Smiley face
Smiley face
Smiley face

گەرمیان پێویستی بە نەخۆشخانەیەکى دەروونیى هەیە

2018-04-17 10:36:09



ڕۆژنیوز ـ هاوڕێ و بۆتان  


بە پێی ئامارێک، ساڵی ڕابردوو لە گەرمیان ٢٠٠ کەس توشی نەخۆشی دەروونیى بوون، بۆ ئەوەش نەخۆشخانەیەکی دەروونی بۆ گەرمیان بە پێویست دەزانرێت. 


تا ئێستا لە گەرمیان نەخۆشخانەیەکی دەروونیی بوونی نییە، ئەوەش وای کردووە ئەو کەسانەی توشی نەخۆشی دەبن ڕوو لە شارەکانی سلێمانی و هەولێر بکەن.


بە پێی ئامارێکی سەنتەری خۆپاراستنى دەروونى کەلار، لە ماوەى ساڵی ٢٠١٧دا  لە گەرمیان ٢٠٠ کەس توشی نەخۆشی دەروونیى جۆراوجۆر بوونە، وەک خەمۆکى، نەخۆشی نیشانەیی و نەخۆشی دڕێژخایەن.


لەمیعە محەمەد، بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتى بەرەنگاربونەوەى توندوتیژی دژی ئافرەتان لە گەرمیان، بۆ ڕۆژنیوز وتى: زۆر پێویستە نەخۆشخانەیەکى ستانداردى نێودەوڵەتى دەروونى هاوشێوەى نەخۆشخانەى سۆزى دەروونى لە سلێمانى، لە گەرمیان دروست بکرێت، بۆ چارەسەری ئەو کەسانەی توشی نەخۆشیی دەرونیی دەبن، هەروەها ئەو کەسانەى توندوتیژییان بەرامبەر دەکرێت یا بە توندوتیژی هەڵدەستن.

 


باسی لەوەشکرد: ئەو کەسانەش کە دەیانەوێ خۆیان بسوتێنن یا بکوژن، پێوسیتە بنیردرێنە ئەو نەخۆشخانە دەروونییە و چارەسەری تەواویان بۆ بکرێت، بۆ ئەوەى جارێکى تر پەنا بۆ ئەو دیاردەیە نەبەنەوە، تا ڕووداوێکی خراپی لێنەکەوێتەوە، ئێمە وەک بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی بە تەنها ناتوانین کۆتایی بە کێشە دەروونییەکان بهێنین.


سەنگەر حەمید، توێژەری دەروونى، بۆ ڕۆژنیوز وتى: بەپێی ئەو بەدواداچونانەى ئێمە دەیکەین، ڕێژەیەکى زۆری هاوڵاتیان نەخۆشى دەروونیان هەیە و لەبەر نەبوونى جێگایەکى باش بۆ چارەسەر ڕوو دەکەنە شارەکانى  تری هەرێمى کوردستان، چونکە لە گەرمیان  نەخۆشخانەیەکى حکومى تایبەت بە دەروونى نییە، ئەوەی هەیە چەند بنکەیەکى ئەهلین و وەک پێویست نین بۆ چارەسەرکردنى نەخۆش، بەداخەوە ئەمەش گرفتى دروستکردوە. 

 


وتیشی: زۆری جۆری توندوتیژییەکان ڕووى لە زیادبوون کردووە، ئەگەر بێت و نەخۆشخانەیەکى دەروونى هەبێت، دەتوانین بە چارەسەری دەروونى، ئەو کەسانەى توشی توندوتیژی دەبن هێمن بکرێنەوە و دووربخرێنەوە لە توندوتیری، بوونى ئەو نەخۆشخانەیە وا دەکات، کێشە و گیر و گرفتە دەروونیەکان ڕوو لەکەم بونەوە بکەن و توندوتیژییەکان کەمتر بن. 


ک.ک
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin