Smiley face
Smiley face
Smiley face

ئەمڕۆ جەژنی زمانی کوردییە.. دۆسییە

2018-05-15 09:26:24



ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان

 

ئەمڕؤ ٨٦-ەمین ساڵیادی دەرچوونی یەکەمین ژمارەی گۆڤاری هاوارە، گۆڤارێک کە لەبەرامبەر پێشێلکارییەکانی دژ بە کورد بۆ یەکەم جار بڵاوکرایەوە، لە ئێستادا ڕۆژی دەستپێکردنی وەک ڕۆژی جەژنی زمانی کوردی پیرۆزدەکرێت.

 

لەپاش بڵاوبوونەوەی گۆڤاری هاوار، کتێب و ڕاگەیاندن و گۆڤاری کوردی زیادیان کرد، فۆنۆتیکی کوردی لاتین کە لەلایەن جەلادەت عەلی بەدرخانەوە ئامادەکرابوو وەک فۆنۆتیکی فەرمیی بەشێکی زۆری کوردستان قبوڵ کرا، لەو ڕووەوە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان- کەنەکە، لە ساڵی ٢٠٠٦دا، ١٥ی ئایاری وەک ڕۆژی جەژنی زمانی کوردی دیاریکرد.

 

لە کاتێکدا یادی دەرچوونی ئەو گۆڤارە دەکرێتەوە، ئەو پێشێلکارییانەی دژی گەلی کورد هێشتا بەردەوامن، هاوکات لە چوار پارچەی کوردستان هەزاران خوێندنگا و پەیمانگا و زانکۆ دروستکراون، کە زمانی پەروەردەکەیان کوردییە، لەلایەکی دیکەوە ئەمڕۆ ڕاگەیاندنی کوردی دیاریکەری ڕۆژەڤە ناوچەییەکانە.

 

یەکێک لە نەتەوە لێقەومەکانی جەنگی یەکەمی جیهانی گەلی کوردن، پاش ئەوەی کوردستانیان کردە چوار پارچە و سیاسەتی نکۆڵیکردن و لەناوبردنی شوناسی کورد دەستیپێکرد، تێکۆشان بۆ پاراستنی زمان و کلتوری کوردی کەوتە دۆخێکی سەختەوە.

 

لە ساڵی ١٩٣٠ دا ژمارەیەک، نووسەر، ڕۆشنبیر کە بۆ سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان دوورخرابوونەوە، گروپێکیان پێکهێنا لەدژی ئەو پێشێلکاریی و هێرشانەی سەر زمان و کلتوری کوردی، ١٥ی ئایاری ساڵی ١٩٣٢ هەوڵەکانی ئەو گروپە لە شێوەی گۆڤاری هاواردا چاپ کرا.

 

جەلادەت عەلی بەدرخان و هەڤاڵانی لە دیمەشقی پایتەختی سوریا بڵاوکردنەوەی گۆڤاری هاواریان دەستپێکرد، ئەو گۆڤارە دووڕێیانێکی لە مێژووی ڕاگەیاندنی کوردیدا دروستکرد، یەکەم بۆ ئەوەی بەزمانی کوردی دەنووسرا و دووەم بۆ ئەوەی بۆ یەکەم جار کوردیی بە فۆنۆتیکی لاتینی دەنووسرا.

 

هونەر، فەلسەفە، لێکۆڵینەوە و مێژوو وەک بابەتە سەرەکییەکانی ئەو گۆڤارە بوون و نووسەراوەکانی عوسمان سەبری، جەلادەت بەدرخان، قەدریجان، جگەرخوێن، مستەفا بۆتی، ئەحمەد نامی، حەسەن هۆشیار، بشارێ نێروان، ڕەشید کورد، گۆرام، توفیق وەهبی، ئەڤدلخالق عەشیری، شاکر فاتح، هەڤیندێ سۆری، پیرۆت و لاوەکی کورد لەو گۆڤارەدا بڵاوکرانەوە.

 

گۆڤارەکە تا ساڵی ١٩٤٣ بەدروام بوو لە بڵاوکردنەوە و بەگشتی ٥٧ ژمارەی لێ چاپ بوو.

 

دەنگدانەوەی هاوار

 

لەپاش بڵاوبوونەوەی گۆڤاری هاوار، کتێب و ڕاگەیاندن و گۆڤاری کوردی زیادیان کرد، فۆنۆتیکی کوردی لاتین کە لەلایەن جەلادەت عەلی بەدرخانەوە ئامادەکرابوو وەک فۆنۆتیکی فەرمیی بەشێکی زۆری کوردستان قبوڵ کرا، ئەمڕۆ کە هەموو ئەو نووسراوانە  بە فۆنۆتیکی لاتین دەنووسرێن بەپێی ئەو فۆنۆتیکەن و پەروەردەی زمانی کوردیی لاتینیش هەر ئەو فۆنۆتیکە بە بنەما دەگرێت.

 

هەر لەو ڕووەوە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان- کەنەکە، لە ساڵی ٢٠٠٦دا، ١٥ی ئایاری وەک ڕۆژی جەژنی زمانی کوردی دیاریکرد و لەوکاتەوە هەموو ساڵێک ١٥ی ئایار پیرۆزدەکرێت.

 

ئەمڕۆ پاش تێپەڕبوونی ٨٦ ساڵ بەسەر چاپبوونی گۆڤاری هاوار، پێشێلکاریی لەدژی کلتور و زمانی کوردی بەتایبەتی لە باکور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە، لە ساڵی ٢٠٠٠دا لە چەندین شاری باکوری کوردستان خوێندنگای زمانی کوردی کرایەوە، هەروەها ئەو شارەوانییانەی لە ساڵی ١٩٩٩دا کەوتە دەستی کوردەکانەوە بە دوو زمانی کوردی و تورکی دەستیان بە کار و خزمەتگوزارییەکانیان کرد، هاوکات تێکۆشان بۆ پێشخستنی کلتوری کوردی بەرفراوانتربووەوە، بەڵام حکومەتی ئاکاپە ئەوەی پێ قبوڵ نەکرا و لە ساڵی ٢٠١١ بەدواوە فشارەکانی بۆسەر زمان و کلتوری کوردی زیاتر کردەوە، لە ساڵی ٢٠١٤وە بۆ ٢٠١٧ بەبێ هیچ هۆکارێک بە شێوەی نایاسایی هەموو ڕێکخراو و ناوەندەکانی تایبەت بە زمانی کوردیان داخست، دەست بەسەر نزیکەی ١٠٠ شارەوانیدا گیرا کە لە دەستی کوردەکاندا بوو، ئەنیستیوتی کوردیی ئەستەنبول و ئامەد داخران کە لەبارەی ئەدەبیات، مێژوو، زمان و کلتوری کوردی کتێب و بەرهەمیان بڵاودەکردەوە.

 

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕێگرییەکان و پێشێلکارییەکانی دژی زمانی کوردی زیاترە و ڕێگانادرێت کە پەروەردە و ڕاگەیاندن بە زمانی کوردی ئەنجام بدرێت.

 

بەگوێڕەی دەستووری عێراق زمانی کوردی  بە دووەمین زمانی فەرمیی وڵات دەزانرێت، بەڵام جگە لە هەولێر، سلێمانی، کەرکوک، دهۆک و دەوروبەری موسڵ، خوێندن بەزمانی کوردی نییە.

 

لە باشور و ڕۆژئاوای کوردستان بۆ پەروەردە، ڕاگەیاندن و سیاسەت زمانی کوردی بەبنەما دەگیرێت، ئەوەش لە باشوری کوردستان لە ساڵی ١٩٩١ و لە ڕۆژئاواش لە ساڵی ٢٠١٢ وە دەستیپێکردووە، لەو دوو پارچەیەی کوردستان هەزاران خوێندنگا، پەیمانگا، زانکۆ و ناوەندی تەندروستی هەن کە بە زمانی کوردین و جیلی نوێی ئەو دوو پارچەیەی کوردستان بە زمانی کوردی دەخوێننەوە و دەنووسن.

 

هەروەها ئەو هاوڵاتییە کوردانەی ئاوارەی دەرەوەی وڵاتن، بەزمانی کوردی قسەدەکەن و دەنووسن، ئەمڕۆ کوردی یەکێکە لەو زمانانەی جیهان کە ژمارەیەکی زۆر قسەی پێدەکەن، بەگوێرەی ئامارێکی گۆڤاری فرانس دان لۆمۆندی فەرەنسی، زمانی کوردی لە ڕووی ژمارەی ئەو کەسانەی قسەی پێدەکەن، ٣١-ەمین زمانی جیهانە.

 

ڕاگەیاندنی کوردی

 

گۆڤاری هاوار بۆ ڕاگەیاندنی کوردی وەک خاڵێکی وەرچەرخان دەبیرێت، پاش ئەو گۆڤارە چاپی کتێب، گۆڤار و ڕۆژنامە بەزمانی کوردی لە سەرتاسەری کوردستان دەستیپێکرد، لە بەرامبەردا هێرش و پێشێلکارییەکانی زمانی کوردیش هەر بەردەوامە.

 

ئەو هێرش، ڕێگری و قەدەغانەی سەرزمانی کوردی بەتایبەتی لە ساڵی ١٩٩٠ وە لە باکوری کوردستان زۆر زیادی کردووە، گۆڤارەکان، ڕۆژنامەکان، کتێب و ڕاگەیاندن و تیڤی کوردیی بەردەوام ڕێگرییان لێکراوە، زیاتر لە ١٠٠ ڕۆژنامەنووس و نووسەر ڕفێندراون و کوژراون، ژمارەیەکی زۆریش بەهۆی فشارەکانی سەریان ئاوارەی دەرەوەی وڵات بوون.

 

یەکەم ڕۆژنامەی کوردی لە باکوری کوردستان ڕۆژنامەی وەڵات بوو، بەڵام بەهۆی ئەو ڕێگرییانەی لێیکراوە چەندین جار ناوی گۆڕیوە و بەردەوامی بەکارەکانی داوە، لە ساڵی ٢٠٠٦-وە بۆ یەکەم جار ڕۆژنامەی ئازادیی وەڵات لە ئامەد دەستی بەکارەکانی کرد، لە بەرامبەر ئەو ڕۆژنامەیەدا ١٠٠ سکاڵا تۆمارکرا و هەموو بەڕێوەبەرانەی ڕۆژنامەکە خرانە زیندانەوە، لەم دواییانەدا ڕۆژنامەی وەڵاتیش لەلایەن حکومەتی ئاکەپەوە داخرا، بەڵام لە ئێستادا بە شێووەی ئینتێرنێتی بەردەوامە لە بڵاوکردنەوەی ڕۆژانەیدا.

 

نزیک بە حەوت ڕادیۆی کوردی، پێنج تەلەفزیۆن، دوو ئاژانس و دەیان ڕۆژنامەی ناوچەیی داخران و هەروەها ئاژانسی ژنها کە یەکەم ئاژانسی تایبەت بە هەواڵەکانی ژنان بوو داخرا و پاشان جێگرەوەکەی (سووژن)یش داخرا، تەلەفزیۆنی منداڵانی زارۆک تیڤی ش داخرا، بەڵام ڕووبەڕووی ناڕەزای توند بووەوە و لە ئەنجامدا حکومەتی ئاکەپە ناچاربوو دیسانەوە ڕێگابدات بە پەخشی بەرنامەکانی.

 

دەتوانین بڵێین، ئەوەندەی هێرش بۆسەر زمان و کلتوری کوردی زیادی کردبێ، تێکۆشان بۆ پاراستنیشی بەرفراوانتر بووەتەوە، ئەو ڕێبازە بە پاراستنی زمانی کوردی کە بەتایبەتی لە باکوری کوردستان دەستیپێکرد لە سەرتاسەری کوردستان بەردەوامی پێدرا، ئەمڕۆ لە باکور، ڕۆژئاوا و باشوری کوردستان سەدان ڕاگەیاندنی کوردی کاردەکەن و هاواری یەکسانی، ئازادی، دیموکراسی، ئازادی ڕەگەزی و ژیانی هاوبەش دەکەن، ئەو تێکۆشانە بەتایبەتی لە ڕاگەیاندنی دەنگی ژنی ئازاد دا زۆر بەهێزە.

 

س.ح



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin