Smiley face
Smiley face
Smiley face

کفری، کارگەیەکی دروستکردنی لەباو تەمەنی ٦٠ ساڵە

2018-05-26 08:39:36



ڕۆژنیوز ـ هاوڕێ و بۆتان 


لە شارۆچکەی کفری سەر بە ئیدارەى گەرمیان کارگەیەکی دروستکردنی لەباو هەیە، کە تەمەنی ٦٠ ساڵە.


لە باشووری کوردستان هەلاجی پیشەیەکى ڕەسەنى کوردییە، کە ٨٠%ى کارەکانى  بەدەست دەکرێت و لە ئێستادا بەهۆی کەمبوونەوەی خواست لەسەر کڕینى ئەو کەلوپەلانە، پیشەکە خەریکە بەرەو لە ناوچوون دەچێت. 


جەبار جۆڵا خاوەنی کارگەیەکە، بەڵام لە ئێستادا بەهۆی نەخۆشیەوە خۆی کارگەکە بەڕێوەنابات، بەڵکو کوڕەکەی بەناوی هێمن جەبار ئەو کارگە بچوکە بەڕێوەدەبات.

 


کاری هەلاجى، پیشەیەکى ڕەسەنى کوردییە و لە زۆرینەى ناوچەکانى کوردستان بوونى هەبووە بەتایبەت لە گەرمیان، ئەم پیشەیە کاری دروستکردنى کەچە و فەرەنجی و کڵاوى قۆڕی و کڵاوى وەرزێر و لەباوی گەورە و بچووک بووە، بەپێی خواستى کەسی داواکراو، ئەو کارانەش لە بەرگنی (خورى) بەرخ دروست دەکرێت، کاتێک لە وەرزی بەهار بەرخەکە دەبڕنەوە، خورییەکەی دەهێنرێت بۆ لای هەلاج بۆ ئەوەى بەکاربهێنرێت.


لە یەکەم قۆناغدا، بەرگنى بەرخەکە دەکرێتە ئامێرێک بۆ شیکردنەوە، کە بە کارەبا کاردەکات، دواى شیکردنەوەى بەرگنەکە، ٨٠%ى کارەکان دەبنە دەستى، دواتر بۆ دروستکردنى لەباوى گەورە و بچووک نەخش لەسەر چیخ دروست دەکرێت و بەرگنە شیکراوەکەى بەسەردا دەکرێت بە شەنێکى دارین و پاشان ئاوی بەسەردا دەکرێت و بۆ ماوەیەک بەدار دەکوترێت بۆ ئەوەى بەرگنەکە و نەخشەکە یەکبگرن، دواتر دەبێتە لەباو، ئەم کارەش بەدوو کاتژمێر دروست دەکرێت، بۆ دروستکردنى کەلوپەلەکانى تریش هەریەکە و بەڕێگاى خۆی دروستى دەکرێت. 

 


لە ڕابردوودا، داواکاری لەسەر دروستکردنى لەباو زۆر بوو، بەتایبەت لە هەورامان و شارەزوور و گەرمیان، خەڵکێکى زۆر داوای کردووە، وەک جەبار خۆی دەڵێت: کەسی وا هەبووە داواى سەد لەباوی کردووە، کڕیارمان هەبووە داواى ٢٠٠ کەچەى کردووە بۆ شوان، بەڵام ئێستادا کارەکە بەرە و لەناوچوون دەڕوات و داواکاری لەسەری کەمبووەتەوە، ئەو لەباوانەى ئێستا دروست دەکرێت، دەبرێت بۆ شاری سلێمانى و لەویشەوە، بۆ ڕۆژهەڵاتى کوردستان.


لەباو زیاتر لە لایەن گوندنشینەکانەوە بەکاردێت بۆ ڕاخستن و دانیشتن لەسەری، هەندێک جاریش لەلایەن ئەو کەسانەى، کە نەخۆشی فەقەرات یان پشت ئێشەیان هەیە بەکاردێت، چونکە لە ڕووى تەندروستیەوە بۆ ئەو نەخۆشانە زۆر باشە و ئازاری پشتیان ناهێڵێت، وهەروەها ئەو کۆڵبەرانەى لەنێوان ئێران و کوردستان کار دەکەن بە زۆری بەکاری دێنن بۆ ئەو ئاژەڵانەى کە بارەکانیانی پێ دەگوازنەوە. 

 


هەلاج جگە لە لەباو و فەرەنجى، کەچە بۆ شوانکارەکان دروست دەکات، کەچە بەهەمان شێوە لە بەرگنى بەرخ دروست دەکرێت و شوانکارەکان لە کاتى بارینى بەفر و باراندا بەکاری دێنن، لەبەرئەوەى بە هیچ شێوەیەک سەرمایان نابێت و ئەگەر لایلۆنێک بەسەر کەچەکەدا بدەن بارانیش هەڵنامژێت و لەکاتى بەفرباریندا ناوەکەى گەرم دەبێت و لە وەرزی هاوینیشدا بەرگری لە  بەرزی پلەى گەرمى دەکا و ناهێڵێت شوانکارەکە زیانى پێ بکات. 


هێمن جەبار، خاوەنى پیشەکە، بۆ ڕۆژنیوز وتى: لە پیشەى هەلاجیدا جیاواز لە پیشەکانى تر، دەبێت کارگەکە لەنێو خانوویەکەدا بێت هیچ ئامێرێکى ساردکردنەوەى تێدا نەبێت و ئەو بەرگنەى کەل و پەلەکانى پێ دروست دەکرێت، نابێت بشوردرێتەوە بە ئاو، هەروەها لەبەرئەوەى پیشەکە تایبەتە بە ڕەسەنى کورد و بەدەست دروست دەکرێت هیچ بەرهەمێکى تر کاریگەری لەسەر ناکات. 

 


هێمن جەبار، وتیشی: لە گەرمیاندا جگە لە ئێمە و کەسێکى تر، کەس نیە کاربکات، ئێمەش دەمانەوێت دەستى لێهەڵبگرین، چونکە خواستى لەسەر زۆر کەم بوەتەوە، پێشووتر ئەوەندە کارمان زۆر بوو، بیست کەس وەک شاگرد لەم کارگەیە کاری دەکرد و ئەم کارەش موڵکى ڕەسەنى کوردە و گرنگە وەک خۆی بمێنیتەوە لەناو کوردا، بەداخەوە وا خەریکە لەناو دەچێت. 

 


ک.ک
 

ئەوەی زیاتر خوێندراوە


-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 RojNews. Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin