Smiley face
Smiley face
Smiley face

نۆ ساڵ بەسەر کۆچی قالەمەڕەدا تێدەپەڕێت

2018-05-21 14:26:50



ڕۆژنیوز - ناوەندی هەواڵەکان

 

قالەمەڕە، شمشاڵژەنی بەناوبانگی کورد نۆ ساڵ پێش ئێستا بە نەخۆشیی درێژخایەن کۆچی دوایی کرد.

 

قادر عەبدوڵازادە ناسراو بە (قالەمەڕە) ھونەرمەندی بەناوبانگی شمشاڵژەن ساڵی ١/١١/١٩٢٥ لە گوندی (کولیجە)ی سەر بە شاری بۆکان-ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک بووە، ناوی باوکی ناوی محەمەد بووە و لەلایەن شێخ محەمەد شێخی بورھان لە ناوچەی موکریان، کە قادری زۆری خۆش دەویست، لەبەر ئەوەی کە مێرمنداڵێکی زۆر ھێدی و ئارام بووە، نازناوی قالەمەڕەی پێ بەخشراوە.

 

 لە ساڵانی پەنجاکان و ساڵانی دواتر لە ناوەندەکانی رادیۆ و تەلەفیزیۆنی کرماشان، سنە، تاران، مھاباد و ورمێ بە دەنگی سیحراوی و ئاسمانی و بەربڵاوی شمشاڵەکەی بە دەیان پارچە میوزیکی جوان و ڕەسەنی پێشکەش کردووە و ھونەری میوزیکی کوردی بە شکۆیەکی بێ وێنەوە هێنایە گۆڕەپانی هونەرییەوە.

 

دواتر بۆ ماوەی چەندین ساڵ لە گەڵ ھونەرمەندی  گۆرانیبێژ حەسەن زیرەک ھاوکاریی ھونەریی کرد و لە پێشکەشکردنی گۆرانییەکانیدا بە ئامێری شمشاڵ یارمەتی دەدا.

 

 قالەمەڕە باوکی نەبینیووە، لە تەمەنی شەش ساڵییدا بووە دایکیشی کۆچی دوایی کردووە، ھەروەک خۆی باسیکردووە، تەواوی ژیانی بە نارەحەتی و برسێتی و چارەڕشی تێپەڕ کردووە، ساڵی ١٩٤٦ پەیوەندی بە کۆماری مھابادەوە کردووە.

 

قالەمەڕە، لە سەردەمی شۆڕشی گەلانی ئێران واتە ساڵی ١٩٧٨ بە نھێنی لەگەڵ جوڵانەوەی کورد و حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێراندا بووە.

 

گرنگیی شمشاڵەکەی قالەمەڕە لە ئاستێکدایە، کە پسپۆڕان و شارەزایانی بواری مۆسیقا نەک تەنیا نەیانتوانیوە خۆ لە ھونەرەکەی لادەن، بەڵکو وەک بلیمەتێک باسی قالەمەڕ دەکەن.

 

بابەتی زۆربەی بەرھەمەکانی حەماسی و مێژوویی و عاشقانەیە و وەبیرھێنەرەوەی سیمای گوند و شارەکان و سروشتی جوانی کوردستانن و ھەر کامە و بە جۆرێک مێژووی نەتەوەی کورد دەگێڕنەوە.

لە نێو ھونەرمەندانی موزیکزانی وڵاتی ئێران و لە فیستیڤاڵە گەورە و پربایەخەکانی ھونەری موزیک لە ئێران، قالەمەڕە بە نازناوی "گنج متحرک" ناسراوە واتە "گەنجینەیەک کە دەگەڕێت"، بەو واتایەی گەنجینەیەکە پڕە لە هونەر.

 

قالەمەڕە لە ماوەی ساڵانی کار و خزمەتی ھونەریی خۆیدا لە زۆربەی مەراسیم و فیستیڤاڵە گرینگەکانی بواری ھونەری موزیک بەشداریی کردووە و چەندین خەڵاتی ڕێزلێنانی گەورەی بە دەستھێناوە.

 

قالەمەڕە ٢١/ئایار/٢٠٠٩ لە کاتژمێرەکانی شەو، لە تەمەنی ٨٤ ساڵییدا بە ھۆی نەخۆشییەکی درێژخایەن لە ماڵی خۆی لە شەقامی مامۆستا ھێمن لە کۆڵانی لاچین لە شاری بۆکان کۆچی دوایی کرد و ڕۆژی دواتر بەشداری ھەزاران کەس لە بۆکان و شارەکانی دیکەی ڕۆژھەڵاتی کوردستان تەرمەکەی بە پێی وەسێتی خۆی لە داوێنی ناڵەشکێنە لە پەنای گۆڕی ھونەرمەندی مەزن حەسەن زیرەک بە خاک سپێردرا.

 

ساڵی ٢٠١٠ و پاش دامەزرانی ناوەند و خەڵاتی هونەرمەند محەمەدی ماملێ، یەکەم خەڵاتی ئەو ناوەند و هونەرمەندە بە قالەمەڕە بەخشرا.

 

 

ش.ف



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 RojNews. Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin