Smiley face
Smiley face
Smiley face

ئه‌شکه‌وتى سه‌رچاوه‌ى ئاوى زه‌ڵم .. به‌وێنه‌

2018-05-20 09:56:36



ڕۆژنیوز – جیهاد هه‌ورامى

 

ئه‌شکه‌وتى سه‌رچاوه‌ى ئاوى زه‌ڵم، کە شوێنى یه‌کگرتنى چه‌ندین کانى و ڕێڕه‌وى ئاوییە،‌ تا ئێستا هیچ لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کى زانستیى له‌سه‌ر پێکهاته‌ى جیولۆجى و سه‌رچاوه‌ى هه‌ڵقوڵینى ئاوه‌کەی‌ نه‌کراوه‌.

 

سه‌رچاوه‌ى ئاوى زه‌ڵم، که‌ ده‌که‌وێته‌ گوندى زه‌ڵم له‌ ناوچه‌ى هه‌ورامان به‌ به‌رزایى 946 مه‌تر له‌سه‌ر ئاستى ڕووى ده‌ریاوه‌ له‌ دامێنى لوتکه‌ى داڵانى، له‌ ئه‌شکه‌وتێک، کە به‌ئه‌ندازەى 4 به‌ 2 مه‌تر هه‌ڵده‌قوڵێت و به‌شێوه‌ى تاڤگه‌ دێته‌ خواره‌وه‌ و له‌گه‌ڵ کانى قولقوله‌ یه‌ک ده‌گرێت و به‌ناو دۆڵى زه‌ڵم چه‌ند کانیه‌کى ترى تێکه‌ڵ ده‌بێت.

 

 

ئه‌م ڕێره‌وه‌ به‌ره‌و ڕۆژئاوای هەورامان ده‌ڕوات تا ده‌گاته‌ گوندى ئه‌حمه‌دئاوا و پاشان ناو شارۆچکه‌ى خورماڵ و له‌وێش ئاوى گه‌نجانى تێکه‌ڵ ده‌بێت و دواجار ده‌ڕژێته‌ ناو ڕووبارى سیروان و ده‌ریاچه‌ى ده‌ربه‌ندیخان.

 

 

درێژییه‌که‌ى تا ده‌گاته‌ ڕوبارى سیروان 14 کیلۆمه‌تره‌ و بڕى ئاوپێداڕۆشتنى ساڵانه‌ به‌پێى وه‌رزه‌کان گۆڕانکاریى به‌سه‌ر دێت، له‌ وه‌رزى به‌هار زۆرترین بڕیەتی،‌ که‌ ده‌گاته‌ زیاتر له‌ پێنج هه‌زار لیتر له‌ چرکه‌یه‌کدا و له‌ وه‌رزى پاییز که‌ که‌مترین ڕێژه‌یه‌ ده‌گاته‌ نزیکه‌ى 335 لیتر له‌ چرکه‌یه‌کدا.

 

هه‌ندێ بۆچوون هه‌یه،‌ که‌ هه‌ڵقوڵانى ئاوی ئەشکەوتەکە،‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌ به‌ ئاوى ده‌ریاچه‌ى زرێبار لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، که‌ له‌شێوه‌ى ڕه‌گێک و له‌پێکهاته‌ جیۆلۆجییه‌کان ده‌رده‌چێت و شکانێک هه‌یه‌ که‌ لێره‌ له‌شێوه‌ى تاڤگه‌ له‌ناو ئه‌و ئه‌شکه‌وته‌ ده‌رده‌چێت، بۆچونێکى تر هه‌یه‌ که‌ سه‌رچاوه‌ى ئاوه‌که‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌ به‌ ئاوى ڕوبارى ئاراس له‌ ڕووسیا.

 

 

هەر لەوبارەیەوە بۆچوونێکی دیکە هەیە و ڕێباز گوڵپى، ‌ پسپۆڕ‌ له‌ زانستی جوگرافیا و مامۆستای زانکۆی هەڵەبجە، بە ڕۆژنیوزی وت:"تائێستا هیچ توێژینه‌وه‌یه‌کى ی له‌سه‌ر ئه‌م ئاوه‌ نه‌کراوه‌ و پشت ڕاستى نه‌کردوه‌ته‌وه‌ که‌ له‌کوێ سه‌رچاوه‌ى گرتووه‌، به‌ڵام به‌پێى ئه‌و باران و به‌فره‌ زۆره‌ى که‌ له‌ناوچه‌که‌ ده‌بارێت ده‌توانین بڵێین به‌شێوه‌ى سروشتى و له‌ناو خودى چیاکه‌وه‌ هه‌ڵده‌قوڵێت هه‌روه‌ک سه‌رچاوه‌ى کانى بڵ له‌ هه‌ورامانى ڕۆژهه‌ڵاتى کوردستان".

 

 

هەروەها، عومه‌رى حاجى مه‌حمود، موختاری گوندی زەڵم، لەبارەی گرنگیی ئەشکەوتەکەوە بە ڕۆژنیوزی وت: ئه‌م ئه‌شکه‌وته‌ هاوشێوه‌ى ئه‌شکه‌وته‌کانى عه‌لى سه‌در و قۆڕى قه‌ڵا له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى کوردستان گرنگیى تایبه‌تى خۆى هه‌یه‌ که‌ ده‌کرێت بۆ ڕاکێشانى گه‌شتیار پڕۆژه‌ى له‌سه‌ر بنیات بنرێت بۆ بینینى دیوه‌ شاراوه‌کانى ناوه‌وه‌ى ئه‌شکه‌وته‌که،‌ که‌ که‌م که‌س توانیویه‌تى ببینێت.

 

 

ش.ف



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 RojNews. Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin