Smiley face
Smiley face
Smiley face

چیرۆکی بەرخۆدانی ژنێکی گەریلا لە عەفرینەوە تا لێلکان

2018-05-20 13:21:42



ڕۆژنیوز - خەبات و ئەمین

 

ئەدەسا جانوەڵات، ژنێکی گەنجی خەڵکی عەفرینە، گەریلایەک کە بۆ تۆڵەی عەفرین ئێستا لە لێلکان لەدژی دەوڵەتی تورک تێدەکۆشێت، ئەو دەڵێت: ئەگەر هەبوونمان دوژمن لەناونەبات هیچ واتایەکی نابێت، ئەگەر دوژمنی داگیرکار تەنیا شەوێک بە ئارامی بخەوێت، ویژدانمان نابێت ئاسودە بێت.

 

داستانی لێلکان لە هەرێمی کوردستان قارەمانانە بەردەوامە، زنجیرەچالاکییەکی گەریلاکان لە دژی سوپای تورک دەستیپێکردووە و ڕۆژانە گورزی کەمەرشکێن لە سوپای تورک دەدرێت، بەتایبەتی لە چالاکییەکانی ٧ و ١٠ی ئایاردا گەریلاکان گورزی سەختیان لە سوپای تورک دا.

 

گەریلاکانی هەپەگە و یەژاستار بیست و چوار کاتژمێری شەووڕۆژ چاودێری دوژمن دەکەن لە لێلکان، دواتر چالاکیی بەهێز لەدژیان ئەنجام دەدەن، سوپای تورک بە پێشکەوتوترین تەکنۆلجیای رۆژەوە لە لێلکان ئامادەیە، لەبەرامبەردا گەریلاکان قارەمانانە بەرخۆدان دەکەن، کاتێک ئەوهەموو ورە و جۆش و هەستی تێکۆشانە لە گەریلاکاندا دەبینین سەرمان سووڕ دەمێنێت، کە سەرچاوەی ئەو هەوو ژیانە لەکوێوە دێت.

 

ئەدەسا جانوەڵات یەکێکە لە کارەکتەرە قارەمانەکانی ئەو چیرۆکە، ڕۆژی ٧ی ئایار لە گردی لێلکان چالاکییەک لەدژی سوپای تورک ئەنجامدرا، ئەدەسە لەو چالاکییەدا بەشداریی کرد، ئەدەسە پێش چالاکییەکە چەکە قەناسەکەی هەڵدەگرێت، جلی تایبەتی لەبەردەکات و وەک هەمیشە جبەخانەکەی کۆنتڕۆڵ دەکات، ئەوە لە کاتێکدایە کە شەوی ڕابردووی چالاکییەکە گۆرانی بۆ هەڤاڵانی وتبوو.

 

ئەدەسا ژنێکی گەنجی خەڵکی عەفرینە، ئەو کاتەی زۆر گەنجتر بوو لەدژی داگیرکاریی کوردستان بەشداریی تێکۆشانی ئازادیی کوردستان بوو، لە ماوەیەکی کورتدا بووە بە گەریلایەکی پسپۆر و دەیەوێت تۆڵەی ژنانی عەفرین لە لێلکان لە سوپای تورک بکاتەوە، خانەوادەکەی بەهۆی زۆرداری و داگیرکارییەکانی چەتەکانی ئەردۆغان ناچاربوون عەفرین بەجێبێڵن، ئەوەش تووڕەتری کردووە، بەباوەڕێکەوە باسی خۆی دەکات، کە کەس ناتوانێت نەچێتە ژێر کاریگەریی قسەکانییەوە.

 

کاتێک ئەدەسا قسەدەکات دەم بە پێکەنینە،  بەڵام هاوکات تێڕوانینەکان زۆر توندوتیژن، دەڵێت، "ئەگەر هەبوونمان نەبێتە هۆی لەناوبردنی دوژمن، کەوایە هەبوونمان هیچ واتایەکی نییە، ئەگەر دوژمنی داگیرکەر تەنیا شەوێک بە ئاسوودەیی لە لێلکان خەوی لێبکەوێت، ویژدانمان ئاسوودە نابێت، ئێستاش ئەوە دەچین بۆ چالاکی و بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکمان پێ بگات پێگەی دوژمن تێکدەشکێنین".

 

 

ئەدەسا باسی عەفرینیش دەکات و دەڵێت، لێرە تۆڵەی هەڤاڵانی شەهیدمان لە عەفرین دەکەینەوە، پاش ئەوەی سوپای تورک-مان لە باشوری کوردستان دەرکرد، دەچمە عەفرین و لەوێ لەدژی داگیرکاریی تێدەکۆشم، ئەگەر سەربازەکانی سوپای تورک ئەو گەریلایانەیان بناسیایە کە لە لێلکان تێدەکۆشن و بەو بورکانانەیان بزانیایە کە لە دڵی هەموو گەریلایەک دایە، ئاوا گێژانە لە لێلکان نەدەسووڕانەوە.

 

بەرە بەرە ئەدەسا ئامادەدەبێت بچێت بۆ چالاکی، ئەو چەک و جبەخانەکەی هەڵدەگرێت و ئێمەش کامێرا و مایکەکەمان کۆدەکەینەوە، زۆری پێناچێت کە دەنگی تەقە و بۆنی باروتمان بۆ دێت، تێدەگەیەن کە چالاکیی گەریلاکان دەستیپێکردووە و سوپای تورک بڕیارە چەند شەوێکی دیکەش ڕووی خەوی ئاسوودە نەبینێت.

 

س.ح



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 RojNews. Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin