Smiley face
Smiley face
Smiley face

كامیران بەرواری: هەڵبژاردن هەنگاوی یەکەمە بۆ گۆڕانکاریی

2018-04-27 08:30:05



ڕۆژنیوز – دانا عومەر

 

سەرۆكی لیستی نەوەی نوێ‌ لە پارێزگای دهۆک گەشبینە بەوەی، کە لەم هەڵبژاردنەدا سەرکەوتن بەدەستدەهێنن و دەڵێت کە ڕێژەیەکی باش کورسیی بەدەستدەهێنن، دەشڵێت: هەڵبژاردن هەنگاوی یەکەمە بۆ گۆڕانکاریی.

 

لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق-دا، دهۆکیش وەک پارێزگایەکی هەرێمی کوردستان، نوێنەرانی خۆی دەنێرێتە بەغدا، هەتا ئێستا ئەو پارێزگایە ١١ پەرلەمانتاری دەناردە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٤-دا، پارتی ٨ کورسی، یەکگرتووی ئیسلامیی ٢ کورسی و یەکێتی نیشتمانیی کوردستان کورسییەکان لە دهۆک بەدەستهێنابوو.

 

لەم هەڵبژاردنەدا، کورسییەکانی دهۆک بووەتە ١٢ کورسی، ١١٥ کاندید لەسەر ٢٤ لیست و هاوپەیمانیی، کێبڕكێ لەسەر ئەو ١٢ کورسییە دەکەن، بەوتەی چاودێرانی سیاسیش، بەهۆی ڕیفراندۆم و ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە، ناڕەزایی بەرامبەر حزبەکان هەیە.

 

هاوشانی حزبەکانی دیکە، چەند حزب و لیستێکی نوێیش لەم هەڵبژاردنەدا بەشدارن، لەکێک لەو هاوپەیمانییانەش، لیستی نەوەی نوێ-یە، کە پێکهاتووە لە تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، جوڵانەوەی نەوەی نوێ و بەرەی دیموکراسیی گەل، کاندیدەکانیش لەناو لیستەکاندا گرنگیی خۆیان هەیە، بەوپێیەی کە شێوازی هەڵبژاردنەکەش نیمچە کراوەیە، دەنگدەران بەخواستی خۆیان دەتوانن دەنگ بە کانیدیدەکان بدەن.

 

لە لیستی نەوەی نوێ-دا لە پارێزگای دهۆک، یەکێک لە کاندیدەکانی ئەو لیستە، دکتۆر کامیران بەروارییە، بەرواری وەکو سەرۆکی لیستەکە لە دهۆک، ڕیزبەندیی ژمارە یەکی لە کاندیدەکانی لیستی ژمارە ١٢٠-دا گرتووە.

 

 

كامیران بەرواری، لە ساڵی ١٩٦٢ لەدایكبووە، خاوەنی بڕونامەی ماستەرە لە ئەدەبیاتی نوێی كوردیدا و بڕوانامەی دكتۆرا لەبواری پێشكەوتنی هزری نەتەوەیی كورد، لە ساڵی ١٩٩٤ وە مامۆستای زانكۆیە، ئەندامی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان-كەنەكە-یە و خاوەی شەش پەرتووكی بڵاوكراوەیە لە بوارە جیاوازەكاندا.

 

دکتۆر کامیران بەرواری، کە هاوکات هاوسەرۆكی بەرەی دیموكراسی گەل-ە، لەم چاوپێكەوتنەی ڕۆژنیوزدا وەڵامی چەندین پرسی تایبەت بە پرۆسەی هەڵبژاردن دەداتەوە.

 

دەقی چاوپێكەوتنەكە:

 

- با سەرەتا لەوەوە دەستپێبكەین، بزانین بارودۆخی بانگەشەی هەڵبژاردن لە دەڤەری بادینان چۆنە؟ ئەو ئاستەنگییانەی كە دێنە بەردەمتان چین؟

       

"پێشێلكاریەكان لەلایەن گروپێكی تایبەتەوە ئەنجامدەدرێت"

 

كامیران بەرواری: تا ئێستا لە دەڤەری بادینان كێشە بۆ چەند پارتێكی سیاسی دروستكراوە، لۆگۆ و ڕیكلامی كاندیدەكانیان لێدەكرینەوە، ئەو كارانەش لەلایەن دەستە و گروپێكی تایبەتەوە ئەنجامدەدرێت، بە ئاگاداریی دەسەڵات، پۆلیس و لایەنی سیاسیی دەسەڵاتداریش هیچ ڕێوشوێنێك ناگرنەبەر، هەروەها لە دەڤەری بادینان تا ئێستا نە دیبەیت و نە كۆڕ و سیمیناری جەماوەریی دروستنەبووە.

 

 

- هەڵبژاردنی عێراق لە كاتێكدایە كە كێشەی ئابووریی و سیاسیی گەورە هەیە لە عێراقدا، پرۆژەی ئێوە چییە بۆ ئەو دۆخە؟

 

"هەوڵدەدەین هەژاریی و بێكاریی نەمێنێت لە عێراقدا"

 

كامیران بەرواری: پرۆژەی ئێمە وەك نەوەی نوێ،‌ پڕۆژەیەكی فراوانە، پڕۆژەی ستراتیژیی ئابووریمان هەیە، پرۆژەی نەهێشتنی بێكاریمان هەیە، هەوڵدەدەین هەژاریی نەمێنێت لە عێراقدا، لە گەلێكی بەكارهێنەرەوە ببینە گەلێكی بەرهەمهێن، دەمانەوێت بەباشی وزە و داهاتی وڵات بەكاربهێنین، ئەمەش هەمووی بە پرۆژە و توێژینەوە دەكرێت، ئێمە گرنگیی بە ئەقڵ و تەكنەلۆژیا دەدەین.

 

- پێتوایە ئەم هەڵبژاردنە چی دەگۆڕێت لە عێراقدا؟

 

"پێویستە نەخشەی سیاسیی و سیستمی سیاسیی لە عێراقدا بگۆڕێت"

 

كامیران بەرواری: هەڵبژاردن پێویستە نەخشەی سیاسیی و سیستمی سیاسیی لە عێراقدا بگۆڕێت، نزیكەی ١٠٠ ساڵە دەوڵەتی عێراق دروستبووە، هیچ كات خاوەنی سیستمێكی سیاسیی ڕێكوپێك نەبووە، بۆیە ئەگەر ئێمە بمانەوێت عێراق بگۆڕین، دەبێت زیهنییەت لە عێراقدا بگۆڕین.

 

- پێتوایە لە هەڵبژاردنێكدا ئەوە بكرێت؟

 

"هەڵبژاردن هەنگاوی یەكەمە بۆ گۆڕانكاریی"

 

- كامیران بەرواری: نا ئێمە ناتوانین لە هەڵبژاردنێكدا دەوڵەت بگۆڕین و شێوازی حوكم بگۆڕین و زیهنییەت بگۆڕین، بەڵام هەڵبژاردن هەنگاوی یەكەمە بۆ گۆڕانكاریی، گرنگە ئێمە نەخشەڕێمان هەبێت، ئەگەر ئێمە هەموو پێكەوە نەخشەڕێگای گۆڕانكاریمان هەبێت، ئێمەش نەبین خەڵكی دیكە دێت لەدوای ئێمەوە نەخشەڕێگا جێبەجێ‌ دەكات.

 

- پێتوایە ئەم هەڵبژاردنە و هەڵبژاردنی داهاتووی هەرێمی كوردستان، كۆتایی بە دەسەڵاتی تاك حزبیی بهێنێت لە دەڤەری بادینان؟

 

"لەم هەڵبژاردنەدا تاك حزبیی نامێنێت"

 

كامیران بەرواری: من باوەڕم وایە لەم هەڵبژاردنەدا تاك حزبیی نامێنێت، لە دەڤەری بادینان دەكرێت حزبێك لە حزبێك زیاتر بهێنێت، بەڵام هیچ حزبێك ناتوانێت لەو ١٢ كورسیەی دەڤەری بادینان ٧ كورسی یان ٨ كورسی بهێنێت.

 

- وەك نەوەی نوێ‌ باوەڕتان وایە چەند كورسی بەدەستدەهێنن لەم هەڵبژاردنەدا؟

 

"پێشبینی دەكەین كورسی باش بەدەستبهێنین"

 

كامیران بەرواری: ئەو پرسیارە زۆر دەكرێت، لەبەر ئەوەی ئێمە لە ١٤ پارێزگای عێراقدا كاندیدمان هەیە و بانگەشە دەكەین، پێشبینی دەكەین كورسی باش بەدەستبهێنین، بەڵام ناتوانم بڵێم چەند كورسی بەدەستدەهێنین، چونكە هەندێك جار لە هەڵبژاردندا شتی چاوەڕواننەكراو ڕوودەدات.

 

 

- یەكێك لە كێشەكانی هەڵبژاردن لە عێراقدا ساختەكارییە، ئێوە چەند باوەڕتان بەوەیە لەم هەڵبژاردنەدا ساختەكاریی ناكرێت، وەك خۆتان چیتان كردووە بۆ ئەوەی دەنگەكانتان نەسووتێندرێت؟

 

"ئەم حزبانە ساختەكاریی لەناو خوێنیاندایە"

 

كامیران بەرواری: لە بادینان هەزار و ٦٤٤ چاودێرمان ئامادەكردووە، ٢٤٦ بنكە هەیە دەمانەوێت چاودێری هەمووی بكەین، لەبارەی ساختەكاریشەوە، ئەم حزبانە فێری ساختەكاریی بوون، بۆ ڕۆشتنە بەهەشتیتش ساختەكاری دەكەن، لەبەر ئەوەی ساختەكاری لەناو خوێنی ئەواندایە، لەئێستادا ٦٠ هەزار كەسیان هێناوە لە پارچەكانی دیكەی كوردستانەوە دەنگیان پێدەدەن، بەڵام شتێك جێگەی دڵخۆشییە لەكۆی ٩٤٠ هەزار دەنگی ساختە لە باشووری كوردستان، ٦١٥ هەزاریان دەرهێندراوە، هەروەها كارتی ئەلیكترۆنی و بەكارهێنانی سندوقی ئەلیكترۆنی جێگەی دڵخۆشییە، لەلایەكی دیکەشەوە ڕۆشتنی خەڵك بۆ وەرگرتنەی كارتەكانی دەنگدانیان جێگەی دڵخۆشییە.

 

- لە عێراقدا لەدوای ساڵی ٢٠٠٣-ەوە، سیاسەت و هەیمەنەی ئێران و ئەمریكا، كاریگەری لەسەر هەڵبژاردن و ئەنجامەكانی هەبووە، پێتوایە ئەم جارە ئەو كاریگەرییە چۆن دەبێت؟

 

"ئەگەر ئەمریكا بیەوێت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستێکی سەقامگیر هەبێت، پێویستە پشتگیریی هەندێك هێزی نوێ‌ بكات"

 

كامیران بەرواری: دەستی ئێران و توركیاش لە هەڵبژاردنی عێراق و هەرێمی كوردستانیشدا هەیە، لەدوای ئەوەی كە سندوقەكانیش دەبرێن دەستكاری ئەنجامەكان دەكەن، هەروەها ڕۆڵی ئەمریكاش گرنگە، ئەوەی ئەمریكا و وڵاتانی ئەورپا و توركیا و ئێران ویستوویانە تا ئێستا ئەوەبووە، كە دوو حزب لە هەرێمی كوردستان حوكم بكەن، بۆیە لەساڵی ١٩٩١-وە حوكمێكی ڕەشید و پاك نەكراوە، باوەڕم وایە ئەمریكا گەشتووەتە ئەو باوەڕەی خوێنی سەربازەكانی و ئەو پارەیەی لە عیراق خەرجیكردووە بە بەلاش ڕۆشتووە، بەرهەمەكەی ئێران و توركیا خواردوویانە.

ئەگەر ئەمریكا بیەوێت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستێکی سەقامگیر و عێراقێكی سەقامگیر و كوردستانێكی سەقامگیر هەبێت، پێویستە پشتگیری هەندێك هێزی نوێ‌ بكات، وەك نەوەی نوێ‌، هەروەها پێویستە ئەمریكا پشتگیری لە بزووتنەوەی ئازادیخوازی كورد بكات، وەك بزووتنەوەی ئاپۆچی، چونكە ئەو بزووتنەوەیە لە هەموو كوردستاندا كاریگەریی هەیە،  بۆیە جێگەی باوەڕ نییە بەبێ‌ بەشداربوونی ئەو هێزە گەورەیە، گۆڕانكاری لە ڕۆژهەڵاتی ناوڕاستدا بكرێت.

 

- ئێوە ئەگەر بڕۆنە پەرلەمان چی دەكەن بۆ ئەوەی سوپای توركیا لە هەرێمی كوردستان دەربكەن؟

 

"لە هەموو ئاستێكدا كاردەكەین بۆ دەركردنی سوپای توركیا و میتی تورك لەهەرێم"

 

كامیران بەرواری: ئەگەر ئێمە بڕۆینە پەرلەمان، ئەو یاسایانەی هەیە بۆ دەركردنی سوپای توركیا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و پەرلەمانی هەرێمی كوردستان كارایدەكەین، لەهەموو ئاستێكی نێودەوڵەتیی كاردەكەین بۆ دەركردنی سوپای توركیا و میتی توركیا و هەموو دەزگا شۆڤێنیەكانی توركیا لە هەرێمی كوردستان.

 

ب.ل



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin