Smiley face
Smiley face
Smiley face

خانەقین دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ ڕابردوو

2018-05-22 09:10:48



ڕۆژنیوز – ئەمیر خانەقینی

 

ڕۆشنبیران و هونه‌رمه‌ندانی خانەقین ڕەخنه‌ له‌ حکومه‌تی هه‌رێم و ناوه‌ند ده‌گرن له‌ به‌رامبه‌ر په‌راوێزخستنیان و بایه‌خ نه‌دان به‌ کاره‌کانیان، دەشڵێن: لە ساڵانی پەنجاکانی سەدەى ڕابردوو هونەر زیاتر لە ئێستا گرنگیى پێدەدرا لە خانەقین.

 

شارۆچه‌ی خانه‌قین سەر بە پارێزگاى دیالە-یە، زۆرینەى دانیشتوانى کوردن، لە ناوەڕاستی سەدەی ڕابردوو ناوچەیه‌کی ناسراو بووه‌ له‌سه‌ر ئاستی عێراق و باشوری کوردستان له‌ بواری گرنگییدان به‌ هونه‌ر و ڕۆشنبیریی، به‌ڵام له‌ئێستادا گرنگیی به‌و لایه‌نە نادرێت، لەوبارەیەوە هونەرمەندان و ڕۆشنبیرانی خانەقین بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.

 

ئیسماعیل مسته‌فا، به‌ڕێوبه‌ری پێشووتری په‌یمانگای هونه‌ره‌ جوانه‌کانی خانه‌قین وتى:"له‌ سه‌رده‌می ڕژێمی له‌ ناوچووى بەعسدا له‌ ئه‌نجامی ڕاگواستن و ئاواره‌کردنی دانیشتوانەکەی بۆ ناوچه‌کانی خوارووی عێراق لایه‌نی هونەر و ڕۆشنبیریی سستیی به‌خۆیه‌وه‌ بینی، پاش ڕوخاندنی ڕژێمى بەعس-یش خانه‌قین که‌وتە ژێر ده‌سه‌ڵاتی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، به‌ڵام بایه‌خ به‌ بواری هونه‌ر و ڕۆشنبیریی نه‌درا".

 

 

ئیسماعیل مسته‌فا، ئاماژه‌ی به‌وه‌شکرد،  که‌ سه‌ندیکای هونه‌رمه‌ندانی کوردستان "زۆر که‌مته‌رخه‌مه‌" و هیچ ڕۆڵێکی ئه‌وتۆی نه‌بووه‌ بۆ خزمه‌تکردنی بواری هونه‌ر له‌ خانه‌قین و تاکو ئێستا ناسنامه‌ی سه‌ندیکایان بۆ هونه‌رمه‌ندانی خانه‌قین ده‌رنه‌هێندراوه‌.

 

زه‌هرا که‌لهوری، ده‌رچووی په‌یمانگای هونه‌ره‌جوانه‌کانی خانه‌قین، نیگه‌ران بوو له‌وه‌ی که‌ زۆربه‌ی ده‌رچوانی په‌یمانگای هونه‌ره‌جوانه‌کانی خانه‌قین به‌رده‌وامیی ناده‌ن به‌ کاره‌ هونه‌رییه‌کانیان، هۆکارەکەشى بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە‌ هانی گه‌نجان نادرێت بۆ کاری هونه‌ریی و له‌کۆمه‌ڵگادا هونه‌ر به‌ چاوی نزم و بی بایه‌خ سه‌یر ده‌کرێت.

 

 

سەباح محێدین، هونه‌رمه‌ندی شێوه‌کار، وتى:"خانه‌قین لە ساڵى پەنجاکانى سەدەى ڕابردوو جوڵانه‌وه‌ی هونه‌ریی له‌ ئێستادا زیاتر بوو، ئەوکاتە ساڵانه‌ی پێشانگای شێوه‌کاریی خوێندنگاکان ده‌کرایه‌وه‌ و ژنان به‌ شێوه‌یه‌کی فراوان ئاماده‌ی پێشانگاکان دەبوون".

 

 

ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌، وتیشی:"ئێستا هونه‌رمه‌ندان یه‌کگرتوو نین، چونکه‌ دابه‌شبوونی سیاسیی و حزبیی کاریگه‌ریی هه‌بووه‌ به‌سه‌ر هونه‌ر و هونه‌رمه‌ندانەوە، هه‌روه‌ها پاڵپشتی کاری هونه‌ری ناکرێت، بۆنمونە تاکو ئێستادا گەله‌رییه‌ک‌ له‌ خانه‌قیندا نییە".

 

هەروەها، زه‌ینه‌ب ئه‌رکه‌وازیی، کە شێوەکارێکى شارۆچکەى خانەقین-ە، پێى وایە، کە قه‌یرانی دارایی کاریگه‌ریی هه‌بووه‌ لەسەر چالاکییه‌ هونه‌رییه‌کان له‌ شارۆچکەکەیان وتیشی: لەبەر ئەوەى گرنگیى بە هونەر نادرێت ژمارەیەک لە هونەرمەندانى شارۆچکەى خانەقین وازیان لە کارى هونەریى هێناوە.

 

 

داواکاریی ئەو هونەرمەندانە ئەوەبوو، کە سەندیکا و یەکێتی هونەرمەندان گرنگیی بە هونەرمەندانی خانەقین بدەن و ئاستی هونەر لەو شارۆچکەیە بگەڕێننەوە بۆ ساڵانی پەنجاکان.

 

 

ش.ف

 

ئەوەی زیاتر خوێندراوە


-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 RojNews. Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin