Smiley face
Smiley face
Smiley face

خۆپیشاندانى جیهانیی دژى داگیرکاریی تورکیا ئه‌نجامده‌درێت

2018-05-23 17:56:52



ڕۆژنیوز ـ ناوه‌ندى هه‌واڵه‌کان


کۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌یى کوردستان – که‌نه‌که‌ ڕایگه‌یاند، که‌ ڕۆژى ٢٦ى ئه‌م مانگه‌ خۆپیشاندانى فراوانى جیهانیی دژى داگیرکارییه‌کانى ده‌وڵه‌تى تورک بۆ سه‌ر خاکى کوردستان به‌ڕێوه‌ده‌چێت.


ئه‌مڕۆ له‌ لێدوانێکى نوسراودا، که‌ وێنه‌یه‌کى بۆ ڕۆژنیوز نێردراوه‌، که‌نه‌که‌ بانگه‌وازیی کردوه‌ به‌شدارى له‌و خۆپیشاندانانه‌دا بکه‌ن، که‌ له‌ وڵاتانى جیهان ئه‌نجام ده‌درێت دژى داگیرکارییه‌کانى ده‌وڵه‌تى تورک.


که‌نه‌که‌ ڕایگه‌یاندوه‌: هێرشه‌کانى ده‌وڵه‌تى تورک له‌سه‌ر کوردستان له‌ باکور، باشور و ڕۆژئاوا به‌رده‌وامن، تورکیا به‌ هێرشى دڕندانه‌ عه‌فرینى داگیرکرد، به‌ شێوازێکى سیستماتیک له‌ هه‌وڵى گۆڕینى دیموگرافیاى شاره‌که‌دایه‌، ماوه‌یه‌کیشه‌ هێرشه‌کانى به‌ره‌و باشور ده‌ستپێکردوه‌ته‌وه‌ و له‌ ناوچه‌ى برادۆست چه‌ند شوێنێکى داگیرکردوه‌، له‌ باکورى کوردستانیش هێرش و داگیرکاریی بێ وه‌ستان به‌رده‌وامه‌، له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و هێرشانه‌دا شه‌ڕڤانان و گه‌لى ئێمه‌ له‌ به‌رخۆدانێکى قاره‌مانانه‌دان.


که‌نه‌که‌ باسى له‌وه‌ کردوه‌: بۆ وه‌ستاندنى ئه‌و داگیرکارییانه‌، گروپێکى دۆستانى کوردان له‌ژێر ناوى "٢٦/٥/٢٠١٨ ڕۆژى چالاکى جیهانیی دژى داگیرکاریی ده‌وڵه‌تى تورک له‌ کوردستان" چالاکییه‌کى به‌رفراوان له‌سه‌ر ئاستى جیهان به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن.


به‌پێى لێدوانه‌که‌ى که‌نه‌که‌، "له‌ ڕۆژى ٢٦ى ٥ى ٢٠١٨ هه‌ر له‌ ژاپۆنه‌وه‌ تا که‌نه‌دا، له‌ باشورى ئه‌فریقاوه‌ تا ئه‌سکه‌نده‌نافیا، له‌ ئوستورالیاوه‌ تا ئه‌مریکاى لاتین، له‌ هندستانه‌وه‌ هه‌تا ڕوسیا، له‌ سه‌رتاسه‌رى جیهان به‌ ده‌ستپێشخه‌ریی دۆستانى کورد خۆپیشاندان ڕێکده‌خرێت".


کۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌یى کوردستان ڕاشیگه‌یاندوه‌: داوا له‌ هه‌ڤاڵان و دۆستان ده‌که‌ین شانبه‌شانى دۆستانى گه‌لى کوردستان له‌و چالاکیانه‌دا به‌شدار بن و داگیرکاریی ده‌وڵه‌تى تورک ئیدانه‌ بکه‌ن.


ک.ک



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 RojNews. Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin