Smiley face
Smiley face
Smiley face

ژنێک لە سلێمانی سەگە بێلانەکان کۆدەکاتەوە

2018-05-05 10:03:10



ڕۆژنیوز - ڕۆزە محەمەد


لە شاری سلێمانی ژنێک بۆتە فریادڕەسی سەگ و ئاژەڵە بێلانەکان، دەنگی وەڕینی سەگەکان لە بەرەبەیاندا، جێگەی قوقەی کەڵەشێری بۆ گرتوەتەوە.


ئاوات حسام، نوێنەری زەردەشتییەکان لە باشوری کوردستان، ئەو ژنەیە کە لە ھەر سوچ و کۆڵانێک ببیستێ کە ئاژەڵێک بێ لانەیە یاخود نەخۆشە و پێویستی بە چارەسەرە، بەپەلە دەیباتە لای خۆی و بەخێوی دەکات، پێداگری و خۆشەویستی ئەم ژنە بۆ ئاژەڵ وایکرد، کە ماوەی دوو ساڵە بەشێکی ڕێکخراوە ئاینییەکەیان کە تایبەتە بە ئاینی زەردەشتی، بۆ بەخێوکردنی ئاژەڵانی بێ لانە تەرخان بکرێت.

 


ئاوات بۆ ڕۆژنیوز وتی: هەر ئاژەڵێک کە لە دەرەوە بێ لانە بێت و نەخۆش بێت و پێویستی بە چارەسەر بێت ئەوا دەیبەینە لای خۆمان و بەخێویان دەکەین، کە چارەسەرمان کرد لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ڕیکلامی بۆ دەکەین و دەیدەینە ئەو کەسانەی کە خوازیاری بەخێوکردنی سەگ یان ئاژەڵێکیان هەیە.

 


ئاوات بۆ هەر سەگێک ناوێکی تایبەتی داناوە و بۆ سەگێکی تەمەن ٦ مانگ کە ئۆتۆمبێل لێداوە و دەستی شکاوە ناوی لێناوە (بۆرین)، سەگێکی دیکەی تەمەن ٣ مانگەش بە ناوی (کێتی) بانگی دەکات و سەگەکانی دیکەش بەهەمان شێوە، هەریەکە لەو سەگانە خواردنی دروستکراوی تایبەت بە خۆیان پێدەدرێت.

 


ئاوات تەنها ئەو گیاندارانە بەخێوناکات کە لە کۆڵان و شوێنە گشتییەکان فڕێ دراون و بێ لانەن یاخود لە ڕووداوێکدا بە تەنها ماونەتەوە، بەڵکو ئەوانەش بەخێو دەکات کە شۆفێران لە کاتی ئۆتۆمبێل لێخوڕیندا لێیان دەدەن و برینداریان دەکەن یاخود ئەو ئاژەڵانەی کە کەسەکان توانای بەخێوکردنیان نیە.

 


ھەر ئاژەڵێک لە دوای چارەسەرکردنی نەخۆشیەکەی و دەرزی لێدانی، بە مەرج بەو ھاوڵاتیانە دەدرێن کە خوازیاری بەخێوکردنی ئاژەڵیان ھەیە، مەرجەکانیش بریتین لەوەی کە ئاژەڵەکە فڕێ نەدەنە کۆڵان.

 


ئاوات داوای لە حکومەت هەیە، کە شوێنێکی بۆ دابین بکەن تا بتوانێت زۆرترین ڕێژەی ئاژەڵی کۆڵان بەخێو بکات و دەشڵێت: نەبوونی شوێن گرفتی بۆ ئێمە دروست کردووە، ئەگەر حکومەت شوێنێکمان بۆ دابین بکات ئەوا خۆمان بەخێوکردن و خواردنی سەگەکان لە ئەستۆ دەگرین.


ک.ک
 

ئەوەی زیاتر خوێندراوە


-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 RojNews. Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin