Smiley face
Smiley face
Smiley face

هه‌ورامان، ژنێک له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌که‌ى کارێکى جیاواز ده‌که‌ن

2018-05-17 08:39:07



ڕۆژنیوز – جیهاد هه‌ورامی


ماوه‌ی زیاتر له‌ پێنج ساڵه‌ ژن و پیاوێک پێکه‌وه‌ له‌ هه‌ورامان که‌بابخانه‌یه‌کیان دامه‌زراندوه‌ و وه‌ک خۆیان ده‌ڵێن، هه‌ردووکیان ته‌واوکه‌ری یه‌کترن له‌ ئیشوکاره‌کاندا و ژنه‌که‌ش ده‌ڵێت: تا ئێستا هیچ ڕێگرییه‌کم بۆ نه‌هاتوه‌ته‌ پێش.


ژن و مێردێکی هه‌ورامیی به‌ ئامانجی نه‌هێشتنی جیاوازی له‌نێوان ژن و پیاو له‌ کاردا و بۆ به‌ده‌ستهێنانی بژێوی ژیانیان له‌ناوچه‌ی هه‌ورامان، که‌بابخانه‌یه‌کیان دامه‌زراندوه‌ و پێکه‌وه‌ سه‌رپه‌رشتی ده‌که‌ن.


سه‌ره‌تای ساڵی 2012 له‌ شوێنێکی بچوک له‌ سه‌یرانگای وه‌زه‌نێی ناوچه‌ی هه‌ورامان ژن و مێردێک به‌ناوی هه‌نا و لوقمان، که‌بابخانه‌یه‌ک داده‌مه‌زرێنن و ده‌ستبه‌کار ده‌بن بۆ به‌ده‌ستهێنانی بژێوی ژیانیان.


پاش ئه‌وه‌ی هه‌نا بیرۆکه‌ی دامه‌زراندنی که‌بابخانه‌که‌ به‌ لوقمان ڕاده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌ویش په‌سه‌ندى ده‌کات و ده‌ست به‌ دروستکردنی که‌بابخانه‌که‌ ده‌که‌ن و پاش ماوه‌یه‌ک که‌ جموجوڵی گه‌شتیاران له‌ ناوچه‌که‌ زۆر ده‌بێت و ڕوو له‌و که‌بابخانه‌یه‌ ده‌که‌ن، دوای تێپه‌ڕبونی ساڵێک بڕیار ده‌ده‌ن که‌ که‌بابخانه‌یه‌کی گه‌وره‌تر دابمه‌زرێنن.


وه‌ک هه‌نا عوسمان، خۆیشی ده‌ڵێت: هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌کاربونه‌که‌م هیچ ڕێگری و گرفتێکم بۆ نه‌هاته‌ پێشه‌وه‌ و خۆشحاڵیشم که‌ ئێستا بومه‌ته‌ سه‌رمه‌شق بۆ زۆرێک له‌ ژنانی هاوڕێم که‌ له‌ناوچه‌که‌ سه‌رقاڵی کارکردنن.

 


هانا ده‌شڵێت: کاته‌کانم دابه‌شکردوه‌ بۆ جێبه‌جێکردنی کاره‌کانی ماڵه‌وه‌م و که‌بابخانه‌که‌ش، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا دوو منداڵمان هه‌یه‌ و به‌ گرنگیشه‌وه‌ له‌ په‌روه‌رده‌کردنیان ده‌ڕوانم.


هه‌نا، باس له‌وه‌ش ده‌کات: خۆشبه‌ختانه‌ له‌ ناوچه‌ی ئێمه‌ هه‌ر له‌ کۆنه‌وه‌ هیچ جیاوازییه‌ک له‌نێوان کاری ژنان و پیاوان نه‌بوه‌، هه‌رچه‌نده‌ له‌م سه‌رده‌مه‌ به‌هۆی چه‌ند دابونه‌ریتێک ئه‌و ڕێگریانه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام ئێمه‌ ئه‌وه‌شمان تێپه‌ڕاندوه‌ و سه‌رقاڵی کارکردنین و ئه‌و کارانه‌شی که‌ هاوسه‌ره‌که‌م ده‌یانکات منیش ده‌یانکه‌م وه‌کو که‌باب و گۆشت لێدان و برژاندن.


لوقمان هه‌ورامی، هاوسه‌ری هه‌نایه‌ و زۆر خۆشحاڵه‌ که‌ هاوسه‌ره‌که‌ى ڕۆژانه‌ له‌گه‌ڵی کار ده‌کات و وه‌ک خۆیشی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات: ئه‌گه‌ر ڕۆژێک هاوسه‌ره‌که‌م نه‌یه‌ته‌ که‌بابخانه‌که‌ بێ ئه‌ویم پێوه‌ دیاره‌، کاتێک که‌ ئه‌و هاوشانی من ته‌واوی کاره‌کانی نێو که‌بابخانه‌که‌ ئه‌نجام ده‌دات.

 


لوقمان باس له‌وه‌ش ده‌کات: پێویسته‌ ئه‌وانه‌ی که‌ تا ئێستا ڕێگری له‌ کارکردنی هاوسه‌ره‌کانیان ده‌که‌ن، ڕۆژێک سه‌ردانی ئێمه‌ بکه‌ن و ئه‌وکات به‌دڵنیاییه‌وه‌ له‌و بڕیاره‌یان پاشگه‌ز ده‌بنه‌وه‌، به‌و پێییه‌ی که‌ ژنانیش توانا و به‌هره‌یه‌کی تایبه‌تیان هه‌یه‌ و نابێت ڕێگرییان لێ بکه‌ین.

 

 


ک.ک
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin