Smiley face
Smiley face
Smiley face

هه‌ولێر، توشبووانی نه‌خۆشی گورچیله‌ ژیانیان له‌ مه‌ترسیدایه‌

2018-05-22 13:54:54



ڕۆژنیوز – هه‌ولێر


له‌ هه‌ولێر به‌هۆی نه‌مانی ده‌رمانی پێویست و کارنه‌کردنی ئامێره‌کانی شوشتنه‌وه‌ی گورچیله‌، توشبووانی نه‌خۆشی گورچیه‌ ژیانیان که‌وتووه‌ته‌ مه‌ترسییه‌وه‌ و بۆ ئه‌وه‌ش ناڕه‌زاییان نیشاندا.


ئه‌مڕۆ له‌ شارى هه‌ولێر توشبووانى نه‌خۆشى گورچیله‌ گردبوونه‌وه‌یان ئه‌نجامدا دژى نه‌مانى ده‌رمانى پێویست بۆ نه‌خۆشه‌کان، ئه‌وان ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌که‌ن، که‌ ژیانیان له‌ مه‌ترسیدایه‌.


محه‌مه‌د عه‌لی، که‌سوکارى یه‌کێک له‌ توشبووانى نه‌خۆشى گورچیله‌، که‌ له‌ گردبوونه‌وه‌که‌دا به‌شدار بوو، به‌ ڕۆژنیوزى وت: ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێکه‌ له‌ سه‌نته‌ری شوشتنه‌وه‌ی گورچیله‌ له‌ شاری هه‌ولێر، به‌هۆی نه‌مانی ده‌رمان و که‌ره‌سته‌ی پێویسته‌وه‌ ڕه‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی کۆماریی کراوین.


وتیشى: ئێمه‌ پێویستمان به‌وه‌ هه‌یه‌ هه‌فته‌ی دووجار شوشتنه‌وه‌ی گورچیله‌ بۆ نه‌خۆشه‌کانمان بکرێت، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی که‌ ئێستا له‌ نه‌خۆشخانه‌ی کۆماریش ده‌رمان نه‌ماوه‌ و ئامێره‌کانیش وه‌ک پێویست کارناکه‌ن، بۆیه‌ ژیانی نه‌خۆشه‌کانمان له‌ مه‌ترسیدایه‌.


ئه‌و هاوڵاتییه‌ باسى له‌وه‌ش کرد: ئه‌و ده‌رمانه‌ی پێویست بوو بۆ نه‌خۆشه‌کان ئێستا ئه‌ویش دابه‌ش ناکرێت و له‌ جیاتی ئه‌وه‌ هه‌ر ١٥ ڕۆژ جارێک ده‌رزییه‌ک ده‌درێت به‌ توشبووانی نه‌خۆشانی گورچیله‌، که‌ ئه‌ویش دواده‌که‌وێت.


ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: ژماره‌ى نه‌خۆشه‌کان زیاتر له‌ ١٠٠ نه‌خۆش ده‌بێت و پێویسته‌ هه‌فتانه‌ ئامێرى شۆردنه‌وه‌ى گورچیله‌ به‌کاربهێنن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌ نه‌خۆشخانه‌ حکومییه‌کان ئه‌و ئامێره‌ به‌کارنه‌هێنرێت ئه‌وا له‌ نه‌خۆشخانه‌ ئه‌هلییه‌کان ده‌بێت به‌کارى بهێنن و بۆ ئه‌وه‌ش هه‌فتانه‌ نزیکه‌ی ٨٠٠ دۆلار ده‌کات.

 

 


ک.ک/ب.م
 

ئەوەی زیاتر خوێندراوە


-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 RojNews. Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin