Smiley face
Smiley face
Smiley face

سلێمانی، لەمانگێکدا نزیکەی ١٠٠ حاڵەتی جیابوونەوە تۆمار دەکرێت

2018-05-21 08:38:22



ڕۆژنیوز - سەمیرا شەهابی

 

ئامارەکانی جیابوونەوەی هاوسەرەکان نائاساییە و لە چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، لە سنووری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی ڕاپەڕین ٣٥٦ حاڵەتی جیابوونەوە تۆمار کراوە.

 

بەپێی ئەو ئامارەی کە ڕۆژنیوز لە بەڕێوەبەرایەتی ڕەگەزنامە و باری شارستانیی پارێزگای سلێمانی بە ئیدارەی ڕاپەڕینەوە دەستیکەوتووە، واتا بێجگە لە ئیدارەی گەرمیان، له‌ چوار مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠١٨-دا ٣٥٦حاڵەتی جیابوونەوە و هەزار و ٧٢٧حاڵەتی هاوسەرگیریی لە سنووری پارێزگای سلێمانی تۆمار کراوە.

 

ئەگەر ئەو ئاماری جیابوونەوە بەسەر چوار مانگەکەدا دابەش بکەین، ئەوە ڕوون دەبێتەوە، کە لە هەر مانگێکدا ٨٩ حاڵەتی جیابوونەوە لە سنووری پارێزگای سلێمانییدا هەبووە، بێجگە لە ئیدارەی گەرمیان، کە لە بەڕێوبەرایەتیی ڕەگەزنامە و باری شارستانیی پارێزگای سلێمانی تۆمار ناکرێت.

 

لە ساڵی ٢٠١٧دا لە سنووری پارێزگای سلێمانی بە ئیدارەی ڕاپەڕینەوە، هەزار و ٣٦٥ حاڵەتی جیابوونەوە و نۆ هەزار و ٧٠٩حاڵەتی هاوسەرگیریی تۆمارکراوە، واتا لە مانگێکدا ١١٣ حاڵەتی جیابوونەوە تۆمارکراوە.

 

ئەگەرچی ئاماری چوار مانگی ڕابردووی ئەمساڵ بە بەراورد بە ئاماری ساڵی ڕابردوو کەمیکردووە، بەڵام ئامارەکە هەر بەرز و نائاساییە.

 

بە پێی لێکۆڵینەوە و قسەی زۆرێک لە پارێزەران، هۆکارە بەرچاوەکانی ڕێژەی جیابوونەوەی خێزانەکان نەک تەنیا لە سنووری پارێزگای سلێمانی بەڵکو لە هەرێمی کوردستان بەگشتیی دەگەڕێتەوە بۆ خراپ بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کاریگەریی دراما بیانییەکان، هاوسەرگیریی پێش وەختە، لێکتێنەگەشتنی هاوسەرەکان و خراپی باری دارایی.

 

 

ش.ف



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 RojNews. Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin