Smiley face
Smiley face
Smiley face

ڕۆژهەڵات، مانگرتنی گشتیی بەردەوامە

2018-04-21 10:28:10



ڕۆژنیوز - ناوەندی هەواڵەکان

 

دووکانداران و کاسبکارانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێدەنێنە حەوتەمین ڕۆژی مانگرتنی گشتی و داخستنی دووکان و بازاڕەکان، پارێزگاری سنەش دەڵێت، کە دەبێت سنوورەکان بکرێنەوە.

 

ئەمرۆ حەوتەمین ڕۆژی داخستنی دووکان و بازاڕەکانە لە شارەکانی جوانڕۆ، بانە، مەریوان، بۆکان، مەهاباد، سەقز، سەردەشت و پیرانشارە و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ مانگرتنەکە بەرفراوانتر دەبێتەوە.

 

مانگرتنەکە بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بە داخستنی سنوورە کۆڵبەرییەکان و هەروەها بەرزبوونەوەی نرخی باج و گومرک بە دەستپێشخەریی کاسبکاران و دووکاندارانی شارەکانی بانە و جوانڕۆ پێش حەوت ڕۆژ دەستیپێکرد.

 

هاوڵاتیانی کورد لەو شارانەدا هەموو ڕۆژێک لە بەردەم قائیمامییەتی شارەکانیادا گرددەبنەوە و بە ڕاخستنی سفرەی بەتاڵ دەرئەنجامی سیاسەتە هەڵەکانی حکومەتی ئێران لە کوردستان پیشان دەدەن.

 

حکومەتی ئێڕان لە یەکەم کاردانەوەیدا بەرامبەر بەو مانگرتنە لە چوارەمین ڕۆژی مانگرتنەکەدا، سەعید جەلیلی، نوێنەری عەلی خامنەیی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ناردە بانە، بەڵام هاوڵاتیانی بانە ناڕەزاییان دەربڕی لە بەرامبەر هاتنیدا، شوێنی قسەکردنەکەیان بەجێهێشت و چەند کەسێکیش بە نوێنەرایەتی لە خەڵک لە بەرامبەریدا قسەیان کرد.

 

یادگار سادقی، یەکێک لەو کاسبکارە گەنجانە بوو کە لە کاتی قسەکانی جەلیلیدا دەنگی ناڕەزایی خەڵکی هەڵبڕی و وتی، کە لە سەر سنوورەکان منداڵان دەکوژرێن و بە داخستنی سنوورەکان نانی خەڵک بڕاوە، ئێمە چیدی ناترسین و ئەگەر پێویست بێت بۆ خانەوادەکەم لە سەربازێکەوە تا بەرزترین فەرماندەکانیش دەکوژم.

 

یادگار سادقی ڕۆژێک پاش ئەو قسانەی ڕفێندرا و بێ سەروشوێن کرا، هێشتا هیچ زانیارییەک لە بارەیەوە لە دەست دا نییە.

 

دوێنێ پەرەمانتاری سەردەشت لە پەرلەمانی ئێران لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ماڵی میلـلەت هۆشداری دابووە حکومەتی ئێڕان و وتبووی، کە بە هۆی داخستنی سنوورەکانەوە ٨٠ هەزار کۆڵبەر و شەش ملیۆن کاسبکار بێکاربوون و سیاسەتە هەڵەکانی حکومەت لە کوردستان ناوچە سنوورییەکانی کردووەتە بۆمبێکی تەوقیت کراو، کە هەموو ساتێک ئەگەری تەقینەوەی هەیە.

 

هاوکات ئەمڕۆ بەهمەن مورادنیا، پارێزگاری سنە لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی ئیسنای ئێڕانی ڕایگەیاندووە، کە هەموو بەربەستەکان بۆ کردنەوەی سنوورە کۆڵبەرییەکانمان لابردووە و ئەنجامی دانیشتنەکانمان بە زوویی بە ڕایگشتی  ڕادەگەیەنین، پێویستە سنوورەکان بکرێنەوە.

 

بەڵام خەڵک دەڵێن، کە چیدی باوەڕ بە بەڵێنەکانی بەرپرسانی حکومەتی ئێران ناکەن و بەردەوام دەبن لە مانگرتنەکەیاندا تا کاتی کردنەوەی سنوورەکان.

 

هەر ئەمڕۆ ژمارەیەک لە هاوڵاتیانی دەڤەری هەورامانی کە دەکەونە سنووری شاری مەریوانەوە ڕایانگەیاندووە، کە ڕێگاکانی بەرەو دەروازەی سنووریی باشماخ دەگرن و ڕێگانادەن بارهەڵگرەکان لەو سنوورەوە بەرەو باشوری کوردستان تێپەڕبن.

 

جێگای ئاماژەیە، کە لەگەڵ بەردەوامبوون و بەرفراوانتربوونەوەی مانگرتنەکە، هەڕەشەکانی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر مانگرتووانیش زیاتریان کردووە و پێدەچێت ڕەشبگیرییەکانی حکومەتی ئێڕان بۆ کۆتاییهێنان بە مانگرتنەکە دەستپێبکات.

 

 

س.ح



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin