Smiley face
Smiley face
Smiley face

سه‌رۆکی شاره‌وانیی جنێڤ: گه‌شتکردن بۆ تورکیا پشتیوانیکردنه‌ له‌ شه‌ڕ

2018-04-16 13:09:21



ڕۆژنیوز ـ ناوه‌ندى هه‌واڵه‌کان


رێمی په‌گه‌نی سه‌رۆک شاره‌وانیی جنێڤ ده‌ڵێت، گه‌شتکردن بۆ تورکیا واتا پشتیوانیکردن له‌ شه‌ڕ، ئه‌و داواى کرد، خه‌ڵک بۆ گه‌شت و پشوو نه‌چن بۆ تورکیا بۆ ئه‌وه‌ی نه‌بنه‌ پارچه‌یه‌ک له‌ هاوبه‌شیکردنی شه‌ڕ.


رێمی په‌گه‌نی سه‌رۆک شاره‌وانیی شاری جنێڤی سویسرا، دوێنێ له‌ کاتى پشتوانیکردن له‌ که‌مپه‌ینی بایکۆتکردنی که‌رتی گه‌شتیاریی تورکیا قسه‌ى کرد و داواى ئه‌وه‌ى کرد گه‌شت بۆ تورکیا نه‌کرێت.


په‌گه‌نی ڕایگه‌یاند: ڕژێمی ئه‌ردۆغانی دیکتاتۆر ڕۆژ به‌ ڕۆژ خۆی به‌هێز ده‌کات، بۆیه‌ کاریگه‌رترین ڕێگا بۆ پێشگرتن له‌ ڕژێمه‌که‌ی ئه‌ردۆغان بایکۆتکردنی که‌رتی گه‌شتیاریی تورکیایه‌.


سه‌رۆکى شاره‌وانى جنێڤ ڕاشیگه‌یاند: تورکیا له‌ سه‌رکوتکاریی و شه‌ڕ له‌ ناوخۆی وڵاته‌که‌ی تێر نابێت و ئێستاش له‌ ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌کانی شه‌ڕ له‌ دژی کورد ده‌کات، نابێت له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و شه‌ڕه‌دا بێده‌نگ بین، جێگه‌ی نیگه‌رانییه‌، که‌ تا ئێستا هیچ سزایه‌کی ئابووری به‌سه‌ر تورکیادا نه‌سه‌پێندراوه‌.


وتیشى: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی نه‌سه‌پاندنی سزای ئابووری به‌سه‌ر تورکیادا جێگای په‌سه‌ند نییه‌، به‌ ناوی په‌نابه‌رانیشه‌وه‌ هاوکاری ده‌کرێت، من ئه‌و دۆخه‌ زۆر به‌ قێزه‌ون و ترسناک ده‌زانم.


ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: پێویسته‌ بۆ پێشگرتن له‌ به‌هێزبوونی ڕژێمه‌که‌ی ئه‌ردۆغان که‌رتی گه‌شتیاریی تورکیا بایکۆت بکرێت، ده‌بێت سیاسییه‌کان و شاره‌وانییه‌کانی ئه‌وروپا، کار بۆ ئه‌وه‌ بکه‌ن هاوڵاتییان که‌رتی گه‌شتیاریی تورکیا بایکۆت بکه‌ن و بۆ ئه‌وه‌ش ڕاگه‌یاندراو بڵاوبکه‌نه‌وه‌ و هاوڵاتیان هۆشیار بکه‌نه‌وه‌.


باسى له‌وه‌ش کرد: پێشتر گه‌لانی ئه‌وروپا که‌رتی گه‌شتیاریی ئیسرائیل-یان بایکۆت کردبوو، ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی له‌و کاته‌دا له‌ دژی ئیسرائیل نیشاندرا ئه‌رێنی بوو و کاریگه‌ریی خۆی دروستکرد، پێویسته‌ ئه‌مڕۆش هه‌مان شێواز و به‌ هه‌مان بڕواوه‌وه‌، که‌رتی گه‌شتیاریی تورکیا بایکۆت بکرێت، ده‌بێت گه‌لانی ئه‌وروپا چاوه‌ڕوانی حکومه‌ته‌کانیان نه‌که‌ن و خۆیان ڕاسته‌وخۆ سزای ئابووری به‌سه‌ر تورکیادا بسه‌پێنن، چونکه‌ پێویسته‌ ئێستا گه‌ل بۆخۆی و ڕاسته‌وخۆ ده‌وڵه‌تی تورک بایکۆت بکات، گرنگه‌ له‌ گه‌شت و پشووشدا شوێنگره‌وه‌ی تر بدۆزنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی نه‌بنه‌ یارمه‌تیده‌ر بۆ ئابووریی تورکیا.


رێمی په‌گه‌نی سه‌رۆک شاره‌وانیی جنێڤ، ئه‌وه‌شى وت: داوا له‌ هاوڵاتیانی سویسرا و ئه‌وروپا ده‌که‌م نه‌چن بۆ تورکیا.، نابێت ئه‌وه‌یان له‌ بیر بچێت، که‌ هه‌ر گه‌شت و سه‌ردانێکیان بۆ تورکیا ده‌بێته‌ یارمه‌تیده‌ر بۆ ئابووریی تورکیا. ئه‌وه‌ش به‌ مانای ئه‌وه‌ ده‌ێت که‌ هاوکاریی تورکیا ده‌که‌ن له‌ شه‌ڕی دژ به‌ کورد دا، یارمه‌تیدانی ئابووریی ئه‌ردۆغان هه‌م به‌ مانای به‌هێزکردنی ڕژێمه‌که‌ی ئه‌ردۆغان و هه‌م به‌ مانای پشتیوانیکردنی نێوده‌وڵه‌تییه‌ له‌ هێرشی تورکیا له‌ دژی کورد له‌ ڕۆژئاڤا.


ک.ک
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 RojNews. Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin