیان کردووەو ڕاشیانگەیاندووە، کە خۆیان کەمووکورتییەکانی خۆیان دەبینن و ڕەخنەی لێدەگرن و ڕێزیش لە لیستەکانیتر دەگرن.

 

ئەمڕۆ یەکەمین ڕۆژی بانگەشەی هەڵبژاردن بوو بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەو هۆیەوە ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لە شاری هەولێر بەسەرپەرشتی کۆسرەت ڕەسوڵ جێگری سكرتێری گشتی و بەئامادەبوونی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم و بەرپرسی زانیاری و جێگری سكرتێری ئەنجوومەنی ناوەند کۆبووە، لەدوای کۆبوونەوەکەش کەمێک لەمەوبەر ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردوە.

 

لە بەشێکی ڕاگەیەندراوەکەدا باس لە کێشە و قەیرانەکانی باشوری کوردستان کراوەو هاتووە:"سەرەڕای ئەو دۆخە نالەبارەو قەیرانە ئابووری و گوزەرانە سەختەی خەڵك، یەكێتی پێی وایە كێشەی كورد، هێندە ڕەوایە و مافەكانیشی بەشێوەیەك پێشێڵ كراوە، هیچ كوردێكی بەویژدان نییە، ئێستاش لە باشووری كوردستاندا داكۆكی لە مافە دیموكراسی و پیشەیی و یاساییەكان نەكات، هەروەكو هەموو كوردێكی ئازادیخواز لەبەشەكانی تری كوردستانیشدا سەرەڕای تێكچوونی دۆخی ناوچەكە، سوورە لەسەر مافە ڕەواو دیموكراسییەكان".

 

ئەوەش هاتووە:"یەكێتی ئامانجێتی، ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەمجارە بەشێكی برینەكان ساڕێژ بكات، نەك گەرمی تای هەڵبژاردن دەسكەوتە مەدەنییەكانیشمان لەدەست بدات، لەم ڕوانگەوە، رێز لەهەموو لیستەكان دەگرین، بەڵام مستیش لە دەروشە دەگەڕێتەوە".

 

لە راگەیەندراوەکەدا یەکێتی باسی لە چەند خاڵێکی خزمەتکردنی حزبەکەی کردووە لە باشوری کوردستان و ڕاشیگەیاندووە:"خۆتان دەزانن ئەوە یەكێتی بوو یاسای ئەحواڵی شەخسی گۆڕی و دەستەبەری مافی كرێكاران و خاوەن پرۆژەی سۆسیالە لە پەرلەماندا، ئەو یەكێتییەی هەمواركردنی یاسای سزادانی عێراقی بۆ قەدەغەكردنی كوشتنی ژنان بەناوی شەڕەف و راگرتنی ماددەی (409)، كردە بڕیاری دیموكراسی كوردستانی".

 

یەکێتی باسی لە هەماهەنگی حزبەکەی کردووە لەگەڵ پارچەکانی دیکەی کوردستاندا و ڕایگەیاندووە:"یەكێتیەكەی پشتوانی مافەكانی بەشەكانی كوردستان و پاڵپشتی كۆبانێ‌ و داواكاری  ئاشتی لەباكوور، یەكێتییەكەی چارەسەركردنی ئاشتییانەی كێشەی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان، ئەم یەكێتیەی مام جەلال و ئەو مێژووە پڕ لە سەروەرییەیە، بە دڵنیاییەوە رێگا نادات هیچ كەس و لایەك موزایەدەمان بەسەرەوە بكات، خۆمان هەڵەو كەموكوڕییەكان دەزانین و رەخنەیان لێ‌ دەگرین و نیگەرانی رای گشتی دەڕەوێنینەوە، خۆشمان لە بەرپرسیاریەتی هەڵەی هەموو كابینەكان نادزینەوە".

 

س.ح



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin