Smiley face
Smiley face
Smiley face

نوێترین زانیاریی دەربارەی چۆنییەتی تۆمارکردنی قەوارەکان بۆ هەڵبژاردنی هەرێم

2018-05-26 13:33:15



ڕۆژنیوز - ڕۆزە محەمەد

 

لە سبەینێوە لیست و قەوارەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەتوانن خۆیان تۆمار بکەن، بەپێی یاساکانی کۆمسیۆن، هەر حزبێک لە هەرێم تۆمارنەکرابێت دەبێت ٥٠٠ واژۆی لایەنگرانی بداتە کۆمسیۆن، هەروەها هەڵبژاردن بۆ سەرۆکایەتی هەرێم ناکرێت.

 

٣٠-٩-٢٠١٨ هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کورستان ئەنجامدەدرێت و كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، قەوارە سیاسییەکانیش دەتوانن لە سبەینێوە خۆیان تۆمار بکەن.

 

ئیسماعیل حەمەعەلی خورماڵی، بڕیاردەری ئەنجومەنی كۆمسیاران لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی کوردستان بە ڕۆژنیوزی وت: پێشتر بە نوسراوی فەرمی داوامان لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کردبوو کە هەرسێ هەڵبژاردنی(پەرلەمان و سەرۆکایەتی هەرێم و ئەنجومەنی پارێزگاکان) بەیەکەوە ئەنجام بدرێت لەبەر کەمی تێچوو و ئاسانی پرۆسەکە، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان لە نوسراوەکەیدا تەنها باسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کردووە.

 

 

سەبارەت بە تۆمارکردنی قەوارەکان، ئیسماعیل وتی: تۆماركردنی قەوارە سیاسییەكان لە بەرواری ٢٧-٥-٢٠١٨ تاوەکو ٧-٦-٢٠١٨ بەڕێوەدەچێت، هەروەها تۆماركردنی هاوپەمیانییەتیەكان لە بەرواری ١٨-٦-٢٠١٨ تاوەکو ٢٠-٦-٢٠١٨بەڕێوەدەچێت.

 

ئاماژەی بەوەشدا: هەر قەوارەیەک لە هەرێمی کوردستان تۆمار کرابێت هیچ مەرجێکی نابێت، تەنها بڕی ٥٠ ملیۆن دیناری لێوەردەگیرێت لەلایەن کۆمسیۆنەوە وەکو بارمتە، ئەگەر هەڵبژاردن تەواو بوو هیچ سەرپێچیەکی ئەنجام نەدا ئەوا پارەکەی دەدرێتەوە، بەڵام لەماوەی بانگەشەی هەڵبژاردندا سەرپێچی کرد ئەوا لەو ٥٠ ملیۆن دینارە وەک سزا لێی کەمدەکرێتەوە و ئەگەر سەرپێچیەکەش لەو بڕە زیاتر بوو ئەوا پارەی دیکەیان لێوەردەگیرێت.

 

ڕاشیگەیاند: ئەو قەوارانەی کە لە هەرێمی کوردستان وەک حزب مامەڵەیان لەگەڵ نەکراوە یاخود تۆمار نین، ئەوا مەرجە کە واژۆی ٥٠٠ دەنگدەر بهێنن وەک لایەنگری ئەو قەوارە سیاسییە بۆ ئەوەی لە کۆمسیۆن تۆمار بکرێن.

 

س.ح

ئەوەی زیاتر خوێندراوە


-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 RojNews. Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin