Smiley face
Smiley face
Smiley face

یوسف محەمەد: ئەم هەڵبژاردنە هاوكێشەی سیاسیی دەگۆڕێت

2018-05-07 08:22:41



ڕۆژنیوز – دانا عومەر

 

سەرۆكی لیستی گۆڕان بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێیوایە، ئەم هەڵبژاردنە هاوكێشەی سیاسیی لە هەرێمی کوردستان دەگۆڕێت و قورسایی لایەنەكان دەردەخات، لەبارەی سوپای توركیاش لە هەرێم دەڵێت: لاوازی دەسەڵاتی جێبەجێكردنە لە هەرێم و بەغدا، كە تا ئێستا سوپای توركیا لە هەرێم دەرنەكراوە.

 

یوسف محەمەد، سەرۆكی لیستی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە پارێزگای سلێمانی و سەرۆكی دەستلەكاركێشاوەی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان، لەم چاوپێكەوتنەی ڕۆژنیوزدا وەڵامی چەند پرسیارێكی گرنگ دەداتەوە لەبارەی هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و كاریگەریی ڕیفراندۆم و ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر لەسەر دەنگەكانی كورد و مەترسییەكانی سوپای توركیا و بۆردوومانەكانی سنوورەكانی هەرێمی كوردستان لەلایەن دەوڵەتی توركەوە.

 

دەقی چاوپێكەوتنەکە:

 

ئەم هەڵبژاردنە چی لە هەرێمی كوردستاندا دەگۆڕێت؟

 

"قورسایی لایەنە سیاسییەكان دەردەكەوێت"

 

یوسف محەمەد: هاوكێشەی سیاسیی لە هەرێمی كوردستاندا تا ڕادەیەكی زۆر گۆڕانكاریی بەسەردا دێت، بەتایبەت هاوكێشەی نوێنەرایەتیكردنی كورد لە بەغدا تا ڕادەیەكی زۆر گۆڕانكاریی بەسەردا دێت، قورسایی لایەنە سیاسییەكان دەردەكەوێت، ڕێگاش خۆش دەكات بۆ ئەوەی بەزووترین كات هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان و سەرۆكایەتیی هەرێم و ئەنجومەنی پارێزگاكان ئەنجام بدرێت.

 

پێتوانییە ئەگەر یەكێتی و پارتی لەم هەڵبژاردنەدا شکستبهێنن شەڕێكی تری ناوخۆ هەڵبگیرسێننەوە؟

 

"توانای ئەوەیان نەماوە"

 

یوسف محەمەد: پێموانییە دەرفەتی هەڵگیرسانەوەی شەڕی ناخۆ هەبێت، لەبەر ئەوەی ئێستا لە هەرێمی كوردستاندا تەنها هاوكێشە ناوخۆییەكان ڕۆڵیان نییە، بەڵكو عێراق وەك دەوڵەت ڕۆڵی هەیە، ئەو هێزە سیاسییانەش كە لە هەرێمی كوردستاندا لەناو هێزە چەكدارەكاندا نفووسیان هەیە، دەسەڵاتی پێشوویان نەماوە تاوەكو توانای هەڵگیرساندنی شەڕی ناوخۆیان هەبێت.

 

 

پێتوایە لە دوای ڕووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەرەوە دەنگی كورد لە ناوچەكانی مادەی ١٤٠ كەمبكات؟

 

"ڕێژەی كورسییەكانی یەكێتی و پارتی لەو ناوچانە دادەبەزێت"

 

یوسف محەمەد: ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەو كاتە هەڵەیەدا و ڕادەستكردنی %٥٠ی خاكی هەرێمی كوردستان لە ١٦ی ئۆكتۆبەردا بە هێزەكانی عێراق و حەشدی شەعبی، كاریگەریی گەورە لەسەر دەنگی كورد لەو ناوچانە بەجێدەهێڵێت، بەدڵنیاییەوە دەنگی كورد لەو ناوچانە دادەبەزێت، بەتایبەت ڕێژەی كورسییەكانی یەكێتی و پارتی.

 

بزووتنەوەی گۆڕان چی كردووە لەو ناوچانە بۆ ئەوەی دەنگە زوویرەكانی كورد ئاشتبكاتەوە؟

 

"ئێمە پڕۆژەی جێگرەوە و هاوپەیمانی جێگرەوەمان پێشكەشكردووە"

 

یوسف محەمەد: ئێمە پڕۆژەیەكی جێگرەوە و هاوپەیمانیەكی جێگرەوەمان لە ناوچە جێناكۆكەكان پێشكەشكردووە، بەو شێوەیە هەوڵدەدەین كە دەنگدەری كورد ئاشتبكەینەوە، بۆ ئەوەی دەنگەكانی كورد پەرت نەبێت، داوادەكەین دەنگدەری ناڕازی لە یەكێتی و پارتی دەنگ بە لیستەكەی ئێمە بدەن، بۆ ئەوەی كورد هەڵبستێتەوە لەو ناوچانە پێكەوەژیانێكی ئاشتیانە لەگەڵ نەتەوەكانی تردا دروست بكەین.

 

ئەو كێشانەی كە لە پەرلەمانی هەرێمی كوردستان هەبوو جەنابتان نەتانتوانی چارەسەی بكەن، چۆن لە پەرلەمانی عێراق هەوڵی چارەسەركردنی دەدەن؟

 

"لە بەغداوە كار بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی دەكەین لە هەرێم"

 

یوسف محەمەد: ئێمە كە دەڕۆینە بەغدا شەڕی مافەكانی خەڵكی كوردستان دەكەین، لە بەغداشەوە كار بۆ چەسپاندنی مافەكانی هاوڵاتیان دەكەین لە هەرێم، بۆ نموونە لە مەلەفێكی وەك  گەندەڵیدا، كار بۆ ئەوە دەكەین لە عێراق و هەرێمی كوردستاندا دژ بە گەندەڵی بووەستینەوە، لە ئەنجامی ئەوەشدا داهاتەكان بۆ هاوڵاتیان دەگەرێتەوە، لە مەلەفی نەوتدا كار بۆ ئەوە دەكەین كە خەڵك سوود لە نەوت وەربگرێت، پڕۆژەی ئێمە لە بەغدا پڕۆژەیەكی نیشتمانییانە دەبێت، لە بەغداشەوە كار بۆ چەسپاندنی مافەكان دەكەین لە هەرێمی كوردستان، کار بۆ چەسپاندنی مافەكانی هاوڵاتیان و هێنانەكایەی دادوەریی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دەكەین لە هەرێمی كوردستان.

 

 

بەو مەلەفانەی وەك سەرۆكی پەرلەمان هاتوونەتە بەردەستت، دەتوانیت لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە ڕووبەڕووی ستەمكاری و گەندەڵی ببیتەوە لە هەرێمی كوردستان؟

 

"ئەوانە ڕێگاخۆشكەرن بۆ ئەوەی بە بوێریی شەڕی مافەكانی خەڵك بكەین"

 

یوسف محەمەد: هەم بەو شارەزایەیی لە دەستوری عێراقدا هەمانە، هەم بەو داتایانەی لە بەردەستماندایە لەسەر ئاستی عێراق، وە بەپێی‌ هەموو ئەو مەلەفانەی كە لەبەردەستماندایە، رێگاخۆشكەر دەبن بۆ ئەوە كە بە بوێریی و بە بوونی زانیارییەوە شەڕی مافەكانی خەڵك بكەین.

 

یەكێك لەو كێشانەی كە ئێستا هەیە و هەروەها ئەو كاتەش كە جەنابت سەرۆكی پەرلەمان بووی هەر هەبووە، بۆردوومانكردن و سنووربەزاندنی سوپای توركیایە لە هەرێمی كوردستان، چۆن كار بۆ ڕاگرتنی ئەو دەستدرێژییانە دەكەن؟

 

"عێراق و هەرێمیش پێویستە پێداگربن لەسەر كشانەوەی سوپای توركیا لە هەرێمی کوردستان"

 

یوسف محەمەد: پێویستە دەوڵەتی توركیا ڕێز لە سەروەری خاكی عێراق و هەرێمی كوردستان بگرێت و دەستدرێژییەكانی بۆ سنورەكانی هەرێمی كوردستان ڕابگرێت، عێراق و هەرێمی كوردستانیش پێویستە پێداگربن لەسەر ڕاوەستاندنی دەستدرێژیەكانی توركیا، لە پەرلەمانی هەرێمی كوردستان بڕیار هەیە بۆ ئەوەی توركیا سوپاكەی لە هەرێمی كوردستان بكشێنێتەوە، پێمانوایە كێشەی كورد لە توركیا بە شێوەیی ئاشتیانە چارەسەر دەبێت، هیوادارین سەرلەنوێ‌ پڕۆسەی ئاشتی لە توركیادا دەستپێبكاتەوە.

 

لە پەرلەمانی هەرێمی كوردستان و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیار هەیە بۆ دەركردنی بارەگا سەربازییەكانی توركیا لە هەرێمی كوردستان، بۆ ئەو بڕیارە تا ئێستا جێبەجێ‌ نەكراوە؟

 

"لاوازیی دەسەڵاتی جێبەجێكردنە"

 

یوسف محەمەد: لاوازی دەسەڵاتی جێبەجێكردن لە هەرێمی كوردستان و عێراق هۆكارن بۆ ئەوەی كە ئەوبڕیارە جێبەجێنەكراوە.

 

 

پارتی دیموكراتی كوردستان تاوانبار دەكرێت بە هاوكاری سوپای توركیا لە هەرێمی كوردستان، پێتوایە لەدوای ئەوەی توركیا پشتی كردە هەرێمی كوردستان لە ڕیفراندۆمدا، بۆچی جارێكی دیكە پارتی هاوكاری توركیا دەكات؟

 

"پێویستە وازلەوەبهێنین بۆ بەهێزكردنی خۆمان پشت بە هێزی دەرەكیی ببەستین"

 

یوسف محەمەد: من ناتوانم لە بری پارتی وەڵامی ئەو پرسیارە بدەمەوە، بەڵام پێموایە پێویست دەكات ئیتر واز لەوە بهێنین کە بۆ بەهێزكردنی خۆمان، پشت بە هێزی دەرەكیی ببەستین، ڕووداوەكانی كاتی ڕیفراندۆم و دوای ڕیفراندۆم ئەوەیان سەلماند كە كەس دۆستی كورد نییە خۆی نەبێت، بۆیە پێویستە كورد لە هەرچوار پارچەی كوردستان پشتی یەك بگرین و پشت بەهێزی خۆمان ببەستین، نەك بە هێزی دەرەكیی، پێویستە هەرچی زووترە ببینە خاوەنی گوتارێكی نیشتیمانی بۆ بەرەنگار بوونەوەی ئەو مەترسیانەی لەسەرمانن، ئێمە پشتیوانی هەموو هێزە كوردییەكان دەكەین لە هەموو پارچەكانی كوردستان، ئێمە ئەگەر دەنگمان لە باكور هەبوایە دەنگمان دەدا بە سەلاحەدین دەمیرتاش بۆ سەرۆكایەتیی كۆماری توركیا.

 

ئەگەر حكومەت نەتوانێت سوپای توركیا لە هەرێمی كوردستان دەربكات، لایەنەكانی دەرەوەی حكومەت و هاوڵاتیانی هەرێم دەبێت چی بكەن بۆ دەركردنی ئەو سوپایە؟

 

"پێویستە لەڕێگەی پەرلەمانەوە فشاری زیاتر بكەین"

 

یوسف محەمەد: پێویستە لە ڕێگای پەرلەمانی هەرێمی كوردستان و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە، فشاری زیاتر بكرێت بۆ ئەوەی دەستێوەردانە دەرەكییەكان لە هەرێمی كوردستان كۆتایی پێبهێندرێت.

 

پێتوایە هیچ ڕێككەوتنێكی نهێنیی هەبێت لە نێوان حكومەتی عێراق و توركیادا بۆ بەزاندنی سنوورەكانی هەرێمی كوردستان؟

 

"ڕیفراندۆم نەیارەكانی كوردی لەیەك نزیككردەوە"

 

یوسف محەمەد: پێموایە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم نەیارەكانی كوردی لەیەكدی نزیككردەوە، ئێران و عێراق و توركیا و سوریا، ڕیفراندۆم تەنها مەترسی بۆ سەر باشوری كوردستان دروستنەكرد، بەڵكو بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستانیش مەترسی دروستكرد، گەلی كورد باجی هەڵەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و كاتی هەڵەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی دا لە خانەقینەوە تاوەكو عەفرین، بۆیە پێم وایە ئەو ڕووداوانەی ئێستا ڕوودەدەن پەیوندیان بە ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەوە هەیە.

 

 

ب.ل



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin