Smiley face
Smiley face
Smiley face

"گژوگیا سروشتییه‌کان ده‌رمانى چاره‌سه‌رى نه‌خۆشیین"

2018-04-26 09:54:43



ڕۆژنیوز – جیهاد هه‌ورامی


پسپۆڕێک باس له‌وه‌ ده‌کات، که‌ به‌کارهێنانى گژوگیا سروشتییه‌کان ده‌رمانى چاره‌سه‌رى نه‌خۆشییه‌کانن، باس له‌وه‌ش ده‌کات، به‌هۆی که‌م به‌کارهێنانى گژوکیاى سروشتى له‌م سه‌رده‌مه‌دا و وێڕای پێشکه‌وتنی ته‌کنه‌لۆجیاش، نه‌خۆشییه‌کان زیاتر بوون.


هه‌ڵکه‌وته‌ی جوگرافی کوردستان وایه‌ که‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌ به‌ گژوگیای سروشتی و به‌ شێوه‌یه‌کی ئاسانیش هاوڵاتیان ده‌ستیان پێده‌گات، به‌ڵام زۆربه‌ى خه‌ڵک ڕوو له‌ به‌کارهێنانى داووده‌رمانه‌ کیمیاییه‌کان و خواردنه‌ به‌ستوه‌کان ده‌که‌ن.


ئه‌و سود و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی که‌ له‌ گژوگیا و خۆراکه‌ سروشتییه‌کاندا هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر هه‌موان به‌ شێوه‌ی ته‌ندروست و به‌پێی پێویست به‌کاری بهێنن به‌دوور ده‌بن له‌ نه‌خۆشی و ده‌بنه‌ خاوه‌نی جه‌سته‌یه‌کی ته‌ندروست، وێڕای سوده‌ پزیشکییه‌کانی ئه‌و گژوگیا سروشتیانه‌ که‌ له‌ کۆنه‌وه‌ تا ئێستاش کۆمه‌ڵگای کورده‌واریی به‌کاریان ده‌هێنێت، به‌ڵام له‌م سه‌رده‌مه‌دا زۆر به‌ که‌میی به‌کاردێن له‌چاو جاران.


وه‌ک هه‌ڵگورد هه‌ڵه‌بجه‌یی، پسپۆڕی بواری چاره‌سه‌ری سروشتی و خۆراکه‌ سروشتییه‌کان ده‌ڵێت: ده‌کرێت گژوگیا سروشتییه‌کان بکه‌ینه‌ جێگره‌وه‌ی چاره‌سه‌ری نه‌خۆشییه‌کان، ده‌توانین بیکه‌ینه‌ جێگره‌وه‌ى ئه‌و داووده‌رمانانه‌ی که‌ له‌ وڵاتانی تردا هاورده‌ی ده‌که‌ین که‌ سه‌رباری چاره‌سه‌رێکی ئه‌وتۆ، به‌ڵام به‌هۆی تێکه‌ڵه‌ی ئه‌و هه‌موو مه‌واده‌ کیمیاییانه‌ زۆرجار زیانیان به‌خشیوه‌.

 


باسى له‌وه‌ش کرد: هاوڵاتیان له‌م سه‌رده‌مه‌دا زۆر به‌ که‌می گژوگیا و خۆراکی سروشتی به‌کارده‌هێنن و خویان به‌وه‌ش گرتوه‌ له‌ وه‌رزی خۆیدا به‌کاری ناهێنن و ده‌یخه‌نه‌ ناو سه‌لاجه‌ و موجه‌میده‌ و هه‌ڵی ده‌گرن بۆ دوای وه‌رزی نه‌مانیان، که‌ ئه‌مه‌ش خراپترین کاره‌ و زیان به‌ جه‌سته‌ی مرۆڤه‌کان ده‌گه‌یه‌نێت.


ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا: سه‌رباری پێشکه‌وتنی ته‌که‌نه‌لۆجیا، به‌ڵام نه‌خۆشی زۆر به‌ربڵاوه‌ و چاره‌سه‌رێک بۆ مرۆڤه‌کان نه‌دۆزراوه‌ته‌وه‌، پێچه‌وانه‌ی سه‌رده‌می کۆن له‌گه‌ڵ بونی چه‌ند نه‌خۆشییه‌ی که‌م که‌ هه‌ندێکیشان نه‌زانراو بون و ته‌نها له‌ڕێگه‌ی ئه‌و گژوگیا سروشتییه‌وه‌ چاره‌سه‌ری بۆ کراوه‌.

 


باسی له‌وه‌ش کرد: هاورده‌کردنی ئه‌و هه‌موو خۆراکانه‌ی له‌ وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ به‌تایبه‌ت وڵاتی تورکیاوه‌ ده‌هێنرێن زیانێکی زۆریان به‌ کۆمه‌ڵگای ئێمه‌ گه‌یاندووه‌.


هه‌ڵگورد بۆچوونى وایه‌: کۆمه‌ڵگای ئێمه‌ ته‌ندروسته‌، به‌ڵام خۆمان ده‌بینه‌ هۆی بڵاوبونه‌وه‌ی نه‌خۆشی و کۆمه‌ڵگاکه‌مان ڕووبه‌ڕووی نه‌خۆشییه‌کان ده‌که‌ینه‌وه‌، به‌و پێیه‌ی له‌چاو وڵاتانی تر ئێمه‌ کارگه‌ و ژینگه‌یه‌کی پیسمان نییه‌ و گژوگیا و خۆراکی سروشتی زۆریشمان له‌به‌رده‌سته‌، به‌ڵام به‌هۆی سستی و ته‌مه‌ڵی خۆمان په‌نا ده‌به‌ینه‌ به‌ر خۆراکه‌ حازر و زۆر جار به‌سه‌رچوه‌کان و پڕ له‌ مه‌واده‌ کیمیاییه‌کان.

 


ک.ک
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin