Smiley face
Smiley face
Smiley face

کەجەکە: کۆمەڵگەی ئێزدی هۆشیاربووەتەوە و خۆی ڕێکخستووە

2018-04-17 13:29:48



ڕۆژنیوز - ناوەندی هەواڵەکان


کۆما جڤاکێن کوردستان-کەجەکە پەیامێکی بۆ پیرۆزکردنی جەژنی چوارشەممە سوور بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، کە گەلی ئێزدی لە چەند ساڵی ڕابردوودا بە هیوا و جۆشێکی گەرمەوە جەژنی چوارشەممەسووری پیرۆز کردووە و ئەوەش زۆر بەواتایە.


ئەمرۆ کۆمیتەی گەل و باوەڕەکانی کۆما جڤاکێن کوردستان- کەجەکە، بەبۆنەی جەژنی چوارشەممە سووری ئێزدییەکانەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە.


لە پەیامی کەجەکەدا هاتووە: گەلی ئێزدی بەهۆی باوەڕەکانیانەوە نوێنەرایەتی بەهای کۆنی گەلی کورد دەکەن، لە پاش فەرمانی ساڵی ٢٠١٤-ەوە کۆمەڵگای ئێزدی هۆشیاربووەتەوە و خۆی ڕێکخستووە، بە شێوەیەک کە ئێستا خۆی بەڕێوەدەبات و بەرگری لە خۆی دەکات، ئەوە یەکەم هەنگاوی سەرکەوتنە بۆ ئێزدییەکان، جەژنی چوارشەممە سووری ساڵی ٢٠١٨ بەراورد بە جەژنی ساڵانی ڕابردوو جیاوازە.


لە پەیامەکەدا ئەوەش هاتووە: لە سەردەمێکی گرنگی تێکۆشانمانداین، ئەوەی کە لە ئێستادا گەلی ئێزدی دەتوانێت خۆی بەڕێوەببات و بەرگری لە خۆی بکات، گەورەترین وەڵامە بۆ فاشیزمی ئەردۆغان، ئەردۆغان و چەتەکانی داعش دەیانویست ئێزدییەکان لە خاکی خۆیان دەربکەن و بەو شێوەیە گەلی ئێزدی لە ناو ببەن، ئێستا داعش ڕوو لە لەناوچوونە و ئەردۆغانیش کە هەوڵدەدات لە ناکۆکییەکانی نێوان ڕوسیا و ئەمریکا سوود وەربگرێت و حکومەتەکەی درێژبکاتەوە تووشی هەمان نەخۆشیی عوسمانییەکان بووە، بەڵام گەلی ئێزدی بە ئیرادەی خۆی و ڕێکخستنی گەنجان و ژنان بە سەربەرزییەوە لە سەر پێیە، بەبۆنەی ئەو جەژنەوە یادی هەموو ئەو شەهیدانە دەکەینەوە کە گەلی ئێزدییان لە کۆمەکوژبوون ڕزگارکرد و سەری رێز لە بەرامبەریاندا دادەنەوێنین.


لە بەشێکی دیکەشدا ڕاگەیەندراوە: لە ساڵی ٢٠١٨دا گەلی ئێزدی بە مەترسی کەمترەوە جەژنی چوارشەممەسوور پیرۆزدەکەن، یەکەم جارە کە ئێزدییەکانی باشوری کوردستان بە حزبی خۆیانەوە بەشداری هەڵبژاردنەکانی عێراق دەبن، هیوادارین جەژنی چوارشەممە سووری ئەمساڵ، ببێتە هۆیەک بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتنی گەورەتر بۆ کۆمەڵگای ئێزدی.


لە کۆتایی پەیامی کەجەکەدا هاتووە: جەژنی چوارشەممەسوور جەژنی پیرۆزکردنی خولقاندنی جیهانە، گەلی ئێزدی پاش ساڵانێکی درێژ بە باوەڕ و ئیرادەی خۆیان ئازادانە لە سەر خاکی خۆیان دەژین، ئەوەش هیوایەکی گەورەیە بۆ هەموو ئێزدییەکان، واتای کوردبوون جارێکی دیکە بۆ ئێزدییەکان گەڕاوەتەوە، ئێمەش هەر بەو هیوا و ئامانجانەوە جەژنی چوارشەممەسوور پیرۆزدەکەین و بەڵێنمان دووپات دەکەینەوە کە بۆ ئەو ڕێبازەی هەڤاڵانمان گیانیان تێدا بەخت کرد تێبکۆشین و تێکۆشانمان بەرفراوان بکەینەوە.


ک.ک
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin