Smiley face
Smiley face
Smiley face

دایکی ڕامین حسێن پەناهی نامەیەکی ئاراستەی یەکێتی ئەوروپا کرد

2018-05-25 19:40:57



ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان

 

دایکی ڕامین حسێن پەناهی، زیندانی سیاسیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، نامەیەکی ئاراستەی یەكێتی ئەوروپا کرد و داوایان لێدەکات، کە داوا لە ئێران بکەن، سزای لەسێدارەدانی ڕامین ڕاگرێت.

 

ئەمڕۆ، شەرافەت زەڕینی، کە ناسراوە بە دایە شەریفە، دایکی ڕامین حسێن پەناهی، لەسەر بڕیاری لەسێدارەدانی کوڕەکەی لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە، نامەیەکی ئاراستەی فدریکا موگرینی، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا کرد.

 

لە نامەکەدا، دایە شەریفە نووسیویەتی: ئەمە نامەی دایکێکە لە شارۆچکەیەکی بچووکی کوردستانی ئێران، نامەی دایکێک کە ھەموو ڕۆژێ ترس و دڵەڕاوکێ بەری نادا، ھۆکاریش ئەوەیە لە زیندانێکی نزیک لێیەوە دوای مانگی رەمەزان بڕیارە بەشێک لە دڵی لە سێدارە بدرێ، دەزانن واتای چیە؟ کە بیر لەو کارەساتە دەکەمەوە موچۆرکم پێدا دێت و بێزارم لە وشەی "سێدارە".

 

هەروەها، هاتووە: من دایکێکی ئازار چێشتووم، سی ساڵە دەردم ناسیوە و ساڵانێکی زۆرە بە دوای ڕۆڵەکانمەوەم، ئەو ڕۆڵانەی کە باسی عەدالەت و یەکسانی دەکەن و کردوویانە و ھەوڵیان بۆ داوە، بەڵام لێرە ھەموو شتێک قەدەغەیە، ئێمە لە دۆزەخدا دەژین و ژیانی ئەم ڕۆژانم وەک ئەوەیە کە لە دۆزەخدا بم.

 

لە بەشێکی دیکەی نامەکەی دایکی ڕامین-دا، هاتووە: ڕامین حسێن پەناھی، کە دڵنیام ناوتان بیستووە و وێنەکەیتان دیوە ڕۆڵەی خۆشەویستی منە، ڕامین ھەر ھەڵەیەکیشی کردبێ سزای مەرگ نییە، ئایا ئەوە قسەیەکی ناحەقە کە من ئەیکەم؟ ڕامین چالاکێکی سیاسییە، کە پەروەندەیکی سەرانسەر لە درۆی بۆ ساز کراوە و بەو ھۆیەوە نزیکیان کردووەتەوە لە مەرگ، داواکاری من ئەوەیە کە لەم ڕۆژانەدا کە لەگەڵ بەرپرسانی ئێران خەریکی قسە و دانووستانن، داخوازیەک بە داخوازیەکانی پێشووتان زیاد بکەن و داوای ھەڵوەشانەوەی بڕیاری لەسیدارەدانی ڕامین بکەن و لە دادگایەکی ئەوروپاییدا محکەمەی بکەن.

 

لە کۆتایی نامەکەی دایە شەریفە-دا نووسراوە: دڵی من و ڕۆڵەکەم ئەم ڕۆژانە پێوەستە لە یەک و ئەزانم بۆ ڕۆڵە بچووکەکەم ڕامین ئەم ڕۆژانە زۆر ناخۆش و ئەستەمە، مۆتەی سێدارە! دەمەوێ بۆ تاوێکیش بێ لەم ھەستەی من نزیک ببنەوە و خۆتان لە جێگای من دابنێن، کارێک بکەن و ڕێگە نەدەن ئەم کارەساتە ڕوو بدات، دڵنیام ئێوە دەتوانن، سەمیمانە تکام ئەوەیە ھەوڵی جددی خۆتان بۆ وەستانی ئەو بڕیارە بدەن و ڕێگە مەدەن ڕامین لە سێدارە بدرێ.

 

ئەمە لەکاتێکدایە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، بەرپرسانی زیندانی ناوەندی سنە بە ڕامین حسێن پەناهی-یان ڕاگەیاندبوو، کە ڕێکارە یاساییەکانی لە سێدارەدانی تەواو بووە و ئەوەی جێەبجێکردنی بڕیارەکەی ڕاگرتووە تەنها مانگی ڕەمەزانە، پێشیان وتووە، بەدڵنیاییەوە دوای مانگی ڕەمەزان لە سێدارە دەدرێت و هیچ فشارێکی نێودەوڵەتیش ناتوانێت ڕزگاری بکات لە سێدارەدان.

 

ڕامین حسێن پەناهی، زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ساڵی پار دەستگیرکرا و پاشان لەلایەن لقی سنەی دادگای "شۆڕشی ئیسلامیی"یەوە، بە تۆمەتی 'بەغی' واتە شەڕ لەگەڵ حکومەتی ئیسلامی، سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.

 

ب.ل

ئەوەی زیاتر خوێندراوە


-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 RojNews. Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin