Smiley face
Smiley face
Smiley face

١٧ ژنی کورد کورسیی پەرلەمانی عێراقیان بەدەستهێنا

2018-05-20 12:16:39



ڕۆژنیوز - ڕۆزە محەمەد

 

لە حەوت لیست و لایەن-ی کوردیی و لە کۆی ٥٨ کورسیی، ١٦ ژن کورسیی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیان بەدەستهێنا، کە دەکاتە ٢٨% و ژنێکی کوردیش لەناو لیستێکی عەرەبییدا چووە ئەنجومەن و بەراورد بە خولی پێشوو، ژمارەی ژنی کورد زیادیکرد.

 

١٢/ئایاری ٢٠١٨ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ بەدەستهێنانی ٣٢٩ کورسیی ئەنجامدرا، لە سەرتاسەری عێراق شەش هەزار و ٩٠٤ کەس کاندید هەبوون و نزیکەی ٤٨٥٠ کاندیدیان پیاو بوون، کە زۆرینەبوون و ڕێژەکەی دیکەشی ژن بوون.

 

بەپێی یاسا، ڕێژەی بەشداریی ژنان لە ئەنجومەنی نوێنەران کەمتر بێت لە ٢٥%، بۆ ئەو مەبەستەش سیستمی کۆتا پەیڕەو دەکرێت.

 

سیستمی کۆتا چیە؟

 

ووشەی کۆتا (quota) لە بنەڕەتدا وشەیەکی ئینگلیزییە و مەبەست لێی بەش یان پشکێکی ڕێژەییە، بەپێی سیستمی کۆتا لەکاتی دابەشکردندا مەرج دادەنرێت بۆ دابینکردنی بەش یان پشکێک بەڕێژەیەکی دیاریکراو بۆ چینێک یان توێژێکی دیاریکراو، بۆ نمونە لە کاتی دابەشکردنی کورسیی نوێنەرایەتیدا بەشێک بە ژمارە یان ڕێژە تایبەت دەکرێت بە ژنان یان پێکهاتەیەکی دیاریکراو، وەک مەرج جێبەجێ دەکرێت تا گەرەنتی بوون و نوێنەرایەتیان بکات، ئەمەش دەشێت بە دەستور یان یاسا یاخود بە هەر پەیڕەو و ڕێنماییەکی دیاریکراو ڕێکبخرێت لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکان بە پرۆسەی هەڵبژاردنەوە، کە ڕێژەی ٢٥% بۆ کۆتای ژنان دانراوە لەسنوری هەر پارێزگایەکدا.

 

لە هەڵبژاردنی ئەم جارەی ئەنجومەنی نوێنەران-دا، حەوت لیست لایەنی کوردیی کورسیی ئەنجومەنیان مسۆگەر کرد، لەخوارەوە ژمارەی کورسیی گشتیی و ژمارەی کورسیی ژنان ڕوون دەکەینەوە.

 

 ١- پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراق لەم هەڵبژاردنەدا  ٢٥ کورسی بەدەستهێناوە کە ٧ کورسیان ژن بەدەستیهێناوە، کە ئەمەش دەکاتە ڕێژەی ٢٨%، لە هەولێر و دهۆک بە دەنگی خۆیان دەرچوون و لە پارێزگای نەینەوە بە سیستمی کۆتا دەرچوون، کە ژمارەیان ٢ پەرلەمانتارە.

 

لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٤، پارتی ٢٥ کورسی بەدەستهێنابوو، لەو ژمارەیەش تەنیا چوار کوسییان بەر ژن کەوتبوون.

 

٢-  یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەم هەڵبژاردنەدا ١٨ کورسیی بەدەستهێناوە کە ٦ کورسییان بەر ژنان کەوتووە، کە ئەمەش دەکاتە ٣٣% پێنج کاندیدی ژنیان بە دەنگی خۆیان دەرچوون و یەک کاندیدی ژن بە سیستمی کۆتا دەچێتە پەرلەمان.

 

لە هەڵبژاردنی ٢٠١٤ یەکێتی ٢١ کورسیی هەبوو، کە پێنج کورسییان تایبەت بوو بە ژنان.

 

٣- بزوتنەوەی گۆڕان لە کۆی ٥ کورسی کە بەدەستیهێندراو ١ کورسی تایبەتە بە ژن، کە دەکاتە ٢٠% ئەم کورسیەشی بە سیستمی کۆتا و لە پارێزگای سلێمانی دەرچووە، بەهۆی ئەوەی بزوتنەوەی گۆڕان چوار پەرلەمانتاری لە پارێزگای سلێمانی ناردووەتە پەرلەمان، لەو چوارەش ڕێژەی ٢٥%کەی داوە بەژن، کە یەک پەرلەمانتارە، بۆیە کەمترین کورسیی بەر ژن کەوتووە.

 

لە هەڵبژاردنی ٢٠١٤، لەکۆی نۆ کورسیی، سێ کورسیی بزوتنەوەی گۆڕان تایبەت بوو بە ژنان.

 

٤- نەوەی نوێ کە پێکهاتووە لە(تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، بەرەی دیموکراسیی گەل و جوڵانەوەی نەوەی نوێ)، لە کۆی ٤ کورسی کە بەدەستی هێندراو ٢ کورسیی تایبەتە بە ژن، بەمەش ڕێژەی ژن دەکاتە ٥٠%  و هەردوو ژنەکە بە سیستمی کۆتا دەرچوون، چونکە دوو کورسیی لە پارێزگای سلێمانی و دوو کورسیی دیکەش لە پارێزگای هەولێر بەدەستخراوە.

 

ئەم لیستە یەکەمین جارە بەشداریی هەڵبژاردن بکات.

 

٥-کۆمەڵی ئیسلامی دوو کورسی بەدەستهێنا، کورسییەک لە پارێزگای سلێمانی و ئەوی دیکەش لە پارێزگای هەولێر، بەڵام هیچ ژنێک کورسی بەدەستنەهێناوە.

 

کۆمەڵ لە هەڵبژاردنی پێشووشدا لە کۆی سێ کورسیی هیچ ژنێکی نەناردە ئەنجومەن.

 

٦- یەکگرتووی ئیسلامی دوو کورسیی بەدەستهێناوە، کورسییەک لە سلێمانی و کورسییەکی دیکەش لە دهۆک و هیچ کورسییەکیان تایبەت نین بە ژن.

 

یەکگرتوو لە هەڵبژاردنی ٢٠١٤-دا چوار پەرلەمانتاری ناردە ئەنجومەن، کە یەک پەرلەمانتاریان ژن بوو.

 

٧-هەرچی هاوپەیمانیی بۆ دیموکراسیی و دادپەروەریشە تەنها دوو کورسیی بەدەستهێناوە لە هەولێر و سلێمانی، کە هەردوو کورسییەکە پیاون، ئەمە یەکەمین جاریشە بەشداریی هەڵبژاردن دەکات.

 

دوو کورسی کۆتا ماوە، کە بۆ پێکهاتەکانی دیکە دادەنرێت، کورسییەکیان لە هەولێر و کورسییەکەی دیکەیان لە دهۆکە، بەڵام هەتا ئێستا جیانەکراوەتەوە کە بە کێ دەدرێت، ئاخۆ بەر ژن دەکەوێت یان پیاو.

 

جێگای باسە، ئاڵا ته‌حسین تاڵه‌بانی، کاندیدی سه‌ربه‌خۆی کورد له‌سه‌ر لیستی هاوپه‌یمانیی شاری به‌غدا به‌ ٢٠٩٤ ده‌نگ کورسییه‌کی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی به‌ده‌ستهێنا.

 

ئەگەر بەراوردکارییەک بکەین لەنێوان هەڵبژاردنی ٢٠١٤ و ٢٠١٨، دەردەکەوێت بەشداریی ژنان لەم هەڵبژاردنەدا زیاترە، لە هەڵبژاردنی پێشوو تەنیا ١٣ پەرلەمانتاری ژن هەبوون، لەم هەڵبژاردنەدا ژمارەکە بۆ ١٧ پەرلەمانتار بەرزبووەتەوە.

 

 

ش.ف

ئەوەی زیاتر خوێندراوە


-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 RojNews. Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin