Smiley face
Smiley face
Smiley face

کۆبوونەوەی دۆناڵد ترامپ و کیم جۆنگ ئوون هەڵوەشایەوە

2018-05-24 17:32:25



ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان

 

کۆشکی سپی ڕایگەیاند، کۆبوونەوەی نێوان دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا و کیم جۆنگ ئوون-ی سەرۆکی کۆریای باکور، کە بڕیاربوو لە ١٢ی مانگی داهاتوو بەڕێوەبچێت، هەڵوەشایەوە.

 

ئێوارەی ئەمڕۆ، کۆشکی سپی ئەمریکا، لە بەیاننامەیەکەدا، هەڵوەشانەوەی کۆبوونەوەی نێوان دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا و کیم جۆنگ ئوون-ی سەرۆکی کۆریای باکوری ڕاگەیاند.

 

بەگوێرەی بەیاننامەکەی کۆشکی سپی، ترامپ نامەیەکی ئاراستەی کیم جۆنگ ئوون کردووە و ڕایگەیاندووە: بەداخەوە بەبۆنەی ئەو توڕەییە زۆرە و ئەو دوژمنایەتییە ئاشکرایەتان لە دوایین ڕاگەیەندراوتاندا، هەستدەکەم ئێستا کۆبوونەوەمان گونجاو نییە.

 

ترەمپ، لە نامەکەدا بە کیم جۆنگ ئوونی وتووە، کە کۆبوونەوەی لوتکەی سەنگاپورە، لەبەر خاتری هەردوولامان و جیهان بەڕێوەناچێت، هەڵوەشانەوەی کۆبوونەوەکەشی بە "چرکەساتێکی خەمناک لە مێژوودا" ناوبردووە.

 

لە بەشێکی دیکەی نامەکەدا، ترامپ هۆشداریشی داوەتە سەرۆکی کۆریای باکور و نووسیویەتی:"تۆ دەربارەی توانا ئەتۆمییەکانت قسەدەکەیت، بەڵام توانا ئەتۆمییەکانی ئێمە هێندە گەورە و بەهێزن، کە لە خوا دەپاڕێمەوە هیچکات پێویست بە بەکارهێنان نەکات". 

 

ئەمە لەکاتێکدایە، بڕیاربوو ڕۆژی ١٢ی مانگی داهاتوو، دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا و کیم جۆنگ ئوون-ی سەرۆکی کۆریای باکور، لەبارەی چالاکییە ئەتۆمییەکانی کوریای باکور و ئابلۆقەکانی ئەمریکا بۆ سەر کوریای باکور لە سەنگاپورە کۆببنەوە، ئەوەش ناونرابوو 'کۆبوونەوەی لووتکە'.

 

بڕیاری ئەنجامدانی دیدار لەنێوان ترامپ و کیم لەکاتێکدا بوو، کە پێشتر ئەو دوو سەرۆکە بە ناشیرینترین شێوە لە دژی یەکدی لێدوانیان دەدا و یەکتریان بە "شێت"، "پیری گەمژە" و "قەڵەوی ناشیرین" ناودەبرد.

 

ئازادکردنی سێ هاوڵاتیی ئەمریکی لەلایەن کۆریای باکورەوە، کە پاش هاتنە سەرکاری دۆناڵد ترامپ بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا دەستگیرکرابوون، زەمینەی بۆ دیداری کیم جونگ ئون و دۆناڵد ترامپ خۆشتر کرد، ترامپ لە نامەی هەڵوەشاندەوەی دیدارەکەشیدا، سوپاسی کیم جۆنگ ئوونی کردووە، لەپای ئازادکردنی ئەو سێ هاوڵاتییە.

 

ب.ل

ئەوەی زیاتر خوێندراوە


-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 RojNews. Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin