Smiley face
Smiley face
Smiley face

یادی ٤٤ ساڵه‌ی بۆردوومانی هه‌ڵه‌بجه‌ کرایه‌وه‌

2018-04-26 12:32:07



ڕۆژنیوز – جیهاد هه‌ورامی


یادی ٤٤ ساڵه‌ی بۆردوومانی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ له‌لایه‌ن ڕژێمی به‌عسی له‌ناوچوو کرایه‌وه‌ و که‌سوکاری شه‌هیدانی ئه‌و بۆردومانه‌ش داوای قه‌ره‌بوکردنه‌وه‌ و هاوتاکردنی ئیمتیازاته‌کانیان ده‌که‌ن.


ئه‌مڕۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوانی هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ مۆنۆمێنتی یادگاری هه‌ڵه‌بجه‌، به‌ ئاماده‌بوونی پارێزگار و که‌سوکاری شه‌هیدان، یادی ٤٤ ساڵه‌ی بۆردوومانی شاره‌که‌ی کرده‌وه‌، که‌ له‌ ساڵی ١٩٧٤ له‌لایه‌ن ڕژێمی به‌عسه‌وه‌ به‌ چه‌کی ناپاڵم بۆردوومان کرا.


کامه‌ران مسته‌فا، به‌ڕێوه‌به‌ری شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوانی هه‌ڵه‌بجه‌ وته‌یه‌کی پێشکه‌ش کرد و ڕایگه‌یاند: له‌م ڕۆژه‌دا تاوانێکی دژ به‌ گه‌له‌که‌مان وه‌بیر ده‌هێنینه‌وه‌، که‌ به‌هۆی بۆردوومانی چه‌کی ناپاڵم له‌لایه‌ن ڕژێمی به‌عسی له‌ناوچوو زیاتر له‌ ٥٠ شه‌هید و ١٠٠ برینداری لێ که‌وته‌وه‌، به‌ڵام بینیمان ئه‌و ڕژێمانه‌ له‌ناوچوون و خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌ش به‌ ئومێده‌وه‌ جارێکی تر په‌ره‌ به‌ ژیان و گه‌شه‌کردن ده‌ده‌ن.

 


پاشان عه‌لی عوسمان، پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه‌ به‌وه‌کاله‌ت له‌ وته‌یه‌کیدا وتی:" هه‌موو ڕژێمه‌ یه‌ک له‌دوا یه‌که‌کان ویستیان هه‌ڵه‌بجه‌ و خه‌ڵکه‌که‌ی له‌ناو ببه‌ن، به‌ڵام به‌ خه‌بات و تێکۆشان و خوێن به‌خشین، به‌رهه‌مه‌که‌ی به‌ پارێزگاکردنی شاره‌که‌ بێت و وا بۆ ماوه‌ی سێ ساڵه‌ هه‌وڵه‌کانیش بۆ سه‌رپێخستنی یه‌کجاره‌کی پارێزگاکه‌یه‌ و نزیکه‌ی له‌ ٧٥% هه‌نگاوه‌که‌مان بڕیوه‌".

 


له‌ کۆتاییشدا ئومێد حه‌مه‌ عه‌لی، به‌ناوی که‌سوکاری شه‌هیدانی ئه‌و تاوانه‌ وته‌یه‌کی پێشکه‌ش کرد و ڕایگه‌یاند: به‌داخه‌وه‌ پاش تێپه‌ڕبوونی ٤٤ ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و تاوانه‌ هێشتا وه‌ک پێویست قه‌ره‌بووی ئێمه‌ی که‌سوکاری شه‌هیدان و بریندارانی ئه‌و تاوانه‌ نه‌کراوه‌ته‌وه‌ که‌ شه‌هیده‌کانمان وه‌ک شه‌هیدی هاوڵاتی ئه‌ژمار کراوه‌ و برینداره‌کانیشمان هیچ قه‌ره‌بویه‌کیان بۆ نه‌کراوه‌ته‌وه‌.

 


ئه‌وه‌شى وت: بۆیه‌ داوا له‌ حکومه‌ت و سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان ده‌که‌ین سه‌رجه‌م ماف و ئیمتیازاته‌کانی ئێمه‌ش هاوتای که‌سوکاری شه‌هیدان و بریندارانی تاوانه‌کانی وه‌ک کیمیابارن و ئه‌نفال بکه‌ن.


له‌ ٢٦/٤/١٩٧٤ڕژێمی له‌ناوچووی به‌عسی عێراقی به‌ بۆمبی قه‌ده‌غه‌کراوی ناپاڵم شاری هه‌ڵه‌بجه‌ی بۆمباران کرد و له‌ ئه‌نجامدا زیاتر له‌ ٥٠ هاوڵاتی شه‌هید و ١٠٠ برینداری لێ که‌وته‌وه‌ و ژماره‌یه‌کی زۆریش له‌ هاوڵاتیان ئاواره‌ی ده‌ره‌وه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ بوون.


ک.ک
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin