Smiley face
Smiley face
Smiley face

گۆڕان داوای دروستکردنی بەرەیەکی سیاسیی دەکات

2018-05-26 20:25:33



ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان

 

جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان، داوا لە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات، کە بەرەیەکی فراوان دروستبکەن، بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە هەرێمی کوردستان.

 

ئێوارەی ئەمڕۆ، لە دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەکەیان، جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

 

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان-دا، بارودۆخی کوردستان ‌و پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ‌و "ساختەکارییە ڕێکخراو و لە ڕادەبەدەرەکەی پارتی ‌و یەکێتی" تاوتوێکران.

 

هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان، سێ بڕیاری پەسەندکردووە، کە بریتین لە:

 

یەکەم: ئیدانەکردنی ئەو ساختەکارییە ڕێکخراوەی یەکێتی‌و پارتی کە بەهۆیەوە دەنگی سەدان هەزار هاوڵاتی کوردستانیان دزی‌ و سەرەتاییترین مافی هاوڵاتیانی کوردستانیان پێشێل کرد، جارێکی تریش سەلماندیان کە لە پێناوی بەرژەوەندی حیزبی خۆیان‌ سڵ لە هیچ رەفتارێک ناکەنەوە، بەڵام بەو رەفتارەیان هاوڵاتیانی کوردستانیان رق ئەستورتر کرد بەرامبەر ئەو دەسەڵاتە شکسخواردوو خۆسەپێنە.

 

دوەم: توندی ئیدانە کردنی پەلامارە ترسنۆکانەکەی چەکدارانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کە لە ئێوارەی ١٢/٥ دا کردیانە سەر مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی.

 

سێیەم: ڕەتکردنەوەی سەرتاپای ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق. لە هەمان کاتدا چاوەڕێی رێکارە یاساییەکان‌و هەوڵە سیاسی‌و دیپلۆماسییەکانین بۆ دوبارەکردنەوەی هەڵبژاردن لە پارێزگاکانی هەرێم‌و پارێزگاکانی کەرکوک‌و موسڵ، یان راستکردنەوەی ئەنجامەکان‌و گێڕانەوەی دەنگە راستەقینەکانی هاوڵاتیانی کوردستان. بەپێچەوانەوە هەمو بژاردەیەک لەبەردەم بزوتنەوەی گۆڕان کراوەیە، بە بڕیاری بایکۆتی سیاسیشەوە، بە راوێژ لەگەڵ یەکگرتوی ئیسلامی، کۆمەڵی ئیسلامی، هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی‌و دادپەروەری، بزوتنەوەی ئیسلامی‌و حیزبی شیوعی کوردستان. هەروەها داوا لە هەمو هێزو لایەنە کوردستانییە نیشتمانییەکان دەکەین بەرەیەکی فراوان دروست بکەن بۆ گۆڕانکاری ریشەیی لە هەرێمی کوردستان.

 

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕاندا، هاتووە: دوابەدوای هەوڵەکانی گۆڕان‌و هێزە کوردستانییەکانی تر بۆ ساخکردنەوەی دەنگەکانی هاوڵاتیان، چەندین هێزو لایەنی سیاسی عیراقی‌و نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لێکۆڵینەوەی بەپەلە دەکەن لە ساختەکارییەکانی پرۆسەی هەڵبژاردن، هەروەها دروستکردنی لیژنەی لێکۆڵینەوە لەلایەن حکومەتی عیراقەوە هەنگاوێکی ئەرێنی‌و دانپێدانانە بە ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکاندا.

 

ب.ل

ئەوەی زیاتر خوێندراوە


-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 RojNews. Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin