Smiley face
Smiley face
Smiley face

مه‌زادخانه‌که‌، ئه‌و شوێنه‌ى هه‌موو شتێک تێیدا پاره‌ ده‌کات

2018-04-28 09:47:01



ڕۆژنیوز – دانا عومه‌ر


مه‌زادخانه‌که‌، به‌شێکه‌ له‌ بازاڕى گه‌وره‌ى شارى سلێمانى، که‌ تێیدا که‌لوپه‌لى کۆنه‌ى نێوماڵ و که‌لوپه‌ل و پێدویستى دیکه‌ ده‌فرۆشرێت، ده‌توانین بڵێین له‌م به‌شه‌ى بازاڕدا هه‌موو کاڵایه‌ک پاره‌ ده‌کات و کڕین و فرۆشتنى پێوه‌ده‌کرێت.


نزیکه‌ى ٢٧ ساڵه‌ "مه‌زادخانه‌"  له‌نێو بازاڕى شارى سلێمانى بوونى هه‌یه‌ و به‌رده‌وام فراوانتر بووه‌.


له‌ ساڵانى ٧٠ کانى سه‌ده‌ى ڕابردوو شوێنى مه‌زادخانه‌که‌ى شارى سلێمانى مه‌یدانى فرۆشتنى دار بووه‌، به‌ "مه‌یانى داره‌که‌" ناوبراوه‌، له‌ ساڵى ٨٠کاندا مه‌فره‌زه‌یه‌کى ته‌وارى ڕژێمى به‌عس دواى چه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌ک ده‌که‌ون، ئه‌وانیش خۆیان له‌ مه‌یدانى داره‌که‌ حه‌شار ده‌ده‌ن، به‌عسییه‌کانیش گڕ له‌ داره‌کان به‌رده‌ده‌ن، ئیتر له‌واى ئه‌و ڕووداوه‌وه‌ تاوه‌کو ئێستا ئه‌و ناوچه‌یه‌ به‌ داره‌سوتاوه‌که‌ ناوده‌برێت.


له‌ دواى ڕاپه‌ڕینى ساڵى ١٩٩١ وه‌ داره‌سوتاوه‌که‌ ده‌بێته‌ جێگاى کڕین و فرۆشتنى که‌لوپه‌لى کۆن و گه‌راجى پاس، ئیتر ورده‌ورده‌ ده‌بێته‌ بازاڕێکى گه‌وره‌ و له‌ په‌ناى ناوى داره‌سوتاوه‌که‌دا ناوى مه‌زادخانه‌که‌-ش وه‌رده‌گرێت.

 


له‌ مه‌زادخانه‌که‌دا ئه‌وه‌ى مرۆڤ به‌بیریدا نایه‌ت که‌ پاره‌ بکات، پاره‌ ده‌کات و کڕین و فرۆشتنى پێوه‌ ده‌کرێت، لێره‌ به‌ ده‌گمه‌ن کاڵایه‌ک به‌ مه‌رجى کارکردن ده‌فرۆشرێت و ده‌کڕدرێت، بۆیه‌ وه‌ک خۆیان ده‌ڵێن ئه‌وه‌ى ده‌یکڕیت یان ده‌یفرۆشیت یان کار ده‌کات یان نایکات، یاخود یان به‌ که‌ڵک دێت یان به‌ که‌ڵک نایه‌ت، واتا که‌وتووه‌ته‌وه‌ سه‌ر به‌ختى ئه‌و که‌سه‌ى که‌ کڕیاره‌.

 


ڕه‌زا ئه‌حمه‌د عه‌لى، که‌ کاسبکارێکى نێو ئه‌و بازاڕه‌ بوو، به‌ ڕۆژنیوزى وت، ماوه‌ى چه‌ند ساڵێکه‌ له‌و بازه‌ڕه‌ کارده‌کات، که‌لوپه‌ل له‌ خه‌ڵک ده‌کڕن و ده‌یفرۆشنه‌وه‌، ده‌ڵێت، که‌ ئه‌و هه‌روا به‌بێ ئه‌وه‌ى، که‌ که‌لوپه‌له‌کان تاقى بکاته‌وه‌ ده‌یانکڕێت و دواتر ده‌یانفرۆشێته‌وه‌ به‌ مه‌رجى کارکردن.

 


مام ڕه‌زا، که‌ ته‌مه‌نى به‌ره‌و ٧٠ ساڵ هه‌ڵکشاوه‌، ده‌ڵێت: له‌دواى ئه‌وه‌ى که‌ له‌ به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ڕێگه‌وبانى سلێمانى خانه‌نشین بووه‌، ده‌ستى به‌م کاره‌ کردووه‌، ئه‌ویش به‌هۆى ئه‌وه‌ى ماوه‌ى یه‌ک ساڵه‌ خانه‌نشین بووه‌ یه‌ک مووچه‌ى وه‌رگرتووه‌.


مه‌زادخانه‌که‌ ته‌نها شوێنى کڕینى که‌لوپه‌ل نییه‌، به‌ڵکو هه‌ندێک جار به‌هۆى کۆنى ئه‌و که‌لوپه‌لانه‌ى تێیدا ده‌فرۆشرێت وه‌ک مۆزه‌خانه‌یه‌ک ده‌رده‌که‌وێت، هه‌ندێک جاریش وه‌ک جێگاى به‌خشینه‌وه‌ى ژیان ده‌رده‌که‌وێت به‌و که‌لوپه‌لانه‌ى له‌کار که‌وتوون و له‌ماڵى ده‌وڵه‌مه‌ندێک وه‌ده‌رنراون.

 


یاسین عومه‌ر، که‌ کڕیارێکى به‌رده‌وامى مه‌زادخانه‌که‌یه‌، ئاماژه‌ى به‌وه‌ده‌کرد هه‌رکاتێک پێویستى به‌ شتێک بێت، له‌ مه‌زادخانه‌که‌ به‌دوایدا ده‌گه‌ڕێت، چونکه‌ ئه‌و که‌لوپه‌لانه‌ى لێره‌ ده‌ستى ده‌که‌وێت هه‌رزانن.

 


هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه‌شده‌کرد، زۆرجار که‌ ده‌چێته‌ مه‌زادخانه‌که‌ به‌هۆى ئه‌وه‌ى که‌ کاڵاى جۆراوجۆر و شتى کۆن ده‌بینێت خه‌م و خه‌فه‌تى بیر ده‌چێته‌وه‌ و ئاسوده‌ ده‌بێت.

 


ک.ک
 

ئەوەی زیاتر خوێندراوە


-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 RojNews. Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin