Smiley face
Smiley face
Smiley face

لەیلا قاسم، چیرۆکی کچێکی قارەمان و شۆڕشگێڕ.. دۆسیە

2018-05-11 08:05:30



ڕۆژنیوز – ڕۆزە محەمەد


لەیلا قاسم، ژنە تێکۆشەر و چالاکوانی سیاسیی کورد بوو، کە ڕژێمی بەعس لە بەغدا لە سێدارەیدا، لەیلا قاسم وەک یەکەم ژنی شەھیدی خەباتی کورد لە باشوری کوردستان دەناسرێت.


سبەینێ ١٢ی ئایار، ساڵیادی لەسێدارەدانی لەیلا و هاوڕێکانییەتی، کە لە کاتژمێر ٧ی سەرلەبەیانی ڕۆژی ١٢/٥/١٩٧٤ لەشاری بەغدا لەسێدارەدران.

 

ژیانی لەیلا قاسم

 

لەیلا قاسم، کچە تێکۆشەری کورد، ساڵی ١٩٥٢ لە گوندی بامیلی سەر بە شارۆچکەی خانەقین لە خێزانێکی ھەژار و نیشتمانپەروەری کورد لەدایکبووە، قاسم حەسەنی باوکی لەیلا، کرێکاری کۆمپانیای پاڵاوگەی نەوتی ئەڵوەند بووە، دوای ئەوەی قاسم خانەنشین کراوە، ساڵی ١٩٧١ لە خانەقینەوە ماڵیان گواستوەتەوە بۆ بەغدا، ھەموو خوشک و براکانی لەیلا (سەبیحە، سەلام، سەفا، سەلاح) خەریکی خوێندن بوون، سەرباری خوێندن ھەریەکەیان لە پای خوێندنەکەیان بۆ بژێوی ژیانی خێزانەکەیان کاریان کردووە.

 

 

لەیلا قاسم بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٩٥٨ لە شارۆچکەی خانەقین چووەتە بەر خوێندن و قۆناغەکانی سەرەتایی و دواناوەندی لەو شارۆچکەیە تەواو کردووە، لە ساڵی ١٩٧١دا لە بەشی کۆمەڵناسی کۆلێژی ئادابی زانکۆی بەغدا وەرگیراوە، لەیلا کە ھەر لە تەمەنی منداڵییەوەی ھەژاریی و نەداری چەشتبوو، لەلایەکیی دیکەش زوڵم و زۆرداری ڕژێمی بەعس لەسەر گەلی کورد، بیری ئازادیخوازانە و خەبات و تێکۆشانی لەلای لەیلا قاسم دروستکردبوو.

 

لەیلا قاسم بەشداری سیاسەت بوو

 

لەیلا ھەر زوو ئاشنایەتی لەگەڵ بزووتنەوە و ڕێکخستنەکانی نەتەوەکەیدا پەیداکرد، ساڵی ١٩٧٠ لە ڕێگای سەلام قاسمی برا گەورەکەیەوە پەیوەندی بە بزاڤی سیاسیی نەتەوەکەیەوە کردووە و لەنێو ڕیزەکانی 'یەکێتیی قوتابیانی کوردستان' خەبات و تێکۆشانی بەڕێوەبردووە، لەنێو خوێندکارە کوردەکانی زانکۆی بەغدا ڕۆڵێکی کاریگەری ھەبووە لە وشیارکردنەوە و ڕێکخستنیان، لەیلا لەگەڵ خوێندکارە کوڕەکانی کورد خەباتێکی بەرفراوانتری بەڕێوەدەبرد و دژ بە نایەکسانی مافەکانی ژنان و پیاوان وەستایەوە، بەتایبەتیش کە بۆ خودی خۆی لە بواری کۆمەڵناسیدا دەیخوێند و لە ڕاستییەکانی کۆمەڵگەی کورددا تێگەیشتبوو.


بە هۆی خۆشەویستییەوە چووە نێو ڕیزەکانی پێشمەرگە

 

لەیلا قاسم لەگەڵ یەکێک لە ھاوڕێکانی خۆی بە ناوی جەواد ھەمەوەندی، کە بەیەکەوە خەبات و چالاکییان دەکرد، یەکتریان خۆشدەویست، ئەگەرچی لەیلا خوێندکاری زانکۆ و جەوادیش کرێکاری یەکێک لە کارگەکانی بەغدا بوو، بەڵام خۆشەویستییەکی بێسنووریان لەنێواندا ھەبوو، لەیلا ھەر بە ڕێگەی جەوادیشەوە بۆ ماوەیەک لە ناوچەکانی باشووری کوردستان چووە نێو ڕیزەکانی پێشمەرگەوە، ئامانجی لەیلا قاسم لەوەدا زیاتر ناسینی ڕەوشی سیاسی کورد و بە شێوەیەکی باشتر بەڕێوەبردنی خەباتی ڕێکخستن بوو لەنێو شارەکاندا.

 

فراوانکردنی چالاکییەکان و زۆربوونی ترسی ڕژێمی بەعس

 

لە ئازاری ١٩٧٤دا دوای دەستپێکردنەوەی شەڕ و ھێرشکردنەوەی ڕژێمی بەعس بۆ سەر ناوچەکانی کوردستان، بەعس دەستیکرد بە کۆچبەرکردنی ھەزاران کورد و بۆردومانکردنی ھەردوو شارۆچکەی قەڵادزێ و ھەڵەبجە و ڕاوەدوونان و گرتنی ڕۆشنبیران و خوێندکاران و ئازادیخوازانی کورد، ھەر لەو کاتەدا ھەزاران کەسیش لە تاکەکانی کۆمەڵ بۆ بەرگریکردن لە مافی نەتەوەکەیان ڕوویان لە شاخەکان کرد و چەکی پێشمەرگەیاتییان ھەڵگرت، لەو کاتەدا لەیلا قاسم و جەواد ھەمەوەندی و نەریمان فوئاد و ھەندێک لە ھاوڕێکانی تریان پێیانوابوو خەباتکردن تەنیا لە شاخ بەس نییە، بەڵکو خەبات و تێکۆشان لە شارەکاندا و لەنێو جەرگەی دوژمندا پێویستیەکی زۆر گرنگی ئەو قۆناغەیە، بۆیە ڕوویان نەکردە شاخەکان و لە بەغدای پایتەختی عێراق بۆ درێژەدانی خەبات و تێکۆشان مانەوە.

 

دەستگیرکردنی لەیلا قاسم و هاوڕێکانی

 

لەگەڵ بەرفراوانبوونی شەڕەکان لە ساڵی ١٩٧٤دا، دەزگا ھەواڵگرییەکانی ڕژێمی بەعس بەردەوام و زۆر بە توندی چاودێری یەک ‌بەیەکی چالاکوانانی کوردییان دەکرد، بۆیە ئەوەندەی نەبرد لە ڕۆژی ١٩٧٤/٠٤/٢٨دا لەیلا قاسم و چوار لە ھاوڕێکانی (جەواد ھەمەوەندی، نەریمان فوئاد مەستی، حەسەن حەمەڕەشید و ئازاد سلێمان میران) لە ئەنجامی ھەڵمەتێکی بەرفراوانی ھێزەکانی ئاسایش و سەربازی ڕژێم لە بەغدا دەستگیرکران، ڕۆژنامەی الصورەی زمانحاڵی ڕژێمی بەعسی دەسەڵاتدار و ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی ناوخۆیی عێراق، لەیلا قاسم و ھاوڕێکانی وەک تێکدەر و گێرەشێوێن و تیرۆریست بەناو کرد، بەڵام لەگەڵ ھەموو ئازار و ئەشکەنجەیەکیشیان بچووکترین کردەوەشیان لەسەر ئاشکرا نەبوو.

 

 

لەیلا قاسم کچێکی چاونەترس و زیرەک بوو؛ لەڕووی وەڵامی پرسیارەکانی بەڕێوەبەری دەزگای ھەواڵگری بەعسدا بێ باکانە ڕایگەیاندبوو: "بە کوشتنی من ھەزاران کورد لە خەوی نەزانی وشیار دەبنەوە، زۆر خۆشحاڵ و سەربەرزم کە گیانم فیدای ڕێی ڕزگاری کوردستاندا دەکەم." ھەموو ئازار و ئەشکەنجەیەک نەیتوانی بڕیاری پەشیمانی بە لەیلا دەربڕێت.

 

لەسێدارەدانی لەیلا قاسم

 

ڕژێمی بەعس بە مەبەستی چاوترساندنی لاوان و قوتابیان و چینی ڕۆشنبیری کورد یەکسەر دوای دەستگیرکردنیان دادگایەکی نادادوەرانەی دژ بە لەیلا قاسم و ھاوڕێکانی بەڕێوەبرد و بڕیاری لەسێدارەدانیانی بۆ دەرکرد، ھێشتا دوو ھەفتە بەسەر دەستگیرکردنیان تێنەپەڕیبوو، کە کاتژمێر ٧ی سەرلەبەیانی ڕۆژی ١٩٧٤/٠٥/١٢ لەیلا قاسم و ھەر چوار ھاوڕێکەی لەسێدارەدران.


سەلام قاسمی برای لەیلا قاسم، بە ماوەیەک دوای لەسێدارەدانی لەیلا ھەر لە بەغدا لەلایەن بەعسییەکانەوە کوژرا، تاوانی سەلام قاسم تەنیا ئەوە بووە کە وێنەی لەیلای خوشکی ناردبوو بۆ دەستی خوێندکارانی کورد و ئەندامانی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان لە دەرەوەی وڵات، دایک و باوکی لەیلا قاسمیش بەھۆی لەدەستدانی دوو ڕۆڵەیان، ھەر زوو بە کۆست و خەمێکی گەورەوە سەریان نایەوە و کۆچی دواییان کرد.

 

 

ھەواڵی لەسێدارەدانی لەیلا قاسم بە کوردستاندا بڵاو بووە، ھەروەھا ھەندێک لە چاپەمەنییەکانی ئەوکاتەی جیھان ھەواڵی لە سێدارەدانی لەیلا قاسمیان وەک لەسێدارەدانی یەکەم ژن لە مێژووی سیاسی عێراقدا بڵاوکردوەتەوە، بێگومان لەسێدارەدانی کچە کوردێک بەدەستی ڕژێمی بەعس کاریگەرییەکی گەورەی کردە سەر لاوانی ئەو سەردەمەی کورد، کە ئەوەش بووە ھۆی ئەوەی بە ھەزاران لاوی کورد پەیوەست بن بە دۆزی گەلەکەیان و ڕوو لە چیاکان بکەن.

 

دوای لەیلا قاسم لە سەرتاپای کوردستان ھەزاران منداڵی کورد بە ناوی لەیلاوە ناونران. هەروەها ژنانی کورد کە دەچوونە ناو تێکۆشانەوە، ناوی لەیلایان لە خۆیان دەنا، لەیلا قاسم بوو بە چیرۆک و داستان و ھەڵبەستی شاعیرانی گەورەی کوردی وەک جگەرخوێن و هێمن و زۆری دیکە. هەروەک مامۆستا هێمن لەسەر قارەمانی لەیلا دەڵێ:

 

کە تۆ تۆرای لە چاوم وەک خەوی من              لە بسکت ڕەشترە مانگەشەوی من
بڕۆ مەجنوون بە لەیلای خۆت مەنازە               کە ناوبانگی پتر دەرکرد ئەوی من
بزەی ھاتێ، وتی جەلادی خوێڕی!                  بە کەیفی خۆت پەتت باوێژە ئەستۆم
ئەوە پەت نیە میدالی ئیفتخارە                        کە بوومە قارەمانی میلەتی خۆم

 


ک.ک
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin