Smiley face
Smiley face
Smiley face

وەرزی کەلانەش بەرەو کۆتایی دەچێت

2018-04-24 08:05:15



ڕۆژنیوزـ سەمیرا شەهابی

 

بازاڕ بە هاتنی گەرما و وەرزی تاقەت پڕوکێنی هاوین، بە خواردەمەنییە فێنکەکان تابلۆیەکی دیکە دروست دەکات و ئیدی هاواری فرۆشیاری ساردەمەنی و دۆندرمە شوێنی کەلانەی گەرمی ژێر باران و ڕەشەبای زستان دەگرێتەوە و وەرزی کەلانەش بەرەو کۆتایی دەچێت.

 

کەلانە، پێکهاتەیەکە لە هەویر و تەڕە پیاز، بەڵام خواردنێکی ناسراو و بە تامی کوردەوارییە، تەنانەت بەشێکە لە بیرەوەری ژنان و پیاوانی بە تەمەن، ئەگەرچی شارستانیەت تەنگی بە کلتورە کۆنەکان هەڵچنیوە، بەڵام نەیتوانییوە جوانییەکانی کوردەوارییمان لەلا کاڵ بکاتەوە و بۆن و تامی خواردنە خۆشەکانمان لێبستێنێتەوە.

 

جاران، تەنها لە کۆڵانەکان و ماڵەکانەوە دەتواندرا هەست بە بۆنی خواردنە کۆنەکان بکەین و بە تێپەڕ بوون بە لای ئەو ماڵانەی هێشتا لە بوونی داپیرە و باپیرە بێبەش نەبوون، ڕابردوو و سەردەمی منداڵیی زۆر کەس دەژیایەوە، بەڵام ئێستاکە کاتێک دەچیتە ناو قەڕەباڵغیی و ژاوەژاوی شار، نەک تەنیا بۆنی گوڵ و گیای بەهاری بەڵکو، بۆنی کەلانەش تێکەڵاو بە پیاز و ڕۆنی خۆماڵی پەڕه بە پەڕەی ساتەکانی ڕابردوومان بۆ هەڵدەداتەوە.

 

 

ئەم خواردنە سادەیە، داهێنانێکی دەستی دایکانە و جگە لە پێکهاتەکانی تێکەڵاویشە بە خۆشەویستی و میهرەبانیان، سەرنجڕاکێشتر لەوە، لە ڕۆژی ئەمڕۆدا پیاوانیش بە سود وەرگرتن لەو ئەزموونە و داهێنانەی دایکان، بژێویی ڕۆژانە و ژیانیان بە دروستکردن و فرۆشتنی کەلانە دابین دەکەن، بە ڕادەیەک بووەتە سەرچاوەی ئابووریی زۆر کەس لە وەرزی سەرما و بەهاراندا.

 

زانا لەتیف، تەمەن ۲۷ساڵە و خەڵکی شاری سلێمانییە و ماوەی دوو ساڵە بە عارەبانەکەی بە زستانان کەلانە فرۆشتن و هاوینان پێڵاوفرۆشیی دەکات، وتی: مووچەخۆر نیم تا پشت بەستوو بە دەرامەتێکی مانگانە ژیانم بەڕێوە ببەم، بۆیە ئەم کارە دەکەم.

 

 

وتیشی: ڕۆژانە هەویرەکەی لە نانەوخانەکان بە ئامادەیی دەکڕم و نزیکەی حەفتا کەلانە دەفرۆشم، زۆرجار خەڵک لە ڕێگای دوورەوە دێتە لام بۆ کڕین و خواردنی کەلانە.

 

ئێستاکە ئەو جۆرە خواردنەی کە تەنها ژنان، خاوەنی بوون، گواسترەوەتەوە بۆ دەستی پیاوان، ئەو پیاوەی کە دەڵێت ژنان لاوازن و توانای کاریان نییە، بە سود وەرگرتن لە ئەو ئەزموونە وەک پیشەیەکی ڕۆژانە بژێوی ژیانیانی پێ پەیدا دەکەن.

 

ش.ف



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin