Smiley face
Smiley face
Smiley face

ئەمریکا ستراتیژێکی نوێ بەرامبەر ئێران دەگرێتەبەر

2018-05-21 18:40:58



ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان

 

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی ستراتیژێکی نوێ لە بەرامبەر ئێران دەگرێتەبەر، بۆ ئەوەی نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، چونکە بەپێی ڕێککەوتنی ئەتۆمی، لەدوای ساڵی ٢٠٢٥ەوە ئێران ئازادە لەوەی چەکی ئەتۆمی بە دەستبهێنێت، ئەوەش دەبێتە هۆی پێشبڕکێیەکی خۆپڕچەککردن لە ناوچەکە.

 

ئەمڕۆ، مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیی لەبارەی پرسی ڕێککەوتننامەی ئەتۆمیی لەگەڵ ئێران و دەستێوەردانە سیاسیی و سەربازییەکانی ئێران لە ناوچەکە ئەنجامدا.

 

پۆمپیۆ، ڕایگەیاند: ئەوانەی کە پشتیوانییان لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی لەگەڵ ئێران دەکرد، پڕوپاگەندەی ئەوەیان دەکرد کە دوای ئیمزاکردنی ئەو ڕێککەوتنە، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خاڵی دەبێت لە چەکی ئەتۆمی و بەرقەرارتریش دەبێت لە جاران، بەڵام لە ڕاستیدا هیچ کام لەوانە ڕوویان نەدا، بەڵکو ئێران دۆخەکەی بە هەلزانی و دوژمنایەتی و بەکارهێنانی سەرمایەی خۆی بۆ دروستکردنی ئاڵۆزی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زیاتر کرد.

 

ئەوەشی ئاشکراکرد، کە وڵاتەکەی ستراتیژێکی نوێ لە بەرامبەر ئێران دەگرێتەبەر و وتی: تەنها چەند بڕگەیەکی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە ئێرانی دواخستووە تا ساڵی ٢٠٢٥ بۆ ئەوەی نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، لەوە بەدوا ئێران ئازادە لەوەی چەکی ئەتۆمی بە دەستبهێنێت، بێگومان ئەوەش دەبێتە هۆی پێشبڕکێیەکی خۆپڕچەککردن لە ناوچەکە.

 

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، دەشڵێت: دەستوەردانەکانی ئێران لە ناوچەکە و پشتیوانیکردنی لە میلیشیا چەکدارەکانی حزبوڵا، بوونەتە هۆی ئاوارەبوونی چەندین ملیۆن هاوڵاتی سوری.

 

مایک پۆمپیۆ، جەختیشیکردەوە، کە بە هیچ شێوەیەک لەمەودوا ئێران دەستکراوە نابێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بۆ سەپاندنی هەژمونی خۆی بەسەر ناوچەکەدا، هۆشداریشی دا: ئێران خۆی رووبەڕووی توندترین سزا دەکاتەوە، ئەگەر بگەڕێتەوە بۆ چالاکییە ئەتۆمییەکانی.

 

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، ئەوەشی ڕاگەیاند، کە وڵاتەکەی ١٢ داواکاری لە ئێران هەیە، ئەگەر ئێران ئەو ١٢ خاڵەی جێبەجێ نەکرد، ئەوا دەبێت بەدەست ئابڵووقەی ئابوورییەوە بناڵێنێت.

 

وازهێنانی ئێران لە پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی و واز لە پیتاندنی یۆرانیۆم و ڕاگرتنی پەرەدان بە سیستەمی مووشەکی بالیستیکی و مووشەکی هەڵگری کڵاوەی ئەتۆمی و ئازادکردنی هاوڵاتیانی ئەمریکی ڕاگرتنی هاوکارییەکانی بۆ گرووپە تیرۆریستیەکان و حیزبوڵا و حەماس و جیهادی فەڵەستینی و کشانەوەی هێزەکانی ئێران لە سوریا و ڕێزگرتن لە سەروەری حکومەتی عێراق و وازهێنان لە مامەڵەی هەڕەشەئامێز دژی دراوسێکانی، دیارترین ١٢ داواکارییەکەی ئەمریکایە لە ئێران.

 

ئەمە لەکاتێکدایە، ڕۆژی ٨ی ئەم مانگە، دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا، کشانەوەی وڵاتەکەی لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی لەگەڵ ئێران ڕاگەیاند، ئەوەش کاردانەوەی جیهانیی بەدوای خۆیدا هێنا.

 

لەدوای بڕیارەکەی ترامپ-یش، حەسەن ڕۆحانی، سەرۆک کۆماریی ئێران ڕایگەیاند: فەرمانم کردووە بە ناوەندی وزەی ئەتۆمیی وڵات، تا لە ئەگەری چوونەدەرەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتن نامەکە پیتاندنی ئۆرانیۆم بۆ بەکارهێنانی پیشەگەری دەستپێبکەنەوە.

 

ب.ل

ئەوەی زیاتر خوێندراوە


-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 RojNews. Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin