Smiley face
Smiley face
Smiley face

گۆلرۆخ ئیرایی لە زیندانەوە یادی فەرزاد کەمانگەری کردەوە

2018-05-23 11:50:13



ڕۆژنیوز - ناوەندی هەواڵەکان

 

گۆلرۆخ ئیرایی، ژنەنووسەری زیندانیی ئێرانی کە لە بەندی ژنانی زیندانی ئەوینی تاران زیندانکراوە، بەنووسینی نامەیەک یادی فەرزاد کەمانگەری کردەوە.

 

دوێنێ نامەیەکی گۆلرۆخ ئیرایی بۆ بەرزڕاگرتنی یادی فەرزاد کەمانگەر بڵاوکرایەوە، ڕۆژنیوز کورتەیەکی ئەو نامەیە بڵاودەکاتەوە.

 

ئیرایی نووسیویەتی: بەناوی قەڵەم، بەیادی فەرزاد کەمانگەر کە هاوڕێی چیا و کتێب بوو، فەرزاد کە دەمێکەیە سەری بە سێدارەوە کراوە، بەڵام ئامۆژگارییەکانی هێشتا لەسەر لێوانی منداڵانی کوردستانە، لەگەڵ دڵتەنگیی دایکاندایە، کە برینی لەسێدارەدانەکەی لەسەر دڵیانە و ناوی لەسەر لێویان گۆرانییە.

 

بەمشێوەیە بەردەوامیی بە نامەکەی داوە: ٩ی ئایار لەکاتێکدا کە قامیشەڵانەکانی ڕێگای وەرامینمان بەجێهێشتبوو چاومان بڕیبووە چیاکانی تۆچال و یادی فەرزادی ئازیزمان بەرز ڕاگرت، چارەنووس سەری هەڵدا و قەڵەمی ڕۆژگار هەبوونمانی کێشایەوە، ئەویش لەم سەردەمە تاریکەدا کە گورزەکانی پاژنەی قورسی پووتی کۆنەپەرستی بەسەر جەستە خوێناویی و وەستاوەکەی بەرخۆدانەوەن.

 

هەروەها نووسیویەتی: لە سەرزەمینێکدا، کە سەدەیەکە چاوەڕوانی هەڵهاتنی خۆرەتاو دەکات، هیواخوازەکان کە ڕەگەزیان لە ئاسن و پۆڵایە بچوکترین تیشەکانی هیوا دەدۆزنەوە و بە پەنجەی ئاماژە پیشانیدەدەن بۆ ئەوەی مژدەی ڕووناکی بدەنە ماندووە بیهواکان.

 

ئیرایی لە بەشێکی دیکەی نامەکەیدا دەستخۆشی و سوپاسی ئەو کەسانەی کردووە کە لە ماوەی مانگرتن لە خواردنیدا پشتگیرییان کردووە.

 

جێگای ئاماژەیە، کە گۆلرۆخ ئیرایی، لە ساڵی ٢٠١٥دا دەستگیرکرا و بەتۆمەتی نووسینی چیرۆکێک لەبارەی بەردبارانکردنی ژنانەوە بە شەش ساڵ زیندان سزادرا، گۆلرۆخ ئیرایی ماوەیەک پێشئێستا بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بێ ڕێزیکردنی پاسەوانەکانی زیندان بە ژنان زیاتر لە ٥٠ ڕۆژ مانی لە خوردن گرت و سەرئەنجام لەسەر داواکاریی چالاکوانانی سیاسی و مەدەنیی ئێران مانگرتنەکەی شکاند.

 

س.ح



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 RojNews. Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin