Smiley face
Smiley face
Smiley face

ئێران وه‌ڵامى ڕوسیا ده‌داته‌وه‌: که‌س ناتوانێ له‌ سوریا ده‌رمانبکات

2018-05-21 14:26:12



ڕۆژنیوز ـ ناوه‌ندى هه‌واڵه‌کان


وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئێران وه‌ڵامى ڕوسیاى دایه‌وه‌ و ڕایگه‌یاند، هیچ لایه‌نێک ناتوانێ ئێمه‌ له‌ سوریا ده‌ربکات.


ئه‌مڕۆ به‌هرام قاسمى، وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئێران له‌ کۆنگره‌یه‌کى ڕۆژنامه‌وانیدا لە تاران وه‌ڵامى ئه‌و قسانه‌ى ڕوسیاى دایه‌وه‌، که‌ داوایان کردبوو، هێزه‌ بیانییه‌کان به‌ ئێرانیشه‌وه‌ ده‌بێت له‌ سوریا بچنه‌ ده‌ره‌وه‌.


به‌هرام قاسمى ڕایگه‌یاند: بوونى ڕاوێژکاریی ئێمه‌ له‌ سوریا ده‌مێنێته‌وه‌، هه‌تا ئه‌و کاته‌ى داواکاریی حکومه‌تى سوریا هه‌بێت، هیچ که‌سێک ناتوانێ شتێک به‌ ئێمه‌ بکات، ئێران ده‌وڵه‌تێکى سه‌ربه‌خۆیه‌ و شوێنى سیاسه‌تى خۆى ده‌که‌وێت، ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر بنه‌ماى به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانى.


ڕاشیگه‌یاند: بوونى ئێمه‌ له‌ سوریا به‌هۆى داواکاریی حکومه‌تى سوریاوه‌ بووه‌، ئامانجیش به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆره‌، هه‌تا هه‌ڕه‌شه‌ى تیرۆر هه‌بێت و داواکاری حکومه‌تیش هه‌بێت، ئێران به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ مانه‌وه‌ و هاوکاریکردنى حکومه‌تى سوریا.


قاسمى باسى له‌وه‌ش کرد: ئه‌وانه‌ى پێوسته‌ له‌ سوریا ده‌رچن، ئه‌وانه‌ن که‌ به‌ بێ ڕه‌زامه‌ندى حکومه‌تى سوریا چوونه‌ته‌ ئه‌و وڵاته‌وه‌.


ئه‌و لێدوانه‌ى وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئێران، نیشانى ده‌دات که‌ ناکۆکى هه‌یه‌ له‌نێوان ئێران و ڕوسیا له‌سه‌ر ناوچه‌کانى سوریا، ڕوسیا پێى وایه‌ بوونى ئێران کۆسپه‌ له‌پێش چاره‌سه‌رى سیاسى له‌ سوریا.


ڕۆژى هه‌ینى ڕابردوو، ئه‌لێکسانده‌ر لاڤرینتیڤ نوێنه‌رى تایبه‌تى ڕوسیا بۆ کاروبارى سوریا له‌ لێدوانێکدا وتى، که‌ ده‌بێت هه‌موو هێزه‌ بیانییه‌کان له‌ سوریا بچنه‌ ده‌ره‌وه‌.


نوێنه‌رى ڕوسیا ئه‌وه‌شى وت: هه‌موو هێزه‌ سه‌ربازییه‌ بیانییه‌کان له‌نێویاندا، ئه‌مریکییه‌کان، تورکه‌کان، حزبدوڵا و بێگومان ئێرانیش ده‌بێت له‌ سوریا بچنه‌ ده‌ره‌وه‌.


هه‌فته‌ى ڕابردووش به‌شار ئه‌سه‌د چووه‌ ڕوسیا و له‌لایه‌ن ڤلادیمێر پوتین، سه‌رۆکى ڕوسیاوه‌ پێشوازیی لێکرا، له‌وێدا پوتین به‌ به‌شارى ئه‌سه‌دى وتبوو، که‌ هه‌موو هێزه‌ بیانییه‌کان پێویست له‌ سوریا بچنه‌ ده‌ره‌وه‌.


ک.ک
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 RojNews. Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin