Smiley face
Smiley face
Smiley face

چوار لایه‌نى ناڕازیی ده‌یانه‌وێت له‌ مه‌ودوا کارى هاوبه‌ش بکه‌ن

2018-05-26 12:55:56



ڕۆژنیوز - هاوکار مسته‌فا


هه‌ریه‌ک له‌ گۆڕان و کۆمه‌ڵ و هاوپه‌یمانى و یه‌کگرتوو هێشتا نه‌گه‌یشتوونه‌ته‌ بڕیارێکى هاوبه‌ش بۆ بایکۆتکردنى پرۆسه‌ى سیاسى عێراق یان به‌شداریکردن، به‌ڵام به‌ وته‌ى خۆیان ده‌یانه‌وێت له‌مه‌ودوا هه‌ر چواریان پێکه‌وه‌ کارى هاوبه‌ش بکه‌ن.


چوار لایه‌نى ناڕازیی، که‌ پێکدێن له‌ گۆڕان و کۆمه‌ڵ و هاوپه‌یمانی و یه‌کگرتوو، ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌کانى ١٢ى ئه‌م مانگه‌یان ڕه‌تکرده‌وه‌ و وتیان "ساخته‌کاریی و ته‌زویر" کراوه‌، ئه‌وان له‌دواى ١٢ى مانگه‌وه‌ سه‌رقاڵى کۆبوونه‌وه‌ و بڕیاردانن له‌سه‌ر چۆنێتى کارکردنى له‌مه‌ودوایان.


ئارام قادر، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری هاوپه‌یمانی بۆ دیموکراسی و دادپه‌روه‌ری، به‌ ڕۆژنیوزی ڕاگه‌یاند: به‌ مه‌به‌ستی گه‌یشتن به‌ بڕیاری کۆتایی له‌باره‌ی بڕیاردان بۆ به‌شداریکردن له‌ پرۆسه‌ی سیاسی عێراق یاخود ڕه‌تکردنه‌وه‌ی، کۆبونه‌وه‌کانمان له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌که‌ له‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و کۆمه‌ڵ و یه‌کگرتوو به‌رده‌وامه‌، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر چوارمان به‌یه‌ک ستراتیژی هاوبه‌ش کار بکه‌ین و بڕیار بده‌ین.

 


ئاماژه‌ی به‌وه‌شکرد: هه‌رچه‌نده‌ تا ئێستا بڕیارێکی کۆتایی و یه‌کلاکه‌ره‌وه‌مان ده‌رنه‌کردووه‌ و هه‌موو ئه‌گه‌ره‌کانیش له‌به‌رده‌مماندا کراوه‌ن، به‌ڵام ئاماژه‌کان زیاتر به‌و ئاڕاسته‌یه‌ن که‌ هه‌ر چوار لایه‌نی سیاسی پێکه‌وه‌ به‌ فراکسیۆنێک ڕوو له‌ به‌غدا بکه‌ین، چونکه‌ له‌ ئێستادا خه‌ڵکی هه‌رێمی کوردستان توشی نائومێدییه‌کی زۆر بوون و چاوه‌ڕێی کاری گه‌وره‌ له‌ ئێمه‌ ده‌که‌ن.


ئارام قادر ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: ئێستا هه‌وڵه‌کانمان به‌و ئاڕاسته‌یه‌ن که‌ بتوانین تواناکانمان یه‌کبخه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی داهاتووی هه‌رێمی کوردستانیش به‌یه‌ک لیستی هاوبه‌ش به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌کان بکه‌ین.


ئه‌و باسى له‌وه‌ش کرد، که‌ هێشتا دیار نییه‌ به‌ چى شێوه‌یه‌ک مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ پارتى و یه‌کێتى ده‌که‌ن، بۆئه‌وه‌ش دیسان ده‌بێت پێکه‌وه‌ بڕیارێکی هاوبه‌ش بده‌ن.


ک.ک
 

ئەوەی زیاتر خوێندراوە


-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 RojNews. Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin