Smiley face
Smiley face
Smiley face

هیچ کەس لە مەترسیی پیسبوونی ژینگە ڕزگاری نابێت

2018-04-16 10:46:33



ڕۆژنیوز – ڕۆزە محەمەد

 

بەهۆی نەپاراستنی ژینگە لەلایەن هاوڵاتیان و گرنگیی نەدانی حکومەت، ژینگەی باشوری کوردستان مەترسیی لەسەرە، ئەم مەترسییەش لەسەر ژیانی هەموو تاکێکە و هیچ کەس ناتوانێت خۆی لێ دەرباز بکات.

          

ڕۆژی ١٦ی نیسانی هەموو ساڵێک رۆژی ژینگەیە لە هەرێمی کوردستاندا، کە لەو ڕۆژەدا چەندین چالاکی ژینگەیی ئەنجامدەدرێت و گرنگی ژینگە زیاتر بۆ هاوڵاتیان ڕوون دەکرێتەوە.

 

ژینگە چیە؟

 

ژینگە بریتییە لە سەرجەم بوونەوەرانی زیندوو و نازیندوو کە لە سەر زەوی یان بەشێکی، بە شێوەی سروشتی، بوونیان ھەیە، ژینگە بە ھاوبەشی کۆمەڵێک گیاندار و بێگیان پێک دێت.

 

پیسبوونی ژینگە ئەمڕۆ بووەتە یەکێک لەو هۆکارانەی کەئاسایشی جیهانی خستۆتە بەر هەڕەشە و مەترسییەوە، چونکە پیسبوونی ژینگە سنورە سیاسی و ئیدارییە دەستکردەکان ناناسێت و پیسبوونی پێکهێنەرەکانی لەهەر شوێنێکی دنیادا، کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر شوێنەکانی تریش لەجیهاندا.

 

ئێمەش بەشێکین لەم دنیایە و لەسەر یەک خاک دەژین و یەک چارەنووس لەگەڵ تەواوی جیهاندا کۆمان دەکاتەوە، ئەرکی سەرشانی هەر یەکەمانە بەپێی توانا هەنگاوێک بنێت لەڕێگەی پاراستن و چاککردنی ژینگە.

 

ڕووبه‌ری سه‌وزایی له‌ باشوری کوردستان کەمترە لە ستانداردی جیهانی

 

هیچ شارێکی هەرێمی کوردستان ڕێژەی سەوزاییەکەی ناگاتە ڕێژەی ستانداردی جیهانی کە ١٥%یە بەڵکو کەمتر لە ١٤%یە، بەهۆی نەکردنی دیزاینی ژینگەییەوە ڕێژەی سەوازییمان کەمە، هەروەها ئێمە دانێشتوانمان بیناکانیان بەشێوەی ئاسۆیی دەکەن و پانتایی زۆر لە خاک دەکەن بە بینا، بەڵام وڵاتان بیناکانیان بەشێوەی ستونیی(عاموودیە)یە و ڕێژەی خاکیان زۆر دەمێنێتەوە و دەیکەن بە سەوزایی.

 

پیسبوونی ژینگە:

 

پیسبوونی ژینگە کۆمەڵێک هۆکاری سەرەکیی هەیە و هیچ کام لەو هۆاکرانە لە ابسووری نکوردستان کۆنترۆڵ نەکراون، کە بریتن لە:

 

١-ده‌رهێنان و گواستنه‌وه‌ی نه‌وت.

 

- دەرهێنان و گواستنەوەی نەوت بە یەکێک لە هۆکارەکانی پیسبوونی ژینگە دادەنرێت، بەهۆی ئەوەی لەکاتی دەرهێنانیندا ڕێژەیەکی زۆر لەو گازە مەترسیدارانەی کە لە سوتەمەنیدا هەن و تێکەڵ بە خاک و ئاو و هەوا دەبێت.

 

٢- پیسبوونی ئاو و تێکه‌ڵاوبوونی ئاو و ئاوه‌ڕۆکان.

 

بریتییە لە گۆڕینی سیفەتی فیزیایی و کیمیایی و بایۆلۆجییەکانی ئاو کە بە هۆی لێچوون لە ئاوی زێراب و شلەمەنییەکان و گازەکان و تەنە ڕەقەکان و پاشماوەی زبڵ و خاشاک یان مێرووکوژ تێکەڵ بە ئاوی خواردنەوە دەبن ئیتر ئاوی ژێر زەوی بێت یان سەر زەوی، هەریەکەیان بە جۆرێک کاریگەری خۆی دەبێت جا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بێت، بە جۆرێک کە ببێتە هۆی زەرەر و زیانگەیاندن بە تەندروستی گشتی یان خزمەتگوزاری گشتی و پیشەسازی و ئابووریی.

 

٣-نه‌بوونی سیستمی دووباره‌ به‌کارهێنانه‌وه‌ی خاشاک

 

نه‌بونی کارگه‌ی دووباره‌ به‌کارهێنانه‌وه‌ی خاشاک له‌ باشوری کوردستان، کێشه‌ی گه‌وره‌ی بۆ ڕه‌گه‌زه‌ ژینگه‌ییه‌کانی ئاو و هه‌وا و خاک و ته‌نانه‌ت زینده‌وه‌رانیش دروست کردووه‌، بۆیه‌ ده‌سه‌ڵات له‌ باشوری کوردستان ده‌بێت کاری گه‌وره‌ و به‌په‌له‌ ئه‌نجامبدا بۆ دامه‌زراندنی ئه‌و کارگه‌یه‌، له‌ ڕێگه‌ی کۆمپانیای تایبه‌تمه‌نده‌وه‌ و دواخستنی ئه‌م پرۆژه‌یه‌، مه‌ترسییه‌کان له‌سه‌ر ژینگه‌ و ژیان خێراتر ده‌کا.

 

٤-زۆری ژماره‌ی ئۆتۆمبێل.

 

- ساڵانە نزیکی (30) ملیۆن ئۆتۆمبێل دروستدەکرێت، هەریەکێک لەوانە لە باشترین حاڵەت و مەرجدا رێژەیەکی گەورەی گازی ژەهراوی دەکەنە نێو ژینگەوە، بەتایبەت لە سووتانی ئەو بەنزینەی کە قورقوشمی تیادایە (وەک ئەوەی لای خۆمان) یەکێکە لە هەرە گەورەترین هۆکارەکانی پیس بونی ژینگەو هەوا، چونکە بەنزین و بەتایبەت ئەو جۆرە لە بەنزین یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن و دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و دوەم ئۆکسیدی گۆگرد و ئۆکسیدی نایترۆجین و ئۆزۆنی زەمینی دروست دەکات و ئەم گازانەش وردە وردە دەبنە هۆی دروستکردنی هەندێ نەخۆشی وەک شێرپەنجەو تەنگەنەفەسی و رەبوو و حەساسیەت و گەلێ نەخۆشی دیکە.

 

٥-زۆربوونی کارگه‌کان

 

- رۆژانە لە سەرتاسەری جیهان بە نزیکەی (80) ملیۆن بەرمیل نەوت دەستوتێنرێت، لە سەتانی هەر بڕێکیشدا رێژەیەکی گەورە لە گازە ژەهراوییەکان دەچنە بەرگە هەوای زەوی و دواتر کاریگەری خۆیان لە سەر ژینگە بە خراپی جێدەهێڵن، ئەمەش بەهۆی نەبوونی فلتەر بۆ ئەو دوکەڵەی کە کارگەکان دەیخەنە بەرگە هەواوە.

 

٦-سوتان و له‌ناوبردنی دره‌خت و ڕو‌وبه‌ره‌ سه‌وزاییه‌کان

 

-  لە هەرێمی کوردستان بەهۆی دابەش نەکردنی نەوت و سەرچاوەکانی سوتەمەنی بەسەر هاوڵاتیاندا، ڕێژەی بڕینەوەی دار و درەخت بە مەبەستی بەکارهێنانی بۆ خۆ گەرمکردنەوە لە ساڵی ڕابردوو ڕووی لە زیاد بوون کرد و ئەمەش بووەهۆی کەمکردنەوەی ڕێژەی سەوزایی.

 

٧-هه‌ڵکه‌ندنی بیری ئاو به‌نایاسایی، به‌فیڕۆدانی ئاو، دروستکردنی به‌نداو له‌سه‌ر سه‌رچاوه‌ ئاوییه‌کان له‌لایه‌ن وڵاتانی دراوسێ

 

- هەڵکەندنی بەردەوامی بیر و دروستکردنی بەنداو لەسەر سەرچاوەکانی ئاو لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە، دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ئاو و وشکبوونی ژینگەی هەرێمی کوردستان.

 

٨-کوشتن و له‌ناوبردنی ئاژه‌ڵ و باڵنده‌کان

 

-ئەگەرچی لە هەرێمی کوردستان بە یاسا ڕاوکردنی ئاژەڵ و باڵندەی کێویی قەدەغەکراوە، بەڵام یاساکە نەیتوانیوە ڕاوکردن ڕابگرێت و هەندێک لە ڕاوچییەکان بەهۆی ئەوەی خۆیان بەرپرسن یان پشت ئەستورن بە بەرپرسەکان، سروشت لە جوانیی ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکان دادەبڕێن و دەیانکوژن، زیندانیکردنی باڵندەکانیش لەناو ماڵەکان-دا دیاردەیەکی زۆر ئاساییە لەناو کۆمەڵگەدا و لە زۆربەی ماڵەکاندا قەفەسی کۆتکردنی باڵندە دەبیندرێت.

 

٩-فڕێدانی مادە پلاستیکیەکان

 

-زیانی ماده‌ پلاستیکییه‌کان زۆرن له‌سه‌ر ژینگه‌ و ته‌ندروستی مرۆڤ، به‌تایبه‌ت به‌هۆی نه‌بوونی کارگه‌ی دوباره‌ به‌کارهێنانه‌وه‌ی خاشاک، زیانی ئه‌و ماده‌ پلاستیکیانه‌ چه‌ند به‌رامبه‌ر بووه‌ته‌وه، به‌رهه‌مه‌ پلاستیکییه‌کان بەئاسانی لەشوێنێکەوە بۆشوێنێکی تردەگوێزرێته‌وە، کاتێک ئێمە به‌هۆی نه‌بوونی کارگه‌ی دووباره‌ به‌کارهێنانه‌وه‌، فڕێی ده‌ده‌ین بەئاسانی ده‌گات به‌ ئاژه‌ڵه‌کان و ده‌یخۆن، به‌هۆیه‌وه‌ شیر و گۆشته‌که‌ی ژه‌هراوی ده‌بێ و زۆرجار ئه‌و ئاژه‌ڵانه‌ به‌هۆیه‌وه‌ ده‌مرن، له‌نزیک لق و سه‌رچاوه‌ ئاوییه‌کان فڕێده‌درێت یان به‌هۆی با وه‌ ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆ ناو سه‌رچاوه‌ ئاوییه‌کان و به‌هۆیه‌وه‌ ڕه‌گه‌زی ئاو پیس ده‌کات و زینده‌وه‌ره‌کانی ناو ئاوه‌که‌، ده‌یخۆن و ده‌مرن، زۆر لەزیندەوەرە دەریاییەکان توشی نەمان و لەناوچوون بوون بە هۆی پاشماوەکانی ماددە پلاستیکیەکان، هەروەها سەدان هەزار ساڵی ده‌وێت تا له‌خاکدا شیدەبێته‌وه‌.

 

بەهۆی کۆنترۆڵنەکردنی هۆکارەکانی پیسبوونی ژینگە، ژیانی هاوڵاتیانی باشوری کوردستان لە مەترسیدایە و ئامارەکانی نەخۆشییە ترسناکەکان ساڵ بە ساڵ بەرزتر دەبنەوە.

 

بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ٢٠١٧دا چوار هەزار و ٨٠٨ توشبووی نوێی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە، لەو ژمارەیەش لە سنووری پارێزگای ھەولێر دوو ھەزار و ٨١٢ کەس تۆمارکراون و پزیشکانیش هۆکاری زیادبوونی نەخۆشییەکە بۆ پیسبوونی ژینگەی هەرێمی کوردستان بەتایبەت شاری هەولێر دەگەڕێننەوە.

 

 

ش.ف



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin