Smiley face
Smiley face
Smiley face

له‌ سه‌یدسادق له‌ ڕێگه‌ی کێشانی تابلۆوه‌ گرنگی به‌ ژینگه‌ ده‌درێت

2018-04-30 12:45:25



ڕۆژنیوز ـ  هاوکار مسته‌فا


به‌ مه‌به‌ستی گرنگیدانی زیاتر به‌ ژینگه‌ و پاراستنی سروشت و هاندانی هاوڵاتیان بۆ ناشتنی نه‌مام، له‌ مه‌راسیمێکی تایبه‌تدا په‌رده‌ له‌سه‌ر تابلۆیه‌کی ژینگه‌یی و که‌سایه‌تییه‌کی دیاری شارۆچکه‌ی سه‌یدسادق لادرا.


پێش نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ، به‌ ئاماده‌بوونی قائیمقام و به‌رپرسانی حکومیی و حزبیی شارۆچکه‌ی سه‌یدسادق، له‌ مه‌راسیمێکدا په‌رده‌ له‌سه‌ر دوو تابلۆ لادران، که‌ له‌سه‌ر دیواری ڕاگری ڕێگای سه‌ره‌کی نێوان سلێمانی و سه‌یدسادق کێشرابوون و گوزارشتیان له‌ پاراستنی ژینگه‌ و یه‌کپارچه‌یی خاکی کوردستان ده‌کرد.


سه‌ره‌تای مه‌راسیمه‌که‌ به‌ چه‌ند ساتێک وه‌ستان بۆ گیانی پاکی شه‌هیدان ده‌ستیپێکرد، پاشان دیاری ڕه‌فیق، قائیمقامی شارۆچکه‌ی سه‌یدسادق و شێخ محه‌مه‌د خڕنوکی، که‌سایه‌تى ناوچه‌ى شاره‌زوور، په‌رده‌یان له‌سه‌ر تابلۆیه‌کی ژینگه‌یی و وێنه‌ى شێخ عوسمان خڕنوکی، که‌سایه‌تی نیشتیمانپه‌روه‌ری سه‌یدسادق لادا.


هه‌ر له‌و مه‌راسیمه‌دا، دیاری ڕه‌فیق، قایمقامی سه‌یدسادق ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو، کێشانی ئه‌و تابلۆیانه‌ گوزارشتن له‌وه‌ی که‌ ئێمه‌ی خه‌ڵکی ناوچه‌که‌ به‌ په‌رۆشین بۆ پاراستنی ژینگه‌، چونکه‌ له‌ ئێستادا که‌ گه‌رمه‌ی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌ له‌ بری ئه‌وه‌ی تابلۆی کاندید و لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان هه‌ڵواسین تابلۆی ژینگه‌یی ده‌نه‌خشێنین.


دواتر ئه‌یوب عه‌زیز، یه‌کێک له‌ شاعیرانی شارۆچکه‌ی سه‌یدسادق به‌ خوێندنه‌وه‌ی چه‌ند پارچه‌ شیعرێک به‌شداری مه‌راسیمه‌که‌ی کرد، که‌ له‌ شیعره‌کانیدا گوزارشتی له‌ خۆشه‌ویستی خاک و نیشتیمان ده‌کرد.


دواتر محه‌مه‌د خڕنوکی، به‌ناوی بنه‌ماڵه‌ی شێخ ئیسماعیل وته‌یه‌کی پێشکه‌شکرد و ئه‌وه‌ی وت: جێگه‌ی ده‌ستخۆشییه‌ که‌ له‌ڕێگه‌ی کێشانی تابلۆی ژینگه‌یی و هه‌روه‌ها نه‌خشاندنی وێنه‌ی که‌سایه‌تییه‌کان گرنگی به‌ ژینگه‌ بدرێت.

 


ک.ک
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin