Smiley face
Smiley face
Smiley face

کامپی پەنابەرانی مەخمور، چیرۆکی ڕێپێوان بۆ ئازادیی

2018-05-25 11:26:09



ڕۆژنیوز - مەخمور


بەهۆی سیاسەتی داگیرکاریی و هێرشەکانی لەناوبردنی کوردەوە، کامپی پەنابەرانی مەخمور یاخود کامپی پەنابەرانی شەهید ڕوستەم جودی بەسەرهاتێکی تراژیدی هەیە، ئەوەش بەهۆی لێگەڕینەکانی بۆ ئازادیی.


کامپی پەنابەرانی مەخمور کەوتووەتە دووریی ٥٠ کیلۆمەتر لە باشوری هەولێر و دووریی ٧٥ کیلۆمەتری لە باشوری ڕۆژهەڵاتی موسڵەوە، دەوڵەتی تورک لە ساڵی ١٩٩٣دا ئۆپەراسیۆنێکی گەورەی لەدژی بزوتنەوەی ئازادیخوازیی گەلی کورد ئەنجامدا و هێرشی کردە سەر هاوڵاتیانی مەدەنی، لە ئەنجامدا هەزاران کەس کوژران و دەیان هەزاری دیکەش ئاوارەی وڵاتان بوون.


پێشێلکارییەکانی دەوڵەتی تورک لە دژی هاوڵاتیان لە بۆتان و بادینان زیاتر لە هەموو شوێنێکی دیکە بوو، بۆیە هەوڵیدا هاوڵاتیانی جولەمێرگ و شرناخ بکاتە بەکرێگیراوی خۆی، هاوڵاتیان ئەو پیلانەی حکومەتی تورکیان پێ قبوڵ نەکرا و بەرەو باشوری کوردستان بەڕێکەوتن.


ئەوان پاش ڕێپێوانێکی درێژ و پڕ لە زەحمەت و ئاستەنگیی، گەیشتنە باشوری کوردستان، لەو ڕێگایەدا دەیان منداڵ و مرۆڤی بێ بەرگری گیانیان لە دەستدا، لە ئەنجامدا ئەو هاوڵاتیانە لە زاخۆ گیرسانەوە، بەشێکی دیکەش لە هەفتانین نیشتەجێ بوون.


دەیان هەزار هاوڵاتی کێشەی نیشتەجێبوونیان هەبوو، هاوکات دەوڵەتی تورکیش بۆردوومانەکانی دەستپێکردەوە، فڕۆکە جەنگییەکانی تورک چەندین جار ناوچەکانی دەوروبەری کامپی ئەو هاوڵاتیانەی لەزاخۆ بۆردوومان کرد.


بۆیە ئەو هاوڵاتیانە لە ساڵی ١٩٩٤دا ناچاربوون جارێکی دیکە کۆچ بکەن، ئەو هاوڵاتیانە ماوەی دوو مانگ بەڕێوەبوون، بەهۆی نالەباریی دۆخییانەوە قسەیان لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان کرد بۆ ئەوەی شونێکیان بۆ دیاری بکات و تێیدا بژین.


پاشان نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ١٩٩٥دا بۆ هاوکاریکردنی ئەو ئاوارانە کامپی پەنابەرانی ئەترووشی بۆ دیاریکردن، هەرچەند پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان پارێزراون لەوەی هێرش بکرێتە سەریان، لەگەڵ ئەوەش دا دەوڵەتی تورک چەند جارێک هێرشی ئاسمانی کردەوە سەریان.


هاوکات پارتی دیموکراتی کوردستانیش بەشداری ئەو هێرشانە بوو بۆ سەر ئاوارەکان و ئابڵوقەی خستە سەر کامپەکە، جگە لەوەش بە هاوکاریی حکومەتی تورک هێرشێکی چەکداریی کردە سەر ئاوارەکانی باکوری کوردستان، لە ئەنجامدا دەیان هاوڵاتی مەدەنییان کوشت.


پاش ئەو ڕووداوە، نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو هاوڵاتیانەی لە کامپی ئەترووشی سەرەوە بۆ ئەترووشی خوارەوە نارد، پارتی و تورکیا هەوڵیان دەدا بە زەختکردن لەو هاوڵاتیانە باشوری کردستانیان بە تەواوی پێ چۆڵ بکەن.


لە ساڵی ١٩٩٧دا کامپی نەینەوای موسڵیش بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە چۆڵ کرا، نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە حکومەتی عێراق کرد شوێنێک بۆ ئەو ئاوارانە بدۆزێتەوە، ئەو هاوڵاتیانە ماوەی دوو مانگ چاوەڕێیان کرد.


سەرئەنجام لە ساڵی ١٩٩٨ حکومەتی عێراق شوێنێکی لە مەخمور و نزیک موسڵ بۆ دیاریکردن، ١٥ هەزار پەنابەر چوونە ئەوێ، نەتەوە یەکگرتووەکانیش بە فەرمی لەوێ بنکەیەکی کردەوە، ئێستا ئەوە ١٩ ساڵە ئەو هاوڵاتیانە لە کامپی پەنابەرانی مەخموردان.


حکومەتی تورک ئێستاش ڕاستەوخۆ و ناڕاستەخۆ هەوڵدەدات کە ژیان بۆ ئەو هاوڵاتیانە قورس بکات، بەڵام لەگەڵ هەموو هێرش و زۆردارییەکانیدا خەڵکی کامپی مەخمور هەر جارەو  بە شێوەیەک ڕووبەڕووی ئەو هێرشانە دەبنەوە و لە تێکۆشانی خۆیان بۆ ئازادیی بەردەوامن.

 


ک.ک
 

ئەوەی زیاتر خوێندراوە


-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 RojNews. Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin