Smiley face
Smiley face
Smiley face

ئەمڕۆش پۆلیسی پاسەوانیی خۆپیشاندانیان ئەنجامدا

2018-04-24 11:31:47



ڕۆژنیوز - هاوڕێ کرێکار

 

جارێکی دیکە پۆلیسی پاسەوانی بارەگا حکومی و حزبییەکان لە شارۆچکەی کەلار، دژ بە هاوتانەکردنی مووچەکانیان بە هێزەکانی دیکەی وەزارەتی ناوخۆ، خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.

 

بەیانی ئەمڕۆ، پۆلیسی پاسەوانانی بارەگا حکومی و حزبییەکان، لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، لەبەردەم بارەگای حزبی شیوعییەوە بە ڕێپێوان چوونە بەردەم ئیدارەی گەرمیان.

 

دوای گەیشتنیان بە بەردەم ئیدارەی گەرمیان، خۆپیشاندەران داوایانکرد کە سەڵاح کوێخا، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان ببینن، بەڵام نە سەرپەرشتیار و نە جێگرەکەی بەبیانووی نەهاتن بۆ دەوام ئامادەنەبوون بەدەم داواکارییەکانیانەوە بچن، بەوهۆیەشەوە خۆپیشاندەران چوونە نێو بینای ئیدارەی گەرمیان و دوای مانەوەیەک لە مانەوەیان بەبێ وەڵامی هاتنە دەرەوە.

 

پاشان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا، هۆشیار فاتیح، وەک نوێنەری خۆپیشاندەران، یاداشتێکی بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن خوێندەوە و وتی: ماوەی زیاتر لە سێ ساڵە ٦٥% ی مووچەکانمان پاشکەوت دەکرێت، لەکاتێکدا ئەمە دووەم جارە پاشکەوتی مووچەی هێزەکانی دیکەی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ دەستکاری دەکرێت، بەڵام ئێمەی لێ بێبەشدەکرێت.

 

وتیشی: داوا دەکەین مووچەکانمان هاوتای مووچەی هێزەکانی دیکەی وەزارەتی ناخۆ بکرێت، لە ئەنجامی وەڵامنەدانەوە و جێبەجێنەکردنی داواکانمان، هەر گرژی و ئاڵۆزییەک دروستبێت، بەرپرسیارێتییەکەی دەخەینە ئەستۆی حکومەت.

 

لەناوەڕاستی ئەم مانگەدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان، هاوشێوەی دەستکاریکردنی مووچەی فەرمانبەرانی وەزارەتەکانی دیکە، بڕیاری دەستکاریکردنی مووچەی هێزەکان وەزارەتی ناوخۆیدا، لە  ۳۰% بۆ ۱۰%، بەڵام پۆلیسی پاسەوانی بارەگا حکومی و حزبیەکان لەو بڕیارە بێبەشکران، ئەمەش ناڕەزایەتیی ئەو توێژەی بەدوای خۆیدا هێنا.

 

 

ب.ل



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin