Smiley face
Smiley face
Smiley face

برێت مەکگۆرک لەگەڵ یەکێتی-ش کۆبووەوە

2018-05-22 19:30:59



ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان

 

لەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردەکانی چوار حزبی ناڕازی لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لە سلێمانی، برێت مەکگۆرک، نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتیش کۆبوونەوە و تاوتوێی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ١٢ ئایار و پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقیان کردووە.

 

بەگوێرەی میدیای فەرمیی یەکێتی، ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ، برێت مه‌كگۆرک، نوێنه‌ری تایبه‌تی سه‌رۆكی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا بۆ شەڕی داعش، سه‌ردانی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستانی كردو‌وە و له‌لایه‌ن مه‌لا به‌ختیار، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕیی و عومه‌ر فه‌تاح ‌و حاكم قادر حه‌مه‌جان، ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسیی یەکێتییەوە پێشوازی لێكراوە.

 

لە کۆبوونەوەکەدا، مه‌لا به‌ختیار ڕایگه‌یاندووە: یه‌كێتی به‌شێك ده‌بێت له‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان، چ بۆ دروستكردنی حكومه‌تێكی نوێ‌ له‌ عیراق، كه‌ نوێنه‌ر‌ی هه‌موو پێكهاته ‌‌و لایه‌نه‌كان بێت، چ بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر پرۆژه‌یه‌ك كێشه‌ی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كانی عێراق ‌و كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم ‌و به‌غدا چاره‌سه‌ر بكات.

 

وتوویشییەتی: تاقیكردنه‌وه ‌و ئه‌زموونی تاڵمان سه‌باره‌ت به‌ كێشه‌كانی هه‌رێم ‌و به‌غدا و بودجه‌ و جێبه‌جێكردنی ماده‌ی (١٤٠) و پرسی پێشمه‌رگه‌ هه‌یه‌، داوا دەکەین ئه‌مریكاش پشتیوانی هه‌موو پێكهاته‌‌و لایه‌نه‌كانی عێراق بێت له‌ پابه‌ندكردنی حكومه‌تی داهاتووی عیراق، به‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان‌ و جێبه‌جێكردنی مادده‌كانی ده‌ستوور.

 

هەر بەپێی میدیاکانی یەکێتی، برێت مەگكۆرک لە کۆبوونەوەکەدا ڕایگه‌یاندووە: پێویسته‌ به‌رپرسیارانه‌ بیر له ‌پێكهێنانی حكومه‌تی داهاتووی عێراق بكرێته‌وه ‌و لایه‌نه‌كانیش زوو بگه‌نه‌ ئه‌نجام، بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حکومەت‌.

 

نوێنه‌ری تایبه‌تی سه‌رۆكی ئه‌مریكا بۆ شەڕی داعش، هیوای خواستووە، کە ڕێكکه‌وتنی كورد و شیعه‌ و سووننه‌ بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ‌ به‌جۆرێک بێت، کە پشتیوانییه‌كانی ئه‌مریكا و كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تیی به‌رده‌وامی پێ‌بدات ‌و زیاتریشی بكات.

 

هەر بەپێی میدیاکانی یەکێتی، برێت مەکگۆرک بەجیا لەگەڵ کۆسرەت ڕسوڵ عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی کۆبوونەتەوە و لە کۆبوونەوەكه‌دا، هه‌ردوولا گفتوگۆیان كردووە له‌باره‌ی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و قۆناغی داهاتووی عێراق.

 

 ئەمەش لەکاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ برێت مەکگۆرک، نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ شەڕی داعش و هەریەکە لە عومەری سەید عەلی، ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان و بەرهەم ساڵح، سەرۆکی هاوپەیمانی و عەلی باپیر ئەمیری کۆمەڵ و سەڵاحەدین بەهادین ئەمینداری یەکگرتوو، لەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و سکاڵاکانی ئەو لایەنانە لە ئەنجامی هەڵبژاردن، کۆبوونەوە.

 

 

ب.ل

ئەوەی زیاتر خوێندراوە


-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 RojNews. Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin