Smiley face
Smiley face
Smiley face

باشوری کوردستان، هەموو ڕۆژێک ڕووداوی کوشتن یان خۆکوشتن.. هۆکار چییە؟

2018-05-26 10:51:26



ڕۆژنیوز - ڕۆزە محەمەد


لە ماوەی ١٤٦ ڕۆژدا لە باشوری کوردستان، ١٤٦ کەس خۆیان کوشتووە یان کوژراون، چالاکوانانیش هۆکارەکانی زیادبوونی کوشتن و خۆکوشتنەکان بۆ قەیرانەکان و نەبوونی هۆشیاری دەروونیی و یاسای لێبوردنی گشتی دەگێڕنەوە.


بەپێی ئامارێک کە ڕۆژنیوز لای خۆی کۆیکردووەتەوە لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتاوەکو ئێستا لە باشوری کوردستان ١٤٦ هاوڵاتی کوژراون یاخود خۆیان کوشتووە، بە بۆچوونی بەشێک لە چالاکوانان و پارێزەران و توێژەران ئەم ڕێژەیە ئەوەندە بەرزە کە دەتوانرێت بە دیاردە هەژمار بکرێت نەک حاڵەت.


سۆران سەعید، توێژەری کۆمەڵایەتی، هۆکارەکانی زیادبوونی خۆکوشتنەکانی بۆ ڕۆژنیوز خستەڕوو و وتی: هەبوونی قەیرانەکان و نەبوونی هۆشیاری دەروونی بۆ ئەوەی سەردانی پزیشکی دەروونی بکەن لە کاتی کێشەی دەروونیدا، بۆیە کاتێک کەسێک توشی گرفتێک دەبێت وادەزانێت ئەوە ئیتر تەواو کۆتایی دونیایە، ئەمانەش وایکردووە ڕێژەی خۆکوشتن بەرزبێتەوە.

 


ئەو توێژەرە هۆکاری زیادبوونی ڕێژەی کوشتن-یشی باس کرد و وتی: کێشە کۆمەڵایەتیەکان هۆکارن، کاتێک تاکەکان ئەو ڕق و کینەیەی لە دڵیاندا دەمێنێتەوە وادەزانن کوشتن دادی ئەوە دەدات، لە کاتێکدا کە دامەزراوە یاساییەکان دەتوانێت حەقت بۆ بگەڕێنێتەوە، هەروەها قەیرانەکان و زۆربوونی چەکی بێ مۆڵەت و چەک بە گشتی لە ماڵەکان هۆکارن، هەروەها هەندێک جار جێبەجێنەکردنی یاسا، ئەوانە هەمووی هۆکاری زیادبوونی ڕێژەی کوشتنن.


هانا شوان، چالاکوانی مەدەنی، بۆچوونی وایە: جێبەجێ نەکردنی یاسا، هۆکاری سەرەکیە بۆ دووبارەبوونەوەی تاوانەکان، ئێمە پێویستمان بە هەڵمەتێکی زۆر گەورەی هۆشیاریی هەیە بۆ ژیانکردن و بەڕێوەبردنی ژیان بۆ گەنجان، لەبەرئەوەی زیاتری کوشتن و خۆکوشتنەکان لەو تەمەنەدایە، هەروەها پێویستە هەڵمەتێکی هۆشیاری وردی هەمەلایەنە هەبێت لەنێوان ڕێکخراوەکان و میدیاکان، هەروەها یاسا ڕۆڵی خۆی ببینێت.

 


باسی لەوەش کرد: یاسا سەروەری خۆی نەپاراستووە، بۆیە ڕووداوەکان هەمیشە دووبارە دەبێتەوە و بە ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی (سوڵحی عەشایەری) یان بە پارە یاخود بە ژن لەنێوان هاوڵاتیان کێشەکان چارەسەر دەکرێت، بەڵام لە جێبەجێکردنی یاسادا ڕووداوەکان کەمدەبێتەوە لەبەرئەوەی هاوڵاتیان لە سزا دەترسن.


هەروەها یادگار جەلال، پارێزەر و وردبین لە دادگای سلێمانی بە ڕۆژنیوزی وت: کاتێک کەسێک کەسێکی دیکە دەکوژێت بە ئەنقەست، ئەوا بە سزای سێدارە یان هەتا هەتایی سزا دەدرێت، هەروەها بە پێی ماددەی ٤٠٨ سزای حەوت ساڵ زیندانیش بۆ ئەو کەسانەیە، کە بە قسە بێت یاخود بە ئەشکەنجەدان وا لە کەسێک دەکەن کە خۆیان بکوژن.

 


ئەو پارێزەرە ڕەخنەی لە یاسای لێبوردنی گشتی گرت و وتی: یاسای لێبوردنی گشتی هۆکارێکە کە کەس ترسی نەمێنێت لە سزادان، لەبەرئەوەی لە یاساکەدا بکوژان دەگرێتەوە، تەنانەت لەو یاسایەدا ئەو کەسانەش دەگرێتەوە کە پێشتر سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووبێت، بەمەرجێک ئەگەر لەگەڵ لایەنی بەرامبەر پەیوەندی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی (سوڵحی عەشایەری) ئەنجام بدەن، ئەوا سزای سێدارەدانەکەیان بۆ کەمدەکرێتەوە بۆ ١٥ ساڵ و مەرجێکیش هەیە کە هیچ یاسایەکی لێبوردنی گشتی دیکە نایگرێتەوە.


یادگار یاسای لێبوردنی گشتی بە هۆکاری جێبەجێنەکردنی یاسا دەزانێت و دەڵێت: "یاسایی لێبوردنی گشتی زیاتر بۆ کۆکردنەوەی دەنگ بۆ هەڵبژاردنەکان دەردەکرێت لەلایەن حزبەکانەوە و ئەمەش هۆکارێکە کە وادەکات یاسا وەکو خۆی جێبەجێ نەکرێت".


ک.ک
 

ئەوەی زیاتر خوێندراوە


-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 RojNews. Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin