Smiley face
Smiley face
Smiley face

هاوسه‌رگیریى پێشوه‌خت به‌رۆکى گه‌رمیانى به‌رنه‌داوه‌

2018-05-05 09:22:53



ڕۆژنیوز ـ هاوڕێ کرێکار 


هاوسه‌رگیریى منداڵ له‌ گه‌رمیان بوونى ماوه‌ و پارێزه‌ران و توێژه‌رانى کۆمه‌ڵایه‌تى-یش باس له‌وه‌ ده‌که‌ن، که‌ ده‌بێت به‌ یاسا ڕێگریى له‌ هاوسه‌رگیریى پێشوه‌خت بکرێت و ڕه‌خنه‌ش له‌ په‌خشکردنى دراماى تورکیی ده‌گرن.


هاوسه‌رگیریى پێشوه‌خت یان هاوسه‌رگیرى منداڵ، هێشتا له‌ هه‌رێمى کوردستان بوونى هه‌یه‌، گه‌رمیانیش یه‌کێکه‌ له‌و ناوچانه‌ى هه‌رێمى کوردستان که‌ باس له‌وه‌ ده‌کرێت ئه‌و دیارده‌یه‌ بوونى هه‌یه‌، له‌و باره‌یه‌وه‌ پارێزه‌رێک و توێژه‌رێکى کۆمه‌ڵایه‌تى و مامۆستایه‌کى ئایینى له‌ گه‌رمیان بۆ ڕۆژنیوز ده‌دوێن.


کارزان فوئاد، توێژه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی، بۆچوونى وایه‌: ڕاگه‌یاندن هۆکارێکه‌ بۆ زیادبوونی هاوسه‌رگیریی پێشوه‌خت، له‌به‌رئه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ک درامای تورکیی و بیانیی نادروست پیشانى کچ و کوڕه‌ هه‌رزه‌کاره‌کان ده‌ده‌ن و هاوسه‌رگیرییان لا خۆشه‌ویست ده‌که‌ن.

 


کارزان باسى له‌وه‌ش کرد: به‌شێک له‌ ڕاگه‌یاندنه‌کان وا له‌ گه‌نج ده‌که‌ن به‌ زوویی هاوسه‌رگیریی بکه‌ن.


سه‌یران حه‌بیب، پارێزه‌ر له‌ دادگای به‌رایی که‌لار، سه‌باره‌ت به‌ چاره‌سه‌ره‌ یاساییه‌کان بۆ ڕێگریکردن له‌ هاوسه‌رگیریی پێشوه‌خت، ده‌ڵێت: باشترین چاره‌سه‌ر بۆ ڕێگیریکردن له‌ هاوسه‌رگیری پێشوه‌خت، ده‌رکردنی یاسایه‌که‌ له‌ لایه‌ن په‌رله‌مانی هه‌رێمه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هیچ مامه‌ڵه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ ئه‌و که‌سانه‌ نه‌کرێت له‌ ڕووی یاساییه‌وه‌، که‌ ئه‌م هاوسه‌رگیرییه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم.

 


باس له‌وه‌ش ده‌کات: دادگاکانی شاره‌دێی قه‌ره‌ته‌په‌ و گوڵاڵه‌ و شارۆچکه‌ی خانه‌قین، هۆکاری سه‌ره‌کین بۆ زیادبوونی ڕێژه‌ی هاوسه‌رگیری پێشوه‌خت و شووکردن به‌ پیاوێک که‌ هاوسه‌رى دیکه‌ى هه‌یه‌ له‌ سنوری ئیداره‌ی گه‌رمیان، ئێمه‌ هیچ ڕێژه‌یه‌کی دیاریکراومان له‌به‌رده‌ست نییه‌، بۆ هاوسه‌رگیری پێشوه‌خت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ و ده‌زانین ئه‌وه‌یه‌ له‌ ئه‌نجامی جیابوونه‌وه‌ی نێوان ژن و مێرده‌کان بۆمان ده‌رده‌که‌وێت.


سه‌باح محه‌مه‌د، مامۆستای ئایینی، باس له‌وه‌ ده‌کات: ئه‌رکی مامۆستایانی ئاینی ئه‌وه‌یه‌ له‌ وتاره‌کانیاندا زیانه‌کانی هاوسه‌رگیریی پێشوه‌خت بگه‌یه‌ننه‌ خه‌ڵک به‌ گشتی و دایکان و باوکان به‌ تایبه‌تی و بۆیان ڕوون بکرێته‌وه‌.

 


ئه‌وه‌شى وت: وه‌ک مامۆستایانی ئایینی بڕیارمان داوه‌، هیچ گرێبه‌ستێک بۆ ئه‌و کچ و کوڕانه‌ پڕ ناکرێته‌وه‌، که‌ ته‌مه‌نیان له‌ خوار ١٧ ساڵه‌وه‌یه‌.


ک.ک
 

ئەوەی زیاتر خوێندراوە


-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 RojNews. Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin