Smiley face
Smiley face
Smiley face

لەبەرامبەر داگیرکاریی دەوڵەتی تورک هەڵوێستی جدیی هاوڵاتیان دەبێتە داخواز

2018-04-16 08:43:03



ڕۆژنیوز- هاوکار مستەفا

 

هاوڵاتیان دەڵێن، دەوڵەتی تورک گەلی کوردستان جینۆساید دەکات و لەبەرامبەر ئەو جینۆسایدە و داگیرکردنی خاکی باشور-یشدا حکومەتی  هەرێم بێدەنگە، دەبێت هاوڵاتیان هەڵوێستی جدییان هەبێت.

 

دەوڵەتی تورک بەردەوامە لە فراوانخوازیی و داگیرکاریی زیاتری خاکی کوردستان و لە باشوری کوردستان دەیان کیلۆمەتر هاتووەتە ناوەوە، بە تۆپ و فڕۆکە جەنگییەکانیشی هاوڵاتیان کۆمەڵکوژ دەکات، یەکێک لەو کۆمەڵکوژییانەش هەفتەی ڕابردوو لە بادینان ڕوویدا و سێ برا بەیەکەوە شەهیدبوون، هاوڵاتیانی شارۆچکەی سەیدسادق-ی سەر بە شاری سلێمانی-ش لەوبارەیەوە لێدوان بۆ ڕۆژنیوز دەدەن.

 

ئاراس ئەحمەد، یەکێک لەو هاوڵاتیانەیە و پێیوایە، کە "نەبوونی هەڵوێستی جدیی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، هۆکارە بۆ درێژەدان بە داگیرکاریی زیاتری خاکی باشور لەلایەن دەوڵەتی تورکی فاشیستەوە".


 

ئاراس، وتیشی: ئەوەی ئێستا دەوڵەتی تورک ئەنجامی دەدات جینۆسایدی خەڵک و خاکی کوردستانە، بێهەڵوێستی حکومەتی عێراق و وڵاتانی زلهێز-یش ئەو ڕاستییە دووپات دەکاتەوە کە گەلی کورد دۆستی نییە، بۆیە گرنگە کورد سود لە ڕابردوو وەربگرێت بۆ دووبارەنەبوونەوەی ئەنفالێکی دیکە.

 

ئەبوبەکر حسێن، هاوڵاتییەکی دیکەیە و بە پلەی یەک لەناو حکومەتی هەریم-دا پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراق تۆمەتبار دەکات بەوەی "هۆکاری هێنانی هێزی سەربازیی و کردنەوەی بنکە و بارەگا و داگیرکردنی خاکی کوردستانە لەلایەن دەوڵەتی تورککەوە، لەهەمان کاتیشدا بوونەتە هۆی ئەوەی دەزگا سیخوڕییەکانی دەوڵەتی تورک بێنە ناو زۆربەی جومگەکانی ژیانی هاوڵاتیانەوە و ئاگاداری وردو درشتی ژیانی هاوڵاتیانبن، ئەوەش وایکردووە کە داگیرکەران ئاسانتر بگەن بە ئامانجەکانیان".

 

 

ئەو هاوڵاتییە، وتیشی:"دەستەڵاتدارانی هەرێم بەردەوام هەڵەکانی ڕابردوویان دووبارە دەکەنەوە و لەپێناو بەرژەوەندیی حزبی و بنەماڵەییدا دەستی داگیرکەران دەگرن بۆ هاتنیان بۆ ناوخاکی کوردستان، بۆیە دەبێت هاوڵاتیانی ئەم هەرێمە لەمە بێدەنگ نەبن و هەڵوێستی جدییان هەبێت".

 

 

ش.ف



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin