Smiley face
Smiley face
Smiley face

کۆمیسیۆن سندوقی ئه‌لیکترۆنی ده‌نگدانی نمایش کرد

2018-04-16 11:25:19



ڕۆژنیوز - سلێمانی


لقی سلێمانی کۆمیسیۆنی باڵای ھه‌ڵبژاردنه‌کانی عێراق ڕێوشوێنی ده‌نگدانی بۆ قه‌واره‌ سیاسییه‌کان و ڕێکخراواکان نمایش کرد، ڕاشیگه‌یاند که‌ سندوقی ئه‌لیکترۆنی ده‌نگدان له‌ ھه‌موو بنکه‌کاندا ده‌بێت، به‌ھۆی ئه‌و سندوقه‌شه‌وه‌ دوای سێ کاتژمێر له‌ کۆتایی ھاتنی ده‌نگدان ئه‌نجامی به‌رایی ھه‌ڵبژاردن ڕاده‌گه‌یه‌ندرێت.


کاتژمێر ١٠:٠٠ پێش نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ، لقی سلێمانی کۆمیسیۆنی باڵای ھه‌ڵبژاردنه‌کانی عێراق کۆبوونه‌وه‌یه‌کی بۆ قه‌واره‌ سیاسییه‌کان و ڕێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی و میدیاکان ئه‌نجامدا.


له‌ سه‌ره‌تای کۆبوونه‌وه‌کادا ھاوڕێ تۆفیق، به‌ڕێوه‌به‌ری لقی سلێمانی کۆمیسیۆنی باڵای ھه‌ڵبژاردنه‌کانی عێراق کۆنگره‌یه‌کی ڕۆژنامه‌نووسی ئه‌نجامدا و ڕایگه‌یاند، "ئامانجمان له‌م کۆبوونه‌وه‌یه‌ خستنه‌ڕووی ڕێوشوێنی ھه‌ڵبژاڕدنه‌ بۆ به‌شداربووان، ھه‌روه‌ھا باسکردنی چۆنیه‌تی به‌شداریکردنی قه‌واره‌ سیاسییه‌کان و ڕێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی و ڕۆژنامه‌نووسانه‌ له‌ چاودێریکردنی پڕۆسه‌ی ده‌نگدان".

 


ھاوڕێ تۆفیق، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا: سندوقی ئه‌لیکترۆنی ده‌نگدان له‌ سه‌رجه‌م بنکه‌کانی ده‌نگدان له‌ عێراقدا بوونی ده‌بێت، به‌ھۆی ئه‌م سندوقه‌وه‌ ھه‌ر دوای کۆتایی ھاتنی ده‌نگدان سه‌جه‌م ده‌نگه‌کان جیا ده‌کرێته‌وه‌ و به‌ شێوه‌یه‌کی ئه‌لیکترۆنی ده‌نێردرێت بۆ ناوه‌ندی سه‌ره‌کی کۆمیسیۆن له‌ به‌غدا، له‌و ڕێیه‌شه‌وه‌ ده‌تواندرێت دوای سێ کاتژمێر له‌ کۆتایی ھاتنی ده‌نگدان ئه‌نجامی به‌رایی ده‌نگدان ڕابگه‌یه‌ندرێت.


ڕۆژی ١٢ى ئایارى ئه‌مساڵ پڕۆسه‌ی ده‌نگدان له‌ عێراق به‌ڕێوه‌ده‌چێت بۆ ھه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و ئه‌نجومه‌نی پارێزگاکان، پارێزگای سلێمانی ١٨ کورسی بۆ دیاری کراوه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، تا ئێستا ٦٢٪ ی ده‌نگده‌رانی سلێمانی ناویان له‌ تۆماری بایۆمه‌تری تۆمار کردووه‌، له‌ ئێستاشدا تۆماری بایۆمه‌تری ڕاگیراوه‌ و به‌و پێیه‌ش له‌ پارێزگای سلێمانی ٦٢٪ی ده‌نگده‌ران مافی ده‌نگدانیان ھه‌یه‌.


ک.ک
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin