Smiley face
Smiley face
Smiley face

ئەمریکا لە ڕێککەوتننامەی ئەتۆمیی ئێران کشایەوە

2018-05-08 22:05:10



ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان

 

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا، بەڕیاریدا کە وڵاتەکەی لە ڕێککەوتننامەی ئەتۆمیی لەگەڵ ئێران بکشێتەوە.

 

ئەمشەو، دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە وتارێکدا لە کۆشکی سپی، کشانەوەی وڵاتەکەی لە ڕێککەوتننامەی ئەتۆمیی لەگەڵ ئێران ڕاگەیاند.

 

سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاندووە: لە دوای ڕێککەوتنەکەوە داهاتی ئێران لە ٤٠% زیادیکردووە و کاریکردووەتە سەر دروستکردنی موشەکی ئەتۆمی و دروستکردنی ئاڵۆزی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

 

وتوویشییەتی، کە پێویست بوو ڕێککەوتنەکە بنیاتنەرانە بێت، بەڵام ئەوە ڕووی نەدا و نەبووە مایەی بەرپابوونی ئاشتی و ئارامی، ئێمەش ڕێگانادەین کە ئەمریکا ڕووبەڕووی مەترسیی ببێتەوە.

 

ترامپ، جەختیشیکردووەتەوە، کە بەردەوام دەبن لە سەپاندنی گەمارۆی ئابووریی "زۆر فراوان" لەسەر ئێران و ئەو وڵاتانەش دەگرێتەوە، کە هاوکاریی ئێران دەکەن لە پێشخستنی بەرنامەی ئەتۆمیدا.

 

لە ساڵی ٢٠١٥، ڕێککەوتننامەی ئەتۆمیی ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا لەگەڵ ئێران واژۆکرا، بۆ ئەوەی لەو ڕێگایەوە ئێران ناچار بکەن، کە دەستبەرداری بەرنامە ئەتۆمییکەی ببێت.

 

لەوەتەی دۆناڵد ترامپ بووەتە سەرۆکی ئەمریکا، بەردەوام ڕەخنە لەو ڕێککەوتننامەیە دەگرێت.

 

ئەم بڕیارەی ترامپ، پێچەوانەی داخوازیی هاوپەیمانە ئەوروپییەکانییەتی، بەتایبەت فەرەنسا و ئەڵمانیا، کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا داوایان لێکرد، کە لەو ڕێککەوتننایە نەکشێتەوە.

 

بەڵام ئەم بڕیارە بەتەواوەتیی بەدڵی ئیسرائیلە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکی ئیسرائیل پێشتر پشتگیریی وڵاتەکەی بۆ کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتننامەی ئەتۆمیی لەگەڵ ئێران دەربڕیبوو.

 

شەوی ڕابردوویش، حەسەن ڕۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێڕان ڕایگەیاندبوو، تەنانەت ئەگەر ئەمریکاش لە ڕێککەوتنەکە بچیتە دەرەوە ئەگەری هەیە کە ئێران پابەند بمێنێت بەو ڕێککەوتنەوە.

 

بەڵام فەرماندە پلەبەرزەکانی سوپای پاسدارانی ئێران، بە پێچەوانەی قسەکانی ڕۆحانی ڕایانگەیاندووە، کە ئەگەر ئەمریکا لە ڕێککەوتن بچێتە دەرەوە، ئێران پیتاندنی ئۆرانیۆم دەستپێدەکاتەوە.

ئەمڕۆش، عەلی شەمخانی، سکرتێری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران ڕایگەیاندبوو، کە کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتننامەی ئەتۆمیی، هیچ سوودێک بە ئەمریکا ناگەیەنێت، هۆشداریشی دابوو، کە ئەگەر ئەمریکا هێرش بکاتە سەر ئێران، ئەوا وڵاتەکەی بێ وەڵام بێت.

 

چاوەڕوان دەکرێت ئەم بڕیارەی دۆناڵد ترامپ، کاردانەوەی جیهانیی بەدوایخۆیدا بهێنێت.

 

ب.ل



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin