Smiley face
Smiley face
Smiley face

عێراق، داعش لە ڕێگای نیکاحەوە هەزاران منداڵیی جێهێشتووە

2018-05-06 09:07:52



ڕۆژنیوز - كەركوک

 

چەتەکانی داعش بەشێکی عێراقیان داگیرکرد و بەزۆر چەندین ژنیان لەژێر ناوی 'نیکاح'دا لەخۆیان مارەکرد، ئەوەش بووە هۆی خستنەوەی هەزاران منداڵی بێباوک، پارێزەرێكیش دەڵێت، "ئەو منداڵانەی باوکیان چەتەی داعش بووە، لە داهاتوودا کاریگەریی مەترسیداریان لە وڵاتدا دەبێت".

 

لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٤ دا، چەتەكانی داعش بەشێكی زۆری خاکی عێراقیان داگیرکرد، لەو ناوچەی كە داعش حكومڕانی دەكرد، هاوسەرگیریی زۆرەملێ-یان کرد بە یاسا و هەزاران و ژنیان لە چەتەکانیان مارە دەکرد، بەمەش لەئێستادا چەندین هەزار منداڵ لە عێراق بێ باوك-ن.

 

'نیكاح'، جۆرێکی هاوسەرگیرییە کە چەتەکانی داعش لە ناوچەکانی ژیر دەسەڵاتی خۆیاندا جێبەجێیان دەکرد، بەوپێیە، چەتەکان بە زۆرەملێ، چەند ژنێکیان لە یەک کەس مارە دەکرد.

 

بەپێی ئامارێک، کە ڕۆژنیوز لە بەدواداچوونێکیدا لە چەند ڕێکخراوێکی تایبەتمەند بە کەیسی ئاوارەکانی عێراق وەریگرتووە، لە سنوری پارێزگای كەركوك و بە تایبەت لە ناوچەكانی حەویجە و ڕیاز و عەباسییە و زاپ، زیاتر لە ٥٠٠ منداڵ، نەوەی چەتەكانی داعش-ن و ئێستا باوکیان هیچ سۆراخێکی نییە و شوێنیان نەزاندراوە.

 

هەروەها بەپێی وتەی سەرۆكی لیژنەی ژنان و منداڵان لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوک، لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق، نزیكەی سێ هەزار منداڵی هەن، کە نەوەی چەتەکانی داعش-ن.

 

بەپێی بەدواداچوونەکەی ڕۆژنیوز، لە هەریەكە لە كامپەكانی لەیلانی یەك و دوو، و سێ، نزیكەی ١٥٠ منداڵ هەن كە باوكیان نادیارە، لە كامپی مەتارە لە سنووری شارەدێی داقوق-یش ١٠٠ منداڵ بێ باوكن، هەروەها بەشێكی زۆری كەسوکاری ئەو منداڵانە لە ناوچەكانیان ماون و حەویجە و شارەدێكانیان جێ نەهێشتووە، بەپێی ئەو بەڵگانەشی کە لای دەزگا ئەمنییەكان تۆماركراوە، باوكی ئەو منداڵانە داعش-ن و باوكیان یان كوژراوە، یاخود هەڵهاتووە بۆ سوریا، ئەو ژنانەشی كە ئەم منداڵانەیان بووە، بەپێی هاوسەرگیریی نیكاح و بە زۆرەملێ هاوسەرگیرییان لەگەڵ چەتەکانی داعش-دا کردووە و کراون بە قوربانی حەزو خواستی چەتەکان.

 

جوان حەسەن، سەرۆكی لیژنەی ژنان و منداڵان لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، لەوبارەیەوە بە رۆژنیوزی وت:"دوای ئەوەی چەندین ڕێكخراوەی نێودەوڵەتیی و ناوخۆیی لە هەوڵی بەدەستهێنانی ژمارەیاندا بوون، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا هیچ ئامارێكی دروست و ورد لەبەردەست نییە، بەڵام تەنها لە عێراق و بێجگە لە كەركوك، نزیكە سێ هەزار منداڵ باوكیان چەتەی داعش بووە".

 

ئەو ئامارە نافەرمییانە لە کاتێکدایە، بارودۆخی عەشایەریی ناوچەکە وایکردووە، کە نەتوانرێت ئامارێکی ورد و دروست هەبێت لەبارەی ئەوەی کە چەند ژن هاوسەرگیریی نیكاح-یان لەگەڵدا كراوە لە سنوری حەویجە، هەروەها تاوەکو ئێستا بەدروستیی نەزانراوە، کە چەند منداڵی داعش لەو ناوچانە هەیە.

 

پارێزەر زینە ئەشرەف، لەبارەی ئەو منداڵانەوە، بۆ ڕۆژنیوز وتی:"ئەو منداڵانەی کە لە چەتەکانی داعش-ن، دەبێت جیایان بكەینەوە، بەشێکیان ئەوانەن کە پێش ساڵی ٢٠١٤ لەدایكبوون و دواتر باوكیان بووە بە چەتەی داعش، بەشێكی دیکەیش دوای كۆنترۆڵكردنەوە حەویجەوە لەدایکبوون و لە چەتەکانی داعش-ن".

 

 

ڕوونیشی دەکاتەوە:"تا ئێستا لە سنووری کەرکوک هیچ زانیارییەكی ورد و دروست نییە، كە چەند منداڵ هەیە باوکیان چەتەی داعش بێت، بەڵام دەتوانین بڵێن لە سنووری شارۆچكەی حەویجە و چوار شاردێكەی سەر بە حەویجە، زیاتر لە ٥٠٠ منداڵ هەن، کە باوكیان چەتەی داعش بووە".

 

ئەو پارێزەرە لەبارەی چارەنووسی ئەو منداڵانەوە، دەڵێت:"لە ڕووی یاساییەوە چارەنووسی ئەو منداڵانە هەتا ئێستا نادیارە، ڕاستە یاسای ناسنامە و سەلماندن چەند چارەسەرێكی داناوە، بەڵام ئەو یاسایە كاری لەسەر ناكرێت، چونكە ئەو منداڵانە نازانرێت كە باوكیان ماوە یاخود كوژراوە، ئەم كێشەیە لە ڕووی یاساییەوە تا ئێستا چارسەری بۆ دانەنراوە".

 

بەپێی یاسای ناسنامە و سەلماندن، لە دۆخێکدا ئەگەر زانرا کە باوکی ئەو منداڵە ماوە و خاوەن ناسنامەی عێراقییە و شوێنەکەی ئاشکراکرا، ئەوا ناسنامەی عێراقیی بۆ ئەو منداڵانە دەردەکرێت، ئەگەریش باوکی عێراقی نەبوو، ئەوکات بەپێی دایکی مامەڵە لەسەر ناسنامەی منداڵەکەدا دەکرێت، واتا ئەگەر دایکی عێراقیی بوو، ئەوا ناسنامەی عێراقیی دەدرێتە منداڵەکە، بەڵام ئەگەرهاتوو چارەنووسی باوکی منداڵەکە دیارنەبوو، ئەوا هیچ ماددەیەکی یاسایی نییە بۆ ئەوەی ناسنامە بۆ منداڵەکە دەربکرێت.

 

بەپێی وتەی پارێزەر زینە ئەشرەف، کاریگەریی ئەو منداڵانە لە داهاتوودا بەشێوەیەكی مەترسیدا ڕوو لە عێراق دەكات، ئەمەش دوای گەورەبوونی ئەو منداڵانە، چونكە ئەو منداڵانە كە گەوەربن، كێشەی كۆمەڵایەتیی لێ دەكەوێتەوە، بەشێوەیەك كە كێشە دەكەوێتە نێوان ئەو كەسانەی باوكیان داعش بووە و ئەو كەسانەی كە کەسوکارییان بەهۆی چەتەکانی داعشەوە بوونەتە قوربانیی، ئەگەر بێت و لەڕووی دەروونییەوە چارەسەر ئەو بابەتە نەكرێت، جۆرێك لە ڕق و كینە لەنێوانیاندا دروست دەبێت.

 

ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت، کە هۆکاریی سەرەکی بێباوک بوونی هەزران منداڵ، تاوانەکانی چەتەکانی داعشن، لێرەشدا ژنان و منداڵان قوربانیدەریی یەکەمی ئەو تاوانانەن.

 

ب.ل



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin