Smiley face
Smiley face
Smiley face

خورماڵ، هاوڵاتییه‌ک ١٠ ساڵه‌ شیرینى دروستده‌کات

2018-05-19 10:29:05



ڕۆژنیوز - خورماڵ


مانگى ڕه‌مه‌زان وایکردوه‌ که‌ بازاڕى شیرینى گه‌رم ببێت و هاوڵاتیان بۆ شکاندنى به‌ربانگ شیرینى ده‌کڕن، ئه‌وه‌ش بووه‌ته‌ پیشه‌یه‌ک بۆ به‌شێک له‌ کاسبکاران، هاوڵاتییه‌کى خورماڵ-یش ماوه‌ى ١٠ ساڵه‌ شیرینى دروستده‌کات.


له‌ شاره‌دێی خورماڵ-ی سه‌ر به‌ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌، هاوڵاتییه‌ک ڕۆژانه‌ ٢٠٠ کیلۆ لوقمه‌قازی دروستده‌کات و ده‌یخاته‌ بازاڕه‌کانی سنوره‌که‌وه‌، له‌ ڕێگه‌ی ڕۆژنیوزیشه‌وه‌ باس له‌ چۆنیه‌تی دروستکردنی جۆره‌کانی لوقمه‌قازی و جۆره‌کانی تری شیرینی ده‌کات.

 

کازم محیه‌دین، وه‌ستای دروستکردنی شیرینی و لوقمه‌قازیه‌ و ماوه‌ى ١٠ ساڵه‌ له‌ ڕه‌مه‌زاناندا کارى شیرینى ده‌کات، ئه‌و زیاتر لوقمه‌قازیی دروست ده‌کات، پێکهاته‌ی سه‌ره‌کی لوقمه‌قازی پێکدێت له‌ ئاو، ئارد، خومره‌، ڕۆن، شه‌کر و ڕه‌نگ.

 


سه‌ره‌تا ئاو و ئارد و خومره‌که‌ تێکه‌ڵ ده‌کرێت، هه‌ویرێک دروست ده‌بێت که‌ ده‌بێت له‌ هه‌ویری نانی ئاسایی شلتر بێت، پاشان له‌ مه‌نجه‌ڵێکی گه‌وره‌دا ڕۆنه‌که‌ تا ٢٠٠ پله‌ی سلیزی گه‌رم ده‌کرێت و دواتر به‌ ده‌ست و به‌ شێوه‌ی بچوک هه‌ویره‌که‌ فڕێده‌درێته‌ ناو ڕۆنه‌ گه‌رمه‌که‌وه‌ له‌وێ‌ ده‌برژێن و ده‌بن به‌ لوقمه‌قازی.


بۆ ئه‌وه‌ی جوانتر لوقمه‌قازییه‌کان ببرژێن، جارێکی تر ده‌کرێنه‌وه‌ ناو تاوه‌یه‌کی گه‌وره‌ که‌ ده‌بێت تا ١٠ سانتیمه‌تر ڕۆنی به‌پله‌ى گه‌رمى ٢٠٠ پله‌ی سیلیزی تیادا بێت بۆ ماوه‌یه‌کی که‌م ده‌هێڵرێنه‌وه‌، پاشان ده‌رده‌هێنرێنه‌وه‌ و قۆناغی شیله‌کردنی لوقمه‌ قازییه‌کان ده‌ستپێده‌کات.


کازم باسى له‌ دروستکردنى شیله‌ کرد، که‌ بۆ دروستکردنی پێویستیان به‌ ئاو و شه‌کر و ئاوی لیمۆ و لیمۆندۆزی و گوڵاو ده‌بێت، به‌ جۆرێک که‌ بۆ هه‌ر سێ‌ کوپ ئاو، کوپێک شه‌کر و پاشان به‌گوێره‌ی پێویست لیمۆندۆزی و ئاوی لیمۆ و گوڵاوی تێده‌کرێت، پاش ئه‌وه‌ی شیله‌که‌ ئاماده‌ بوو، ئه‌و لوقه‌قازیانه‌ی که‌ برژاون له‌ سه‌تڵێکی گه‌وره‌دا ده‌خرێنه‌ ناو شیله‌که‌وه‌ تێکه‌ڵ ده‌کرێن به‌و شێوه‌یه‌ش لوقه‌مه‌قازییه‌کی جوان و تازه‌ به‌رهه‌م ده‌هێنرێت.

 


کازم یه‌ک کیلۆ لوقمه‌قازی به‌ دوو هه‌زار دینار ده‌فرۆشێت، ئه‌و خۆى باسى ده‌کات، ساڵانه‌ له‌ مانگی ڕه‌مه‌زاندا کڕیارێکی زۆریان هه‌یه‌ و "به‌ هۆی پاکی و ته‌ندروستی شیرینییه‌کانمان، دوکاندارانی شاره‌دێی بیاره‌ و ته‌وێڵه‌ش دێن ده‌یبه‌ن بۆ بازاڕه‌کانیان، بۆیه‌ به‌ شێوه‌یه‌کی گشتی له‌ ڕه‌مه‌زاندا لوقمه‌قازی کۆنتڕۆڵی بازاڕی شیرینی کردووه‌ له‌ ناوچه‌که‌دا".

 


عادل کۆچه‌ری، هاوڵاتى شاره‌دێی خورماڵ، که‌ ڕۆژانه‌ به‌ ڕۆژوو ده‌بێت، ده‌ڵێت: سروشتی مانگی ڕه‌مه‌زان به‌ جۆرێکه‌ که‌ له‌گه‌ڵ هاتنی کاتی شکاندنی ڕۆژوو ده‌بێت له‌سه‌ر سفره‌ و خوانی ماڵان شیرینی بونی هه‌بێت، بۆیه‌ ئێستا هاوڵاتیانیش به‌دوای ئه‌و جۆره‌ شیرینیانه‌دا ده‌گه‌ڕێن که‌ دروستکراوی ناوخۆین و به‌ شێوه‌یه‌کی خۆماڵی دروستده‌کرێن و دڵنیان له‌ پاکی و ته‌ندروستی ئه‌و که‌س و جێگه‌یه‌ی که‌ دروستی ده‌کات.

 


عادل بۆچوونى وایه‌: زۆر گرنگه‌ له‌م مانگه‌دا گرنگی زۆر به‌ ته‌ندروستی خۆمان بده‌ین، به‌جۆرێک هه‌وڵبده‌ین که‌مترین شیرینی به‌کاربهێنین، به‌تایبه‌ت له‌کاتی به‌ربانگدا هاوکات ئه‌و شیرینیانه‌ش به‌کاربهێنین که‌ سه‌رچاوه‌ی دروستکردنه‌که‌یان ده‌زانین و به‌ شێوه‌یه‌کی ته‌ندروست و پاک و خاوێن به‌رهه‌م ده‌هێنرێن.

 


ک.ک/هـ.م
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 RojNews. Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin