Smiley face
Smiley face
Smiley face

ژێر پردەکەی سلێمانی بووە بە زیندان و شوێنی ئەشکەنجەی ئاژەڵان

2018-04-29 09:25:19



ڕۆژنیوز - شاڵاو حەسەن

 

بەهۆی مامەڵەی نەشیاوی کڕیار و فرۆشیاران، ژێرپردەکەی سلێمانی بووە بەزیندان و شوێنی ئەشکەنجەی ئاژەڵان و تێیدا ڕەفتاری نەگونجاو بەرامبەر بە پەلەوەر و ئاژەڵ ئەنجام دەدرێت.

 

لە شاری سلێمانی، بازاڕی کڕین و فرۆشتنی پەلەوەر و ئاژەڵ، دەکەوێتە ژێرپردەکەی شەقامی مەولەوی، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە، بەشێک لە کڕیار و فرۆشیارەکان بەشێوەیەکی نەشیاو مامەڵە لەگەڵ ئەم ئاژەڵانەدا دەکەن و بەهۆی نەگونجاویی ژینگەکەشیانەوە، بەشێکیان دوای فرۆشتنیان تەنها چەند ڕۆژێکی کەم دەژین.

 

 

ئەم جوجەڵانە دوای ئەوەی لەڕێگەی ئامێری هەڵهێنانەوە هێلکەکانیان دەتروکێندرێن بەمەبەستی زیاتر سەرنجڕاکێشانی کڕیاران بە پەمپ بۆیە دەکرێن، بەڵام بەخت یاوەریان نییە و لە ماوەیەکی کورتدا دوای ئەوەی لە قەفەزەکاندا بەند دەکرێن، دەفرۆشرێن و دواتر مردار دەبنەوە.

 

 

فرۆشیارەکان دەڵێن کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵ  کارێکی ئاساییە، بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانییە ئەو مامەڵە خراپەیە کە لەکاتی کڕین و فرۆشتنەکەدا بەرامبەر ئاژەڵەکان  ئەنجام دەدرێت.

 

 

محەمەد کامیل، یەکێکە لە فرۆشیارەکان، کەڕۆژانە لەم شوێنە سەرقاڵی کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵ و باڵندەیە و وتی: هەندێک جار کڕیارەکان مامەڵـەیەکی خراپ لەگەڵ جوجەڵەکاندا دەکەن و بەتوندی دەیان گرن و نزیکی مەرگیان دەکەنەوە.

 

 

جەلال حەسەن، فرۆشیارێکی کۆتری ژێر پردەکەیە و لە ساڵانی نەوەدەکانەوە کۆتر دەکڕێت و دەیانفرۆشێتەوە، لەبارەی چۆنیەتی ماڵی کردنی کۆترەکانەوە وتی: بۆ ماوەی دوو و سێ ڕۆژ باڵی کۆترەکان بە تیپ دەبەسترێت بۆ ئەوەی ڕێگەی فڕینیان لێ بگیرێت و نەتوانن ئازادانە بفڕن.

 

 

هەروەها، تریفە عەلی، هاوسەرۆکی نوێنەرایەتی سلێمانی ڕێکخراوی سروشتی کوردستان، لەسەر ئەم پرسە بۆ ڕۆژنیوز دواو و وتی: لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا گرنگییەکی زۆر بە ئاژەڵان دەدرێت و بەشێوازێکی باش مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت، بەداخەوە لە باشوری کوردستان ئاستی ‌هۆشیاری تاک نەگەشتووەتە ئاستێک کە بە شیاوی مامەڵە لەگەڵ ئاژەڵاندا بکرێت.

 

 

تریفە، بەهۆی نەبوونی سیستم و یاسا، نەک تەنها مافی ئاژەڵ، بەڵکو مافی مرۆڤیش پێشێل دەکرێت.

 

 

 

ش.ف



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin