Smiley face
Smiley face
Smiley face

سه‌عید کاکه‌یى: ده‌بێت دووباره‌ ده‌نگه‌کان هه‌ژماربکرێنه‌وه‌

2018-05-16 16:49:25



ڕۆژنیوز ـ ناوه‌ندى هه‌واڵه‌کان


سه‌عید کاکه‌یی، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى کۆمیسیارانى کۆمسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌کانى عێراق ڕایگه‌یاند، کۆمسیۆن داواى لایه‌نه‌کانى بۆ دووباره‌ هه‌ژمارکردنه‌وه‌ى پسوله‌کانى ده‌نگدان ڕه‌تکردوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام پێویست ئه‌وه‌ بکرێت و ده‌نگه‌کان هه‌ژمار بکرێنه‌وه‌.


ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ له‌ شارى به‌غدا سه‌عید کاکه‌یی، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى کۆمیسیارانى کۆمسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌کان کۆنگره‌یه‌کى ڕۆژنامه‌وانی له‌سه‌ر ناڕه‌زایی لایه‌نه‌کان دژى ئه‌نجامه‌کانى هه‌ڵبژاردن ئه‌نجامدا.


سه‌عدی کاکه‌یى وتى: شه‌ش لایه‌نى سیاسى له‌ هه‌رێمى کوردستان ڕه‌خنه‌ و گومانیان له‌سه‌ر پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردن هه‌یه‌ و داواى هه‌ژمارکردنه‌وه‌ى پسوله‌کانى ده‌نگه‌کانیان کردوه‌ به‌ ده‌ست، بۆ ئەوەش ماوەی سێ ڕۆژە سکاڵایان تۆمار کردووە، به‌ڵام کۆمسیۆن وەڵامی نەداونەتەوە.


کاکه‌یى وتیشى: پێویسته‌ کۆمسیۆن دووباره‌ هه‌ژمارکردنه‌وه‌ى پسوڵه‌کانى ده‌نگدان به‌ ده‌ست په‌سه‌ند بکات و داواى ئه‌و لایه‌نه‌ سیاسیانه‌ به‌ هه‌ند وه‌ربگرێت.


باسى له‌وه‌ش کرد: کۆمسیۆن وه‌ڵامى لایه‌نه‌کانى نه‌داوه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ر پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردن.


ئه‌وه‌شى وت: پێویست بوو کۆمسیۆن وێنه‌ى پسوڵه‌کانى ده‌نگدان بدات به‌ لایه‌نه‌کان، به‌ڵام نه‌یکردووه‌، به‌پێی یاسا ده‌بوو له‌ ڕۆژی ده‌نگداندا ئه‌نجامی ده‌نگه‌کان به‌ شێوه‌ی ئه‌لیکترۆنی بدرایه‌ به‌ چاودێریی لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان، به‌ڵام ئه‌وه‌ نه‌کراوه‌ و هیچ چاودێرێک وێنه‌ی ده‌نگه‌کانی وه‌رنه‌گرتووه‌،هه‌روه‌ها ده‌بوو هه‌ر دوای کۆتاییهاتنی ده‌نگدان، کۆمیسیۆن ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌که‌ی رابگه‌یاندایه‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ش جێبه‌جێنه‌کراوه‌.

 

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: بۆ ره‌واندنه‌وه‌ی گومانه‌کان به‌پێی یاسای ژماره‌ 11 ده‌بێت به‌ رێژه‌یه‌کی تایبه‌ت و سنووردار سندووقی ده‌نگدانه‌کان بکرێنه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ربکه‌وێت که‌ ده‌ستکاری ده‌نگه‌کان کراوه‌ یان؟ ئه‌گه‌ر ئه‌و ده‌ستکارییه‌ هه‌بوو ئه‌وا ده‌بێ کۆمیسیۆن رێکاری دیکه‌ بگرێته‌به‌ر.


شه‌ش لایه‌نى سیاسى، بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان و یه‌کگرتووى ئیسلامى و کۆمه‌ڵى ئیسلامى و هاوپه‌یمانى بۆ دیموکراتى و دادپه‌روه‌ریی و بزووتنه‌وه‌ى ئیسلامى و حزبى شیوعى ئه‌نجامه‌کانى ده‌نگدانیان ڕه‌تکرده‌وه‌ و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌که‌ن، که‌ سیستمى ئه‌لیکترۆنى ده‌نگدان هاککراوه‌ و ساخته‌کاریی زۆر کراوه‌ و ئه‌نجامه‌کان ده‌ستکاریی کراون.


هه‌روه‌ها لیستى نه‌وه‌ى نوێ-ش به‌ هه‌مان شێوه‌ ڕه‌خنه‌ى له‌ ئه‌نجامه‌کانى هه‌ڵبژاردن گرتن و ڕایگه‌یاند، یه‌کێتى و پارتى ته‌زویریان کردوه‌.


ک.ک
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin