Smiley face
Smiley face
Smiley face

عەبادی ڕاگەیەنداوێکی سەبارەت بە هەڵبژاردن بڵاوکردەوە

2018-05-13 09:12:52



ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان

 

حەیدەر عەبادی، فەرمان بە هێزە ئەمنییەکان دەکات، کە شاری کەرکوک و هەرێمی کوردستان بپارێزن، داواش لە کۆمسیۆن دەکات سەبارەت بەو سندوقانەی تانەیان لێدراوە، ڕێکاریی پێویست بگرنە بەر.

 

شەوی ڕابردوو دوای ئاشکرابوونی ئەنجامی نافەرمیی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە شاری کەرکوک و هەرێمی کوردستان، ناڕەزایی سەبارەت بە ئەنجامەکان دەرکەوت و ئاڵۆزیی دورست بوو، لەوبارەیەشەوە نووسینگەی حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا، عەبادی  فه‌رمانی دا هێزه‌ ئه‌منییه‌کان له‌ هه‌رێمی کوردستان و شاری که‌رکوک ئاسایش بپارێزن و له‌ پرسی هه‌ڵبژاردندا بێلایه‌نانە مامەڵە بکەن.

 

هەروەها، داوای له‌ کۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌کان کردووە، کە رێوشوێنی به‌په‌له‌ بگرێته‌ به‌ر بۆ پشکنینی ئه‌و سندوق و ئامێرانه‌ی تانه‌یان لێدراوه‌ و ئه‌نجامه‌کان بۆ رای گشتی بڵاوبکاته‌وه‌.

 

دوێنێ، دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەچوو، ڕێژەی دەنگدان بەگشتیی لە عێراق ٤٤% بوو.

 

دوای ئاشکرابوونی ئەنجامی نافەرمیی، لە شاری کەرکوک ڕێکخراوی بەدر ناڕەزایی نیشاندا و پێیوابوو، کە ساختەکاریی کراوە و دەنگەکانی بۆ کورد ڕۆشتووە، هێزێکی چەکدار بۆماوەی چەند کاتژمێرێک دەوری بارەگای لقی کەرکوکی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانیان دا.

 

هەروەها، لە هەرێمی کوردستان، تەنیا یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان لە ئەنجامی دەنگدانەکە ڕازیی بوو، هەریەک لە (بزوتنەوەی گۆڕان، کۆمەڵ، یەکگرتوو، نەوەی نوێ، هاوپەیمانیی بۆ دیموکراسی و دادپەروەریی) پێیان وایە، کە ساختەکاریی کراوە و دەنگەکانیان بۆ یەکیتی چووە، پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراق-یش دەڵێت، کە لە ئەنجامی سنووری سلێمانی ڕازیی نین و داوای سەرلەنوێ هەژمارکردنەوەی بە دەست دەکەن.

 

ش.ف



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin