Smiley face
Smiley face
Smiley face

تاکسی تاکسی، هاواری ژنێکە کە لە شاردا دەزرنگێتەوە.. بەڤیدیۆ

2018-05-02 09:12:55



ڕۆژنیوز - سەمیرا و شاڵاو

 

دەنگێک لە شاردا دەزرنگێتەوە، "تاکسی تاکسی"، دەنگێکی جیایە لە هەموو دەنگە گڕەکان، کە گوێمان بۆ لای خۆی قوت دەکاتەوە، سەیردەکەین، ژنێک دەبینین کە بە بێ هەور (یان چەتر)ی هیچ سمبێڵێک لە سەر لێوانی هاواردەکات، "تاکسی تاکسی" و نەفەر سەردەخات، دیمەنێک نایاب کە شار پێی جوان و فرەڕەنگ دەبێت.

 

ئێمە وا ڕاهاتووین و لە مێشکماندا چەسپیوە، کە بە پێی داب و نەریتە دەستکردەکان، کارەکان بە سەر پیاو و ژندا دابەش بکەین، لە کاتێکدا ئەمڕۆ ژنێک لە شاری سلێمانی بەرەنگاری وشەی عەیبە بووەتەوە و بەم شێوازی کارکردنەی هەموو ئەو زهنییەتە تەقلیدییانەی ڕەتکردووەتەوە و دەڵێت: ئەگەر ژنان بیانەوێت دەتوانن بە هەموو خواستێکیان بگەن و کار ژنانە بوون و پیاوانە بوونی بۆ نییە.

 

نەسرین محەمەد، خەڵکی شارۆچکەی دەربەندیخانە و دانیشتووی شاری سلێمانییە، تەمەنی ٣٩ ساڵە و فەرمانبەرە، ماوەی هەشت مانگە دەستی بە کاری شۆفێری تاکسی و گواستنەوەی هاوڵاتیان لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر کردووە و ئەو ڕۆژانەی دەوامی نییە، لە سەر لە بەیانییەوە تا درەنگانی شەو لە شوێنە گشتییەکاندا کار دەکات.

 

 

ئەم ژنە بە هۆکاری کەمبوونەوەی دەوام و نەمانی مووچە دەستی بەم کارە کردووە و هیچ ڕێگرییەک خێزانی و کۆمەڵایەتی بۆ کارنەکردنی لە ئارادا نییە ئاماژە بەوەش دەدا: پێمخۆشە کە ژنانی دیکەش بە دوای مندا دەست بەم کارە بکەن.

 

نەسرین وتیشی: ئەوە جێی دڵگرانییە کە هەموو کارێکیان بۆ ژن بە عەیبە داناوە، مەرجی نییە کە هەر خوێندنت تەواو کرد و لە چوارچێوەی شەهادەکەدا دابمەزرێی و ئەگەر کرا با ڕوو لە کاری تر بکات.

 

 

بە بۆچوونی نەسرین، ئەم کارە زۆر ئاساییە و وتی: بۆچی ژن دەبێت هەمیشە چاوەڕوانی دەستی پیاو بێت لە کاتێکدا خۆی توانای هەیە، خۆقەتیسکردنی ژنان لەناو بازنەیەکدا خەتای خۆیانە و بۆ ئەوەی ئەم ڕێچکەیە بشکێت و وشەی پیاو ژن نەمێنێت.

 

سنووردانان بۆ ژنان لە کۆمەڵگادا لە ڕووی کارکردنەوە، کۆمەڵێک قسەی سەر زارییە و ئەوەی کە دەبێتە ڕێگەخۆشکەری هەر یەک لەو سنوورانە، تەسلیمبوونی خودی ژنانە، بەڵام نەسرین یەکێکیە لەو هەزاران ژنەی، کە پشت بە توانا و ئیرادەی خۆی دەبەستێت و بەم شێوە کارکردنەشی پەیامی شکاندنی ئەو جیاکارییە ڕەگەزییە بە کۆمەڵگا دەدات.

 

 


 

ش.ف



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin