Smiley face
Smiley face
Smiley face

یەکێتی هۆشداریی دەدات

2018-04-23 18:59:14



ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان

 

مەکتبی سیاسیی یەکێتی ڕایدەگەیەنێت: بەردەوامبوون لەسەر سیاسەتی زەوتكردنی مافی ئازادیی سیاسیی لایەنەكان لە ناوچانە دابڕێندراوەکان، گومانێكی زیانبەخشی لای ڕایگشتیی ئەو ناوچانە دروستكردووە و بەدوریشی نازانین ڕووداوی زیانبەخشی لێبكەوێتەوە.

 

ئێوارەی ئەمڕۆ، مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، لەبارەی دۆخی حزبە کوردستانییەکان لە ناوچە دابڕێندراوەکان، پەیامێکی ئاراستەی سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق کرد.

 

لە پەیامەکەی یەکێتیدا هاتووە: لەكاتێكدا، وردە وردە ئومێدی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان عێراق‌ و هەرێمی كوردستان زیاتر دەبێت ‌‌و هەنگاوی باشیش لەو پێناوەدا نراوە، كەچی بەداخەوە لەدوای ڕووداوەكانی 16/ی ئۆكتۆبەرەوە، كە زیاتر لە ٦ مانگە، لە كەركوك، خانەقین، شەنگال، جەلەولا، سەعدیە، قەرەتەپە و ناوچەی دیکەش، هێشتا دەسەڵاتی عەسكەری‌ و ئەمنیی، ڕێگا نادەن، بارەگای حزبە كوردستانییەكان، كە حزبی ڕەسمی ‌و یاسایین، بكرێتەوە.

 

هەروەها، هاتووە: تەنانەت لەم هەڵمەتی هەڵبژاردنەشدا، هێشتا فشاری نادەستووری لەسەر هێزە كوردستانییەكان هەیە، لە زۆر شار و شارۆچكەدا، ماڵی بەرپرس ‌و كادرانی لایەنە كوردستانییەكانیش داگیركراون.

 

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا، مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، دەڵێت: سەپاندنی دەسەڵاتی عەسكەری ‌و ئەمنیی، پێچەوانەی دەستوور و ڕێسای پەیوەندییەكانمانە، بەردەوامبوونیش لەسەر سیاسەتی زەوتكردنی مافی ئازادیی سیاسیی لایەنەكان لەو ناوچانەدا، گومانێكی زیانبەخشی لای ڕایگشتیی ناوچە كێشەلەسەرەكان دروستكردووەو بەدوریشی نازانین ڕووداوی زیانبەخشی لێبكەوێتەوە.

 

لەکۆتایی پەیامەکەدا، یەکێتی داوا لە سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق دەکات، کە بەزووترین كات بڕیاری چارەسەرکردنی "ئەو كێشە یاسایی ‌و مافە سیاسییە بدەن".

 

ب.ل



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin