Smiley face
Smiley face
Smiley face

به‌ڕێوه‌به‌رى سیده‌کان: تورکیا چه‌ندین بنکه‌ى سه‌ربازیی لە ناوچەکە دروستکردوه‌

2018-04-17 12:37:30



ڕۆژنیوز - زاهیر ئیبراهیم


ئیحسان چه‌له‌بى، به‌ڕێوه‌به‌رى شاره‌دێى سیده‌کان ده‌ڵێت، سوپاى تورک چه‌ندین بنکه‌ى سه‌ربازیی بچوک و گه‌وره‌ى دروستکردوه‌ و ڕێگه‌ نادات هاوڵاتیان له‌و ناوچانه‌ نزیک ببنه‌وه‌.


هێرشه‌کانى سوپاى تورک بۆ سه‌ر گونده‌کانى سنورى سیده‌کان سه‌ربه‌ پارێزگاى هه‌ولێر به‌رده‌وامه‌ و به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ زیانێکى گیانى و مادیی به‌ر هاوڵاتیان که‌وتووه‌، له‌ ئێستادا ئاژه‌ڵدار و جووتیاره‌کانی هه‌ریه‌ک له‌ گونده‌کانی خه‌لیفان و لێلکان و به‌رمیزه‌ و چه‌ندین گوندی دیکه‌، ڕووبه‌ڕووی گرفت بوونه‌ته‌وه‌ و له‌لایه‌ن سوپای تورک ڕێگه‌یان پێنادرێت کاری کشتوکاڵی و ئاژه‌ڵداریی بکه‌ن.


ئیحسان چه‌له‌بی، به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌دێی سیده‌کان، بۆ ڕۆژنیوزی باسى هێرشه‌کانى ده‌وڵه‌تى تورکى کرد و وتی: له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م ساڵه‌وه‌ ده‌ڤه‌ری سیده‌کان به‌ شێوه‌یه‌کی چڕ له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی تورکیا بۆردوومان و تۆپباران ده‌کرێت، ئه‌مه‌ش زیانی گیانیی و مادیی هه‌بووه‌، وه‌ک ده‌زانن له‌ چه‌ند ڕۆژی ڕابردووشدا به‌شێک له‌ هاوڵاتیانی گونده‌کانی لێلکان و خه‌لیفان و خنێره‌ و کانیه‌ڕه‌ش بۆ ماوه‌ی دوو ڕۆژ ئاواره‌ بوون.

 


له‌ باره‌ى مه‌ترسى چۆڵبوونى گونده‌کان، چه‌له‌بى وتى: له‌ ئێستادا دانیشتوانی ئه‌و گوندانه‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ ماڵه‌کانیان، به‌ڵام ڕووبه‌ڕووی فشار و ترسی زۆر بوونه‌ته‌وه‌ و به‌هۆی ترسی سوپای تورک و فڕۆکه‌کان ناتوانن وه‌ک  پێویست له‌ ماڵه‌وه‌  بێنه‌ ده‌ره‌وه‌، چونکه‌ له‌گه‌ڵ دروستبوونی هه‌ر جموجۆڵێک، ده‌ستبه‌جێ فڕۆکه‌ی چاودێری ده‌گاته‌ ئه‌و شوێنه‌.


چه‌له‌بی ئه‌وه‌شى وت: هاوڵاتیان دووچاری به‌ربه‌ستی سوپای تورکیا بوونه‌ته‌وه‌، چونکه‌ ده‌یانه‌وێت ڕوو له‌ که‌ژوکێوه‌کان بکه‌ن و گژوگیا به‌هارییه‌کان کۆبکه‌نه‌وه‌، هه‌روه‌ها ئاژه‌ڵه‌کانیان بله‌وه‌ڕێنن، به‌ڵام لێیان قه‌ده‌غه‌ کراوه‌.


به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌دێی سیده‌کان، ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: تورکیا له‌ ده‌شتی هێرت و به‌رمیزه‌ و کانیه‌ڕه‌ش چه‌ندین بنکه‌ی سه‌ربازیی بچوک و گه‌وه‌ری دروست کردووه‌، که‌ ڕێگه‌ ناده‌ن خه‌ڵک له‌م ناوچانه‌ نزیک بێته‌وه‌.


چه‌له‌بى وتیشى: داوکارین فشاری جدی بخرێته‌ سه‌ر تورکیا بۆ ڕاگرتنی تۆپباران و بۆردوومانه‌کان، که‌ زۆرجار تورکیا بۆردوومانی چه‌ند شوێنێک ده‌کات که‌ هیچ پێگه‌یه‌کی په‌که‌که‌ی لێنیه‌.


ک.ک


 


 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin